دوای ئەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە ناپاكیی گرووپێكی ناو لایەنێكی كوردی هاتنە كەركووك، ئێستە لەو گرووپەیش هەڵگەڕاونەتەوە كە ڕێككەوتنیان لەگەڵیان هەیە و دەست بە سووتاندنی بارەگاكانی ئاسایشی یەكێتی كراوە و ئاسایش و هێزی كەسە ناپاكەكانیش بەرەو سلێمانی ڕادەكەن.
سەرچاوەیەكی تایبەت لە كەركووك بۆ "وشە" گوتی، كەمێك پێش ئێستە میلیشیاكان بنكەی ئاسایشی یەكێتییان لە گەڕەكی واستی شاری كەركووك سووتاند و بەڕێوەبەری بنكەیش كە ناوی "عەمید فەرەیدوون"ە تا ئێستە هیچ سۆراخی نییە و باس لەوە دەكرێ كە لەلایەن میلیشیاكانەوە كوژراوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی دا، ئێستە تەواوی بارەگاكانی ئاسایشی یەكێتی لە كەركووك دەستی بەسەردا گیراوە و ئاسایش و هێزی گرووپە ناپاكەكەیش لە ترسی میلیشیاكان بەرەو سلێمانی ڕادەكەن و خۆیان ڕزگار دەكەن.
هێرشكردنە سەر گرووپە ناپاكەكە، لە كاتێكدایە ئەوان بەر لە شەوی هێرشكردنە سەر كەركووك، ڕێككەوتنیان لەگەڵ هادی عامری سەرپەرشتیاری گشتیی میلیشیاكان واژوو كردووە، بۆ ئەوەی لە كەركووك بمێننەوە و هیچ كێشەیەك ڕوو نەدات، بەڵام میلیشیاكان ئێستە بەهۆی ناپاكی ئەوان بە ئاسایی هاتوونەتە ناو كەركووك و باوەڕیان بە ڕێككەوتنەكە نەماوە و مۆڵەتی تا ئێوارەیان بە ئاسایشی یەكێتی داوە تا شارەكە چۆڵ بكەن، بە پێچەوانەوە بە توندی هێرشیان دەكەنە سەر.
كەركووك/ دلۆڤان مەجید كاكەیی.