دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە برد، هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق رووبەڕووی یەكتر بوونەوە. رۆژی دووشەم ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە فەرمی رای گەیاند كە هێزەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی كە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەكرێت، هاتوونەتە كەركووك.
حەمدی مەلیك لێكۆڵەری پرسی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە بەریتانیا لەبارەی رۆڵی ئێران لە هێرشكردنە سەر كەركووك بۆ "
رادیۆ فەردا" دەڵێ، "پێ دەچێت رۆڵی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لەو رووداوە زۆر گرنگ بێت، چونكە ئاشكرایە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركووك و دەوروبەری ئەم شارە دەستێكی باڵای هەبووە و هەندێك لە باڵەكانی نێو یەكێتی لە ئێرانەوە زۆر نزیك بوون و بە گشتی راپۆرتەكان و دەرەنجامەكانی ئەو رووداوە دەری دەخات كە ئەو لایەنانە بەتەواوی لەگەڵ ئێران لە هاوئاهەنگیدا بوون و ئێران رۆڵی سەرەكی لەو هێرشەدا بینیوە."
لە لایەكی ترەوە پەرویز رەحیم مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین دەڵێت ئێران هەر لە سەرەتاوە بۆ تێكدانی ریفراندۆم هەوڵێكی زۆری دا. جگەلەمە ریفراندۆم رێیەكی یاسایی و دیموكراتیك و باشترین رێ بوو بۆ دانوستان و هەر حزبێكیش واز لە ئەنجامەكانی ریفراندۆم بهێنێت ئەوا بە واتای خۆكوشتن هەژمار دەكرێت.
پێویستە بگوترێت لە ٢٥ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە هەریمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە چوو كە نزیكەی ٩٣%ی بەشداربووان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا و ریفراندۆمەكە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێنا. هەر دوای ریفراندۆمەكە حكوومەتی عێراق ئەنجامەكەی رەت كردەوە و بە نایاسایی هەژماری كرد.
سەركردایەتی سیاسیی كورد داوای لە بەغدا كرد بە گفتوگۆ و دانوستان كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام بەغدا بەمە رازی نەبوو و لە ١٦ی تشرینی یەكەم دەستی بە لەشكركێشی بۆ سەر هەرێمی كوردستان كرد.
حەمدی مەلیك شرۆڤەكاری پرسی رۆژهەڵاتی نێوەراست لە بەریتانیا دەڵێت، قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی گوشارێكی زۆری خستە سەر بەشێك لە رێبەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لەگەڵ رەوتێكی نێو یەكێتیی نیشتمانی كاری كرد بۆ ئەوەی ریفراندۆم لەبار بەرێت و دوای ریفراندۆمیش دیسان هاوئاهەنگی لەگەڵ كرد و ئەنجامەكەی ئەوەیە كە عێراقی ئێستە بە تەواوی لە دەستی سوپای قودسی پاسدارانی ئێراندایە.
ئەو باس لە داواكارییەكانی عێراق دەكات و دەڵێت، گەورەترین ئامانجی عێراق ئەوە بووە رێگری لەوە بكات پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی بە سەرچاوەكانی دارایی رابگات و بەم شێوەیە رێگری لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی بگرن، چونكە دەزانن دەوڵەت بە واتای ئابووری سەربەخۆ دێت و ئەگەر ئابووریش نەبێت ئەوا دەوڵەتیش دروست نابێت.
بە درێژایی مێژوو كەركووك كوردستانی بووە و كوردیش هەمیشە چاوی لەو شارە بووە. جگەلەمە كەركووك دەوڵەمەندە بە نەوت و سەرچاوەی سروشتی و ئێرانیش باش دەزانێت ئەگەر كورد بەسەر ئەم شارەدا زاڵ بێت، ئەوا لە دەوڵەتی كوردی نزیكتر دەكەوێتەوە.
پەرویز رەحیم باس لە ناكۆكییەكان و شەڕ لە كەركووك دەكات و دەڵێت، ئەگەر درێژە بكێشێت، ئەوا ئاگری ئەو شەڕە هەموو ناوچەكە دەگرێتەوە. بە گوتەی ئەو مامۆستایەی زانكۆ "ئەگەر دەرگەكانی گفتوگۆ دابخرێن، ئەوا كوردیش بێكار دانانیشێت و سەیری دۆخەكە بكات، دۆخی عێراق لەوە ئاڵۆزترە چاوەڕوان دەكرا، چونكە كێشەكە تەنیا لە نێوان كورد و حكوومەتی ناوەندیدا نییە، بەڵكو كێشەیەكی قووڵ لە نێوان عەرەبی سوننە و شیعەشدا هەیە و هاوكات كۆمەڵێك هاوكێشەی جیۆپۆلیتیك و جیوستراتیجی ناوخۆیی و دەرەكی هەیە و هەموو ئەو هاوكێشانەش بە یەكەوە گرێ دراون و لەوانەیە هاوسەنگی هێزەكان تێك بدات."
ئەمەریكا داوای لە سەرجەم لایەنەكان كردووە هێز و توانای خۆیان بۆ لەناوبردنی داعش بەكار بهێنن و لە هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەك و ئاڵۆزییەك خۆیان بەدوور بگرن، چونكە چ هێزەكانی عێراق و چ پێشمەرگە لە لایەن ئەمەریكاوە یارمەتی دراون و چەكیشیان پێ دراوە.
ئێستە كورد لە بەردەم مەترسییەكی گەورەدایە و هەریەك لە وڵاتانی دراوسێ لە هەوڵدان سەرجەم دەستكەوتەكانی كورد لەبار بەرن و كورد بۆ دۆخی دەیان ساڵ لەمەوبەر بگەڕێننەوە.
سەركردایەتی سیاسی كورد رێزیان لە داواكاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە و هەوڵیان داوە تا بۆیان دەكرێت دان بە خۆیاندا بگرن رێگری لە شەڕ بگرن، بەڵام پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بە پێشێلكارییەكانی حكوومەتی عێراق و دەستێوەردانی ئێران لە كاروباری كوردستان و لەشكركێشی سوپای پاسداران چیتر بێدەنگ نەبێت و هەڵوێستێكی بۆ ئەم دۆخە هەبێت.