مۆرینۆ دەبێتە راهێنەری بایرن میونشن

:: PM:12:16:17/10/2017 ‌

جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی خستراوەتە نێو لیستی پاڵێوراوەكان بۆ راهێنەرایەتی یانەی بایرن میونشن لە وەرزی داهاتوودا.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: یانەی بایرن میونشن بەرژدی بیر لە گرێبەستكردن لەگەڵ مۆرینۆ دەكاتەوە بۆ راهێنەرایەتی یانەكەی لە وەرزی داهاتوودا.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسیش مۆرینۆی پاڵاوتووە بۆ راهێنەرایەتی تیپەكەی لە ئەگەری شكستخواردن لە بەدەستهێنانی جامی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە وەرزی ئەمساڵدا.

یانەی بایرن میونشن چەند رۆژێك پێش ئێستا بەفەرمی كارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەكەی دوور خستەوە بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەڵمانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، لەشوێنی ئەویش بەشێوەی كاتی و تا كۆتایی ئەم وەرزە یۆپ هاینكسی راهێنەری پێشووی یانەكەی دامەزراند.

مۆرینۆ پێرێ یەكشەم لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كردبوو كە تا كۆتایی ژیانی وەرزشی لە یانەی مانچستەر یونایتد نامێنێتەوە بەڵكو ئارەزوو دەكات لە خولە گەورەكانی تری ئەوروپا ركابەری بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م