پارەی هاندانی مامۆستایانی كەلار دابەش دەكرێت

:: PM:10:15:18/10/2017 ‌
 
ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵی پار، پارەی هاندانی مامۆستایان دابەش دەكرێت و بڕی پارەی مامۆستایانی ناو شار و دەرەوەی شار جیاوازی هەیە، سبەینێش لە شارۆكەی كەلار ئەو پارە دابەش دەكرێت.
 
عەدالەت لەتیف، بەڕێوەبەری پەروەردەی كەلار بە "وشە"ی راگەیاند، وەك بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی كەلار، تەواوی ئامادەكارییەكانمان بۆ دابەشكردنی پارەی هاندانی مامۆستایان بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ تەواو كردووە و چەكیش كراوە.
 
زیاتر گوتی، سبەی پێنجشەم 19ی تشرینی یەكەمی 2017 پارەكە لە رێگەی لیژنەكانی وەرگرتنی مووچەوە بەسەر مامۆستایاندا دابەش دەكرێت. راشی گەیاند كە بڕی پارەكە بۆ مامۆستایانی ناوشار 100 هەزارە و بۆ دەرەوەی شاریش 150 هەزار دینارە.
 
پارەی هاندانی مامۆستایان ماوەی دوو ساڵە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابەش دەكرێت، ئەوەش هاوكارییەكە بۆ مامۆستایان و كەرتی پەروەردە.
 
شایەنی باسە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان نۆ هەزار مامۆستا لە پارەی هاندان سوودمەند دەبن.
 
گەرمیان/ سەبری هۆرینی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل