ژنان له هه‌فته‌یه‌كدا ده‌توانن دنیا بگۆڕن <br />
به‌به‌شداری 100 كه‌سایه‌تى و سه‌ركرده‌كانى ژنان له دنیادا، پێنجه‌مین كۆنگره‌ى ژنان به‌ڕێوه ده‌چێت كه پرسی گه‌یشتن به پۆسته باڵاكان و نه‌هێشتنى نه‌خوێنده‌واران و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ده‌ستدرێژی و لاقه‌كردنى ژنان و پرسی جیاوازی ره‌گه‌زى له وه‌رزش، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆنگره‌كه‌ن و له شاره‌كانى سان فرانسیسكۆ، نیوده‌لهی، له‌نده‌ن و ری‌و دی جانیرۆ به‌ڕێوه ده‌چێت.
به‌گوێره‌ى راپۆرتێكى بی بی سی له‌سه‌ر تواناى ژنان له ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت كه تا ئێسته ناوى 60 ژنى سه‌ركرده‌ى له لیستێكدا تۆمار كردووه له كۆی 100 كه‌سایه‌تى، كه هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى پۆستى باڵا له‌سه‌ر ئاستى وڵاتان و نێوده‌وڵه‌تى ده‌ده‌ن.
بۆ پێنجه‌م ساڵ به دواى یه‌ك، دامه‌زراوه‌ى بی بی سی ساڵانه لیستێكى 100 كه‌سایه‌تى ژنان بڵاو ده‌كاته‌وه كه توانایان هه‌یه دنیا به‌ڕێوه ببه‌ن. ئامانجێكى تر‌ى بی بی سی وه‌ك له راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ى پێ داوه، هاندانى ژنانه بۆ گۆڕینى دنیا و رۆڵبینینیان له گۆڕانكارییه‌كان.
تا ئێسته لیسته‌كه‌ى بی بی سی، ناوى 60 ژنى سه‌ركرده و كه‌سایه‌تى تێدا تۆمار كراوه، له نێوانیاندا بیگی ویتسون كه‌شتیوانى ئاسمانى ناسراوى ناسا، ئیلین جۆنسون سیرلیف سه‌رۆكى لیبیریا و ستیف هاوتون یاریزانى هه‌ڵبژارده‌ى ژنانى ئینگلته‌را.
له لیسته‌كه‌ى بی بی سی ناوی چه‌ند ژنه سه‌ركرده و دیاری عه‌ره‌بیش هاتووه، له‌وانه شه‌یما‌و لاشینى رۆژنامه‌نووسی ناسراوی مه‌غریبی و نه‌وال ئه‌كره‌م هونه‌رمه‌ندی كۆمیدی و وه‌رزشوانى قه‌ته‌ڕی و زه‌ینه‌ب فازڵ عێراقی هه‌ن.
لیسته‌كه ناوى 40 كه‌سایه‌تى و سه‌ركرده‌ی دیاری ژنانى له‌سه‌ر ئاستى دنیا ماوه تا له كۆتای ئه‌م مانگه‌دا رابگه‌یه‌نرێت، به‌رنامه‌كه‌ش تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ى كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژنان هه‌یه له‌سه‌ر ئاستى دنیا و هانیان ده‌دات بۆ گۆڕانكاری له وڵاته‌كانى خۆیاندا.
ئه‌و چیرۆكانه‌ى كه هه‌میشه دووباره ده‌بنه‌وه و رووبه‌ڕووى ژنان ده‌كرێنه‌وه و پرسێكه له ئاستى دنیادا قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت، ده‌ستدرێژی و لاقه‌كردنى ژنانه، نه‌بوونى یه‌كسانى له نێوان ژنان و پیاواندا، ده‌رنه‌كه‌وتنى ژنان وه‌ك پێویست له ئاستى كۆمه‌ڵگه‌دا هاوشێوه‌ى پیاوان.
به‌رنامه‌ى ئه‌مساڵى بی بی سی گرتنه‌به‌ری رێیه‌كى نوێیه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌یه‌كى زۆری پرسی ژنان له ئاستى دنیا، به‌تایبه‌ت نایه‌كسانى نێوان ژنان و پیاوان.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له كۆنگره‌ی ئه‌مساڵدا 100 كه‌سایه‌تى و سه‌ركرده‌ی ژن له ئاستى دنیادا چوار پرس گه‌نگه‌شه و تاوتوێ بكه‌ن، ئه‌وانیش بڕینى سنووره‌كانى گه‌یشتن به پۆسته باڵاكان، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى نه‌خوێنده‌واری لاى دایكان، ده‌ستدرێژی و لاقه‌كردنی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و شوێنه گشتییه‌كان و جیاوازی ره‌گه‌زی دژی ژنان له وه‌رزشدا.
ئه‌و 100 كه‌سایه‌تییه‌ى ژنان به‌یه‌كه‌وه له چوار شاری جیاواز له ماوه‌ى چوار مانگدا هه‌وڵ و كۆشش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌نجامدانى داهێنانێك كه یارمه‌تی ژنان بدات بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان، به‌شێكی تر له‌وان له پێگه‌كانى خۆیان هه‌وڵ و كۆشش ده‌ده‌ن له ئاستى هه‌موو دنیادا بۆ گه‌یاندنى په‌یامى كۆنگره یه‌ك مانگییه‌كه كه له سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌وه ده‌ستى پێ كردووه و له رێى رادیۆ و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به گوێى هه‌موو دنیادا قسه ده‌كه‌ن و په‌یامه‌كانیان ده‌گه‌یه‌نن.
چوار ئاڵنگارییه‌كه
پێنجه‌مین كۆنگره‌ی ژنانى سه‌ركرده و ناسراوى نێوده‌وڵه‌تى كه به به‌شداری 100 ژن به‌ڕێوه ده‌چێت، چوار پرسی سه‌ره‌كى ته‌وه‌ری كۆبوونه‌وه‌كانیان ده‌بێت له ماوه‌ى یه‌ك مانگدا.
ته‌وه‌ری تێپه‌ڕاندنى سنوور و گه‌یشتن به پۆسته باڵاكان له‌سه‌ر ئاستى وڵاتان و دنیا، له هه‌فته‌ی یه‌كه‌مدا له شاری سان فرانسیسكۆ له ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه ده‌چێت. ته‌وه‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه و نه‌هێشتنى نه‌خوێنده‌واری لاى دایكان له هه‌فته‌ى دووه‌م له شاری نیوده‌لهی له هیندستان به‌ڕێوه ده‌چێت. ته‌وه‌ری هه‌فته‌ى سێیه‌م كه ده‌ستدرێژی و لاقه‌كردنی ژنانه له شاری له‌نده‌ن له به‌ریتانیا به‌ڕێوه ده‌چێت و ته‌وه‌ری چواره‌م و كۆتا كه وه‌رزش و جیاكاری له وه‌رزشی ژنان و پیاوانه له شاری ریۆ دی جانیرۆ له ئه‌رجه‌نتین به‌ڕێوه ده‌چێت.
جێى باسه ساڵى 2016، 450 ژن له ئاستى دنیادا له رێى ویكیپیدیا كاندید كران بۆ كۆنگره‌ی ساڵانه‌ى ژنانى سه‌ركرده و كه‌سایه‌تى. هه‌روه‌ها ساڵى 2015، 150 كه‌سایه‌تى و سه‌ركرده كاندید كراون.
فیونا كراك به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌كان له كۆنگره‌ى ئه‌مساڵ ده‌ڵێ، هاتنى 100 ژنى سه‌ركرده و كه‌سایه‌تى له ئاستى دنیادا له یه‌ك كاتدا دووچاری دڵه‌ڕاوكێ و دڵخۆشیت ده‌كات، ئه‌وه‌ى ئێسته رووبه‌ڕووى ده‌بینه‌وه، ئه‌وه‌یه ئایا ده‌توانین له ئاست ئه‌و په‌یام و ئه‌ركه‌دا بین؟ ئه‌مه له داهاتوودا ده‌رده‌كه‌وێت و وه‌ڵامه‌كه‌ى وه‌رده‌گرین كه چه‌نده سه‌ركه‌وتوو بووینه.