لە تۆڵەی هاتنی پاسداران بۆ كەركووك
خەباتی چەكداریی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵات ڕادەگەیەنرێت

:: AM:11:45:18/10/2017 ‌
بەرپرسانی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە باشووری كوردستان، دووپات لەوە دەكەنەوە كە خەباتی ڕاسان لە ڕۆژهەڵات فرەوانتر دەكەن و دووپاتیش لەوە دەكەنەوە، ئەگەر برەودان و چالاكبوونی خەباتی چەكداری دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران زیان بە باشووری كوردستان و حكوومەتەكەی نەگەیەنێت، ئەوا ئەوان بە ڕژدی خەبات دەست پێ دەكەنەوە، چونكە چەندان ساڵ بوو بۆ ڕەچاوكردنی دۆخی هەرێمی كوردستان جۆرێك لە هەڵپەساردنی خەباتی چەكداریمان هەبوو، ئەگەر حكوومەتی كوردستان ئۆكەی بدا، ئەوا ڕاسان بە تەواوی دەست پێ دەكات.

خەبات ڕژدتر دەبێ
بەرپرسی پێوەندییەكانی حدكا لە هەولێر دەڵێ، لەمەودوا خەباتی چەكداری ڕژدتر دەبێ و چی لە توانا و ئیمكانییەتمان هەبێ درێغی لێ ناكەین. حەمەساڵح قادری بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەردەوامین لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان دژی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی، ئێستەیش پیلانی تیرۆریزمی كۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە گەلی باشووری كوردستان جێی نیگەرانی ئێمەیە و دژایەتی تەواوی دەكەین،  بەدڵنیایییەوە ڕۆژهەڵاتی كوردستان هاوسۆزی تەواوی لەگەڵ خەباتی باشووری كوردستان و حكوومەتی كوردستان هەبووە، بەو هۆیەوە خەبات و ڕاسانی ئێمە لەو قۆناغە ڕژدتر دەكرێ و خەباتی شاخ و شار بە چڕی بەردەوامی دەبێ، هەرچی لە توانا و ئیمكانییەتی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش هەبێ درێغی ناكات.
هەروەها گوتی، ئێمە دەستمان بە هەوڵی ڕێكخستن و جووڵاندنی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەستنەوەیەكی بەتینی خەباتی شاخ و شار كردووە، ئەوەی لە ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان ڕووی دا و خەڵكی ڕۆژهەڵات هەموو هاتنە سەر شەقام و پشتیوانی باشووریان كرد، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە خەباتی ڕۆژهەڵات توانایەكی بەهێزی هەیە و ئیرادەی تەواوی هەیە پاشەكشێ بە دیكتاتۆرییەتی كۆماری ئیسلامی بكەن، بۆ برەودانی زیاتریش كاری زۆرتر و هاوئاهەنگی زیاتری نێوان حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانمان پێویستە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییەكانی دەست "وشە"یش كەوتوون، خەڵك و پێشمەرگەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان چاوەڕوانی فەرمانی بارزانین تا وەك وەڵامێك بۆ پەلاماری پاسداران بۆ سەر كەركووك، گورزی گورچكبڕ لە ئێران بوەشێنن و ڕۆژهەڵات بكەن بە ئاگر بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران.

ڕەزامەندی باشووری كوردستانمان دەوێ
حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەیان ساڵە دوای دروستبوونی قەوارەی خۆبەڕێوەبەری كوردستان و دواتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ڕەچاوكردنی دۆخی باشوور و حكوومەت و ئەزموونەكەی، خەباتی چەكدارییان كپ كردووە و زیاتر گرنگییان بە خەباتی فەرهەنگی و سیاسی داوە، بەڵام بۆ ئێستە كە پاسداران لەگەل میلیشیاكانی شیعە بە پشتیوانی حزبێكی ناوخۆ هاتنە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان، بە شەڕی ئێران دژی كوردستان هەژمار دەكرێ، بۆیە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان چاوەڕوانی باشووری كوردستانن تا واز لەو ڕەچاوكردنی دۆخە هەستیارە بێنن كە بەهۆی پاراستنی ئەزموونی كوردستان حزبەكان چەندان ساڵە پێڕەویان كردووە و دەست بە خەباتی چەكداری فرەوان بكەنەوە.
عومەر باڵەكی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستان لەوبارەوە بۆ "وشە" گوتی، جارێ پەلە ناكەین و لە ڕۆژانی داهاتوو بەیاننامە و هەڵوێستمان دەبێ.
هاوكات ئیبراهیم زێوەیی نوێنەری حزبی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێمە بۆ ڕەچاوكردنی دۆخی باشووری كوردستان دوای دروستبوونی ئەو دۆخەی لە باشوور هەیه، چەندان ساڵە خەباتی چەكداریی خۆمان زۆر برەو پێ نەداوە و ڕەچاوی دۆخەكەمان كردووە و لە ڕووی خەباتی مەدەنی و سیاسی و فەرهەنگی گرنگیمان بە ڕۆژهەڵات داوە، ئەو دۆخەی ئێستە هاتووەتە ئاراوە، هانمان دەدا لەگەڵ حزبەكانی ڕۆژهەڵات زیاتر لە یەكتر نزیك ببینەوە، بۆ ئەوەی ڕێك بكەوین تا چی بكەین لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئەگەر حكوومەتی كوردستان پێیان وابێ چالاككردنەوەی خەباتی چەكداری ئێمە دژ بە ڕژێمی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵات بە زیانی باشووری كوردستان تەواو نابێ، بە دڵنیایییەوە ئێمە دەتوانین زیاتر خەباتی خۆمان لە ڕووی پێشمەرگایەتییەوە بەرەو پێشتر ببەین.
هەروەها گوتی، ئێمە و هەموو حزبەكانی تری ڕۆژهەڵاتیش بۆ ڕەچاوكردنی دۆخی باشووری كوردستان خەباتی چەكداریمان برەو پێ نەداوە و هەڵمانپەساردووە، ئەگەر حكوومەتی هەرێم ڕەزامەندی و ئۆكەی بدەن، ئەوا پێمان وایە دەتوانین ئەو بەشەی خەباتی ڕۆژهەڵات چالاك بكەینەوە، چونكە لە 10 ساڵی ڕابردوویش خەباتی چەكداری بوونی هەبوو و پێشمەرگەكانمان لە ڕۆژهەڵات هەن و شەهیدیشمان داوە لە ڕووبەڕووبوونەوەكان.
لەبارەی دۆخی عێراقەوەیش زێوەیی گوتی، ئەوە ڕوونە كۆماری ئیسلامی كاریگەری تەواوی لەسەر باری ئابووری و سیاسی و سەربازیی عێراق هەیە، شیعەكانی عێراق ساڵەهای ساڵە لە بواری جۆراوجۆرەوە لە ڕووی ئایدلۆجییەوە بە تەواوی لە ژێر كاریگەری ئێراندا بوون، بۆیە ئەمە دەستوەردانی ئێرانە لە وڵاتێكی تردا، بۆیە نیگەرانین لەو دەستوەردانە، چونكە ئێمە بە هیچ شێوەیەك نامانەوێ دژایەتی حكوومەتی هەرێم و باشووری كوردستان زیانی پێ بگەیەنرێ، هەر كەسێك زیان بە حكوومەتی باشووری كوردستان و خەباتی پارچەكانی تر بدات، ئەوا ئێمە لەگەڵیدا نین.


وشە - باز ئه‌حمه‌د