گۆڕانكاری لە هاوپەیمانێتییەكاندا كرد
ڕیفراندۆم پارتی و گۆڕان لە یەكتر نزیك دەكاتەوە

:: AM:08:43:17/10/2017 ‌

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و كاردانەوەكانی دوای ڕیفراندۆم، گۆڕانكاری لە هاوپەیمانێتی و لێك نزیكبوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا دروست دەكات و هاوكات كاردانەوەكانیش گۆڕان و پارتی زیاتر لێك نزیك دەكاتەوە.

دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ی مانگی ڕابردوودا و ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان بە 92%ی بەڵێ‌، كاردانەوەكانی سەر هەرێمی كوردستان دەستیان پێ‌ كرد. لە ناوخۆی كوردستانیش، ناكۆكی لەسەر بەشداریكردن و هاوكات كاردانەوەكان گۆڕانكاری لە هاوپەیمانێتی هێزە سیاسییەكان كرد و هەندێ‌ هێز كە پێشتر نزیك بوون لە یەكتر، دوور كەوتنەوە و هەندێ‌ لەو هێزانەی پێشتر دوور بوون، نزیك بوونەوە.
لێك نزیكبوونەوەی پارتی و گۆڕان دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم، یەكێكە لە گۆڕانكاری لە هاوپەیمانێتی هێزەكاندا، بەتایبەت ئەو دوو هێزە پێشتر لە یەكتر دوور بوون و دانیشتن و گفتوگۆیان لەگەڵ یەكتر كەم بووبووەوە.
عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشە"ی ڕوون كردەوە، لەگەڵ گۆڕان خاڵی هاوبەشیان هەیە و دەیانەوێ زیاتر لەوەی ئێستە هەیە لەگەڵ گۆڕان لێك نزیك ببنەوە.
ئەو گوتی، "بێگومان ڕیفراندۆم و كاردانەوەكانی سەر هەرێم، پێویستی بە هاوئاهەنگی و لێك نزیكبوونەوەی هەموو هێز و لایەنەكانی كوردستان هەیە و لەو ڕووەشەوە بەرەوپێشچوون هەیە."
لە پرسەی تاڵەبانیدا لە شاری سلێمانی، ڕۆژی یەكشەمی ڕابردوو، شاندێكی پارتی بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكایەتیی عومەری سەید عەلی و بە نێوانگیری سەرۆكایەتی سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو كۆ بوونەوە.
ئاسۆ مەحموود هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ "وشە"ی ئاشكرا كرد، گۆڕان هیچ كاتێك لەسەر ئەو پرەنسیپانەی ئاشكرایان دەكات گفتوگۆی ڕەت نەكردووەتەوە.
مەحموود گوتی، "بێگومان هەموو كات كورد یەكڕیزی دەوێت، بەڵام قسەكردن لەسەر هەڵە و بڕیارە سیاسییە هەڵەكان و بەشدار نەبوون لە بڕیاری هەڵەدا، بە مانای دەرچوون لە یەكڕیزی نییە، بەڵكو پەرۆشییە بۆ یەكڕیزی و هەنگاونان بە ئاراستەی دروست."
پێشی وابوو گۆڕان دوای سەردانەكەی شاندی پارتی گفتوگۆ دەكات و بۆ دانیشتنی داهاتوو وەڵامی پارتی دیموكراتی كوردستان دەداتەوە. 
لە لایەكی ترەوە پرسی ڕیفراندۆم بووە هۆكاری دووركەوتنەوەی حزبە ئیسلامییەكان لە یەكتر، لە كاتێكدا لە هاوپەیمانێتییەكی هاوبەش و دروستكردنی یەك لیست بۆ هەڵبژاردن نزیك بووبوونەوە.
مەروان گەڵاڵی ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی بە "وشە"ـی گوت، "پرسی ڕیفراندۆم بۆشایی و جیاوازی حزبە ئیسلامییەكانی زیاتر كرد كە دوو حزب لەناو پرۆسەكەدان و بەشدارن و كۆمەڵیش بەشداری نەكردووە."
باسی لەوەش كرد، ناكۆكییەكانی حزبە ئیسلامییەكان دوای پرسی ڕیفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان، تەواو گەورە بوون و ئەگەری كاری هاوبەش و هاوپەیمانێتی زۆر كەم بووەتەوە.
بەڵام بۆ یەكگرتووی ئیسلامی ئەو جۆرە تێڕوانینە باش نییە و داوا لە هێزە ئیسلامییەكان دەكات بگەڕێنەوە بۆ كاركردن لەسەر ئەو پاكێجە هاوبەشەی پێشتر كاریان لەسەر كردووە بۆ لێك نزیكبوونەوەیان.
لەوبارەیەوە حەسەن شێخ عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتوو بە "وشە"ـی گوت، "ئەو جۆرە تێڕوانینە گونجاو نییە كە هەر بڕیارێك بە جیا بدرێت، ببێتە هۆی درز لە نێوان لایەنە ئیسلامییەكان، وەك یەكگرتوو پێمان خۆشە بگەڕێینەوە بۆ ئەو پاكێجە هاوبەشەی پێشتر لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەكانی تر بۆ كاری پێكەوەیی واژوومان كردووە."

وشە/ سلێمانی- هەستی كەمال



وشە - باز ئه‌حمه‌د