جوبران و هونەر و نووسین

:: PM:10:42:18/10/2017 ‌

بەشی سێیەم

دوو عاشق کە هەرگیز بە یەک نەگەیشتن، ژوانی ئەم دوو عاشقە تەنیا لە جیهانی فیکر و ڕووح و خەیاڵی تەمومژاویدا بوو. ئەوان دوو کەسی ئاسایی نەبوون. دوو کەسی بەناوبانگ و ناسراوی دنیای ئەدەب بوون، خۆشەویستییەکەیان ۲۰ ساڵی ڕێکی خایاند، لە ڕێی نامە گۆڕینەوەوە، ئەو نامانەی وەک شاکارێکی ئەدەبی جوان بە ناوی (نامەکانی خۆشەویستی) بڵاوکرانەوە و تا ئەبەد ئەم خۆشەویستییە بە زیندوویی هێشتەوە.

ڕەنگە تاکە بەرهەمی ئەو خۆشەویستییەیان نامەکانیان بێت، کە بڵاوکرایەوە، لە ناویشیاندا نامەکانی جوبران، کە بۆ "مەی" ناردووە، کراون بە کتێب بە ناوی "بڵیسەی شین". مەی لە ژیاندا هاوسەرگیری ناکات، هێندێک پێیان وا بووە، لە چاوەڕوانی جوبراندا بووە، هێندێکی تریش دەڵێت: ڕۆشنبیرییەکەی و کرانەوەکەی بەلایەنی کەمەوە وای لە مەی کردبوو، 100 ساڵ پێش سەردەمەکەی خۆی بکەوێت، بۆیە ئەم هیچ پیاوێک بە شایستەی خۆی نابینێ و چاوەڕوانی پیاوێکی نموونەیی کردووە، لە هەمان کاتدا هیچ پیاوێکیش لە سەردەمێکی وا دواکەوتوودا عەقڵیەتی توانای قبووڵکردنی ژنێکی سەربەست و ئازادی نەکردبێت.

وێڕای دووری هەزاران کیلۆمەتری نێوانیان هێندە لە یەک نزیک بوون، کە هەریەکەیان لە دڵ و فکر و ڕووحی ئەوی تردا دەژیا. دەکرێ بڵێین عەشقێکی سۆفیانە بوو، چونکە پێوەست نەبوو بە کات و شوێنەوە. مەی زیادە شاعیر و ڕۆماننووس و نووسەری بەناوبانگ، کە لە قاهیرەی میسڕ دەژیا. مەی، زۆر دڵشکاو و تەنیا ژیا، هەر ئاواش کۆچی کرد. تەنانەت دوای مردنیشی زۆر بە بێکەسی بە ڕێ کرا، چونکە ئەو لە سەردەمێکدا ژیا، کە دەرکەوتن و نووسین بۆ ژنان نامۆبوو، بە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی. مەی، هێندە شەرمن بوو دوای ۱۲ساڵ لەم پێوەندی و نامە گۆڕینەوەیە لە بەناوبانگترین نامەیدا خۆشەویستییەکەی بۆ "جبران" ئاشکرا کرد. ئەوەندە بە هەستەوە نووسراوە، کە بۆ هەموو سەردەمێک هەمان بەها و جوانی هەیە، بە هەمان شێوە (جبران) وەڵامی ئەم نامەیە دەداتەوە.

٢٠ ساڵ ئەم پێوەندیە بە نهێنی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی جبران بە نەخۆشی کۆچی دوایی دەکات، لێرەوە ڕۆژە ناخۆشەکانی مەی زیادە دەست پێ دەکات، تووشی خەمۆکی و گۆشەگیری دەبێت و هەمیشە بەدیار وێنە و نامەکانی جبران خەم دەخوات. دوای تێپەڕبوونی یەک مانگ بەسەر کۆچی جبراندا، مەی ئەم نهێنییە بۆ خوێنەرەکانی ئاشکرا دەکات و نامەکان بڵاو دەکاتەوە. بە خوێندنەوەی نامەکان دەردەکەوێ مەی چ ئیلهام بەخش و خەم خۆرێکی جبران بووە، ئەم داستانی عیشقە چەندان هەوراز و نشێوی تێدا بووە، هەندێ جار هاوڕا و هەندێ جاریش لە بیرکردنەوەدا دژ بوون.

بێکەسی و تەنیایی چەند پێویستە بۆ داهێنان، هێندەش ترسناکە بۆ لە دەستدانی مرۆڤ و عەقڵی مرۆڤ، بە لەدەستدانی خۆشەویستانی مەی دەکەوێتە بێکەسی و تەنیاییەکی قووڵەوە، سەرەنجام تووشی نەخۆشیی دەروونیی دەبێت بەهۆی ئەو هەموو کارەساتانەی لە ژیانیدا ڕوو دەدەن لەوانە: لە ساڵی 1929 باوکی و لە 1931 جوبرانی خۆشەویستی و لە 1932 دایکی و یەک بەدوای یەکدا کۆچی دوایی دەکەن، ئەمانە وا لە مەی دەکەن، هاوسەنگیی وەک مرۆڤ تێک بچێت و تووشی نەخۆشیی عەقڵی ببێت، بۆیە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی دەکرێت.

بەڵام بەشێک لە ڕۆژنامەنووس و نووسەرەکان، خراپ پەلاماری مەی دەدەن و بەشێت و جادوباز و خراپ و بێئابڕوو و بێکەڵک لە قەڵەمی دەدەن. مەی شێت نەبوو، تەنیا حاڵەتی بێزاری و بێتاقەتیی و بێکەسییەکەی لە قاهیرە وای لێ کرد، وەک شێت دەر بکەوێت، بۆیە بیر لەوە دەکاتەوە بۆ ماوەیەک لە دنیای عەرەبی دوور بکەوێتەوە، ڕوو دەکاتە بەریتانیا لە ساڵی 1932 تا لەو ڕێگەیەشەوە بتوانێت بەشێک لە ئازارەکانی لە بیر بکات.

چونکە مرۆڤ هەرکات کەوتە ناو گێژاوی ئازارە دەروونییەکانەوە، باشترین چارەسەر جێهێشتنی شوێنەکەیەتی و ڕووکردنە دنیایەکی جوانترە، چونکە بە تەماشاکردنی ئەو دنیا جوانە، خۆشی و ئارامی بۆ دەروونی دەگەرێتەوە. بەڵام مەی وەک پاسارییەکی تاراو لە هێلانەکەی لە ئاسماندا هەر دەخولێتەوە و جێگەیەک نابینێ ئارامیی پێ ببەخشێ، دوای ئەوەی سەفەری لبنان دەکاتەوە لە لایەن یەکێک لە کوڕە مامەکانییەوە لە لبنان، بە دەرفەتێکی باشی دەزانێت و دەست بە سەر موڵک و ماڵەکەیدا دەگرێت و مەی زیادەش بە هۆی چەند ڕاپۆرتێکی پزیشکیی ساختەوە ڕەوانەی شێتخانە دەکات .

دوای ئەوەی زیادە دوو ساڵ لە شێتخانەدا بە سەر دەبات، ڕقی لەو زیندانە دەبێتەوە، بۆیە چەندان جار خۆی داوای چونە دەرەوە دەکات و ڕێگەی پێ نادەن، تا دەست دەکات بە مانگرتن لە خواردن لە دەرەوەش کۆمەڵێک لە ئەدیب و نووسەران بە سەرکردایەتی بیرمەند و ئەدیبی گەورەی عەرەب، ئەمین ڕەیحانی، مەی لە شێتخانە ڕزگار دەکەن، ڕەیحانی چاودێریی و ڕێنمایی مەی دەکات تا ئەو کاتەی هاوسەنگیی دەروونی بۆ دەگەڕێتەوە.

پاشان سەفەری ئیتاڵیا و ڕۆما دەکات و بۆ قاهیرە و بۆ لای نەخۆشییەکەی دەگەڕێتەوە .لە تەمەنی 55 ساڵیدا، لە 19- 1- 1941 مەی زیادە لە میسڕ کۆچی دوایی دەکات، وەک ئاشکرایە تەنیا جارێکیش لەگەڵ جوبران خەلیل جوبراندا، یەکتریان نەدیت، بە یەک شاد نەبوون، هیچ کامیان هاوسەرگیریان نەکرد.

سەرچاوە/ المعرفە - ELLE - المصری یوم


وشە - ژیڤان خۆرانی