چۆن چەوری ورگت بە یەكجاری لا دەبەیت؟

:: PM:10:46:18/10/2017 ‌
قەڵەوی دۆخێكی ناتەندروستییە و تێیدا چەورییەكی زۆر لە لەشی مرۆڤدا كۆ دەبێتەوە، ئەمە بۆخۆی دەتوانێت ببێتە هۆكاری نەخۆشی شەكرە و جەڵدەی دڵ و لاوازبوونی توانای سێكسی، بەتایبەت لە ناوچەی ورگ كە یەكەم هەنگاوی قەڵەوی دەست پێدەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 18 ی تشیرینی یەكەم، ڕاهێنەری نێودەوڵەتی "گەیلانی ئیسماعیل"  بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "كۆبونەوەی چەوری ورگ باوترین كێشەیە لە جیهاندا، كە هۆكارێكیشە بۆ دروستبوونی زۆر نەخۆشی دەگەڕێتەوە، چەند خۆراكێك هەیە كە چارەسەر دەبێت بۆ كەمكردنەوەی چەوری زیادەی ورگ".

زیاتر گوتی: "چـــەوریــیــەكــان، گەردی ئەندامی نا جەمسەرگری گەورەن لە ئاودا ناتوێنەوە، لە گەردەكانی چەوریدا ڕێژەی گەردیلەكانی كاربۆن و هایدرۆجین زۆرترە لە ڕێژەی گەردیلەكانی ئۆكسجین، ئەگەر بەراورد بكرێن لەگەڵ ئەوانەی لە كاربۆهیدراتەكاندا هەن، گەردەكانی چەوری بەوە جیا دەكرێنەوە كە ژمارەیەكی زۆر لە بەندەكانی كاربۆن- هایدرۆجینی تێدایە وزەیەكی زۆرتر كۆ دەكەنەوە كە لە وزەی كۆكراوەی بەندەكانی كاربۆن- ئۆكسجین كە لە ناو ئاوێتە ئەندامییەكانی تردا بڵاون".

زیاتر گوتی، ئەمانەی خوارەوە باوترین ئەو خۆراكانەن كە تووشی قەڵەویت ناكەن و پارێزگاری لە كۆبوونەوەی چەوری دەكات لە ناوچەی كەمەر و ورگ و دەیتوێنێتەوە:

1- شۆفان، یەكێكە لە بەرووبومەكانی دانەوێڵە بڕێكی زۆر ڕیشاڵ لە پێكهاتەیدا هەیە و ڕێگری دەكات لە كۆبوونەوەی چەوری زیادە لە ورگدا و هەستكردن بە تێربوون زیاد دەكات.

2- بەرهەمەكانی شیر، كە چەوری پێكهاتەیدا نەبێت: هۆكار دەبن بۆ تواندنەوەی چەوری زیادەی ورگ بۆ ئەوەش باشتر وایە لە ژەمە خۆراكەكانی ڕۆژانەدا بەرهەمەكانی شیر بخۆن.

3- بەردەوام قسە دەكرێت لەسەر ئەوەی هێلكە هۆكار دەبێت بۆ زیادكردنی ڕێژەی كۆلیسترۆلی خوێن یان كەمكردنەوەی، بەڵام لەڕاستیدا هێلكە هۆكار دەبێت بۆ كەمبونەوەی چەوری ورگ و بڕێكی زۆر ئاسن و ڤیتامینەكان بەجەستە دەبەخشێت.



وشە - محەمەد میران