بەڤیدیۆ.. بزانە لەیلا فەریقی بۆچی دەگری؟

:: PM:11:16:18/10/2017 ‌

 

هونەرمەندی دەنگ خۆشی کورد" لەیلا فەریقی" لە هەژماری تایبەتی خۆی ڤیدیۆیەکی بە چاوی پڕ گریانەوە بڵاوکردەوە، بۆ دۆخی ئێستەی کەرکووک خەمباری خۆی دەردەبڕێت.

خانمە هونەرمەند لەیلا فەریقی ڤیدیۆیەكی لە هەژمارە تایبەتی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردووەتەوە و دڵپڕی و بێزاری خۆی بۆ ئەو دۆخەی دوێنێ بەسەر شاری كەركوودا هات، دەردەبڕێت.

لەیلا فەریقی، لەگەڵ گوێگرتن لە یەكێك لە گۆرانییەكانی خۆی، كە بۆ كوردستان گوتوویەتی، دەستی بە گریان كرد و فرمێسكەكانی دەسڕێت و هەوادارانیشی پاڵپشتیان کردووە و هاوخەمی خۆیان دەربڕیوە.

لەیلا، لە شاری مەریوان لەدایک بووە وخاوەنی چەند ڤیدیۆ و کلیپێکە، خوشکی مەرزیە فەریقیییە، دوای دابڕانێکی زۆر لە کاری هونەری کلیپێکی نوێی بڵاوکردەوە بە ناوی "منیش لێرەم". کاتێک منداڵ بووە باوکی بەھۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە مردووە و دایکیشی لە بۆردمانێک لە شەڕی ئێران و عێراقدا کوژراوە. دوای ئەوان، برا گەورەکەی ئاگادارییان دەبێت و دەچن بۆ شاری سنە. لە سنە دەچێ بۆ خوێندنگەی سەرەتایی. لە ساڵی ١٩٩١دا دەینێرن بۆ وڵاتی سوید. سەرەتا ھوونەرمەند لەیلا فەریقی بە گوتنەوەی گۆرانییەکانی تایەر تۆفیق دەستی پێ کرد، لە سوید یەکەم ئەلبوومی خۆی لە ساڵی ١٩٩٧ بەرھەم دێنێت بە ناوی ئەستێرە. ئێستاش لەوێ دەژی.

 پاشان لە ساڵی ٢٠٠٠ بە ھاوکاری کۆمپانیای Sky Vision Production  لە سوید ئەلبوومی "سیاچەمانە" بەرھەم دێنێت و پاشان لە ساڵی ٢٠٠٢ بەھاوکاری ھەمان کۆمپانیا ئەلبوومی ئەوین و ئازار بڵاو دەکاتەوە پاشان لە ساڵی ٢٠٠٧ دوای کۆچی دوایی مەرزیە فەریقی خوشکی، لەیلا فەریقی ئەلبوومی گوێم لێگرن بڵاو دەکاتەوە، کە ئەو ئەلبوومە بوو بە پڕفرۆشترین ئەلبوومی ساڵ لەم ئەلبوومەدا گۆرانیەکی لەگەڵ ھونەرمەندی بەناوبانگی میسری عەلی حەجاز گوتووە بە زمانی کوردی و عەرەبی. ئەم گۆرانییە بووە ھۆی ئەوەی، کە لەیلا فەریقی لە ناو نیشتیمانی عەرەبی ناوبانگێکی زۆر بۆخۆی پەیدا بکات ھەروەھا لەیلا فەریقی لە ناو فارسدا ناوبانگی ھەیە و کلیپ و ھەواڵەکانی لەیلا فەریقی لە کەناڵە فارسییەکاندا بڵاو دەکرێتەوە.

 



وشە - ژیڤان خۆرانی