مۆندیالی تازەپێگەیشتووان.. ئەمڕۆ عێراق یاریی هەیە

:: AM:11:45:17/10/2017 ‌

ئەمڕۆ سێشەم هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق لە قۆناغی 16ی مۆندیالی 2017ی خوار تەمەن 17 ساڵی بەرامبەر هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی مالی یاری دەكات.

یارییەكە سەعات 5:30ی سەر لە ئێوارە بەكاتی كوردستان لەنێو یاریگەی جواهر لال نەهرۆ لە وڵاتی هیندستان بەڕێوە دەچێت.

هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق لە دوا یاریی خۆیدا لە قۆناغی كۆمەڵەكان بە 4 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی ئینگلتەڕا دۆڕا بوو، بەڵام بە كۆكردنەوەی 4 خاڵ و بە دووەمی كۆمەڵەی شەشەم دوای هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا سەركەوت بۆ قۆناغی 16ی مۆندیالی 2017ی خوار تەمەن 17 ساڵ.

هەڵبژاردەی مالی بەهەمانشێوە بە كۆكردنەوەی 6 خاڵ و بە دووەمی كۆمەڵەی دووەم سەركەوتبوو بۆ قۆناغی 16ی پاڵەوانیەتییەكە.

هەڵبژاردەی مالی لە قۆناغی كۆمەڵەكاندا 2 یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەكانی توركیا بە 3 گۆڵی بێ وەڵام و نیوزلەندا بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ  سەركەوتنی بەدەستهێنابوو، یارییەكەی تریشی بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی پاراگوای دۆڕاندبوو.

هەڵبژاردەی عێراقی پاڵەوانی ئاسیا لە 3 یاریی قۆناغی كۆمەڵەكاندا یارییەكی بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی مەكسیك یەكسان كردبوو، یارییەكی تریشی بە 3 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی چیلی بردبووە و لە دوایین یاریشدا شەمووی رابردوو بە 4 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا دۆڕا بوو.

ئەمڕۆ جگە لە یارییەكەی عێراق و مالی، 3 یاری تریش لە قۆناغی 16ی مۆندیالی خوار تەمەن 17 ساڵ بەڕێوە دەچن، سەعات 2:30ی دوای نیوەڕۆ ئێران – مەكسیك  و فڕەنسا – ئیسپانیا، سەعات 5:30ی سەر لە ئێوارەش ئینگلتەڕا – ژاپۆن یاریی دەكەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م