لە سلێمانی هێزە تەناهییەكان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

:: PM:07:20:18/10/2017 ‌
لیژنەی تەناهی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، سەرجەم هێزە تەناهییەكانیان لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان و داوای هاوكاریش لە هاووڵاتییانی شارەكە دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ی تشرینی یەكەم، لیژنەی تەناهی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، بەڕەچاوكردنی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە و لە پێناو پاراستنی زیاتری ئارامی و ئاسایشی پارێزگاكە، لیژنەی تەناهی پارێزگای سلێمانی داوا لە سەرجەم حزب و لایەن و كۆمەڵە و رێكخراوەكان دەكات، لەم كاتەدا پەنا نەبەنە بەر ئەنجامدانی هیچ كۆبوونەوە و گردبوونەوەیەكی جەماوەری لەژێر هەر داوا و پاساوێكدا بێت.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا زیاتر هاتووە، بۆ ئەوەی هێزە تەناهییەكان و دەزگا حكوومییەكان سەرقاڵ نەبن، مۆڵەت نادرێت بە هیچ گردبوونەوە و چالاكی و خۆپێشاندانێك.

لە كۆتادا دەڵێن، هەموو لایەك دڵنیا دەكەنەوە، كە سەرجەم هێزە تەناهییەكان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی ئاسایشی پارێزگاكە و دڵنیاشن كە هاووڵاتییان و لایەنەكان لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا دەبن و چاوەروانی هاوكاری هەموو لایەكن.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم