هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی سنووره‌كان ئه‌و ترسه‌ی لای هاووڵاتییان دروست كردووه كه وه‌رزی سه‌رمای ئه‌مساڵ به پاره‌ش نه‌وت ده‌ست نه‌كه‌وێت، به‌ڵام بازرگانان دڵنیایی ده‌ده‌ن به خه‌ڵكی كوردستان كه شتێك به ناوی ته‌نگژه‌ی نه‌وتی ماڵان روو نادات، چونكه بڕێكی زۆر زیاتر له پێداویستی ناوخۆ نه‌وت له كۆگه‌كان هه‌ڵگیراوه و به‌شی سێ ساڵی داهاتووش ده‌كات. دابینكردنی به‌رمێلێك نه‌وت بۆ هاووڵاتییانیش هێشتا له چوارچێوه‌ی هه‌وڵی پارێزگا و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان تێنه‌په‌ڕیوه و پێویسته ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئابووری بڕیاری له‌سه‌ر بدات.
وه‌رزی گه‌رما له كوردستان كۆتای پێ هاتووه و پله‌كانی گه‌رمیش روویان له دابه‌زینه، ئێسته كه‌شوهه‌وای كوردستان زۆر خۆشه و پێویستی به هیچ ئامێرێكی ساردكه‌ره‌وه و گه‌رمكه‌ره‌وه نییه. به‌ڵام تا پله‌كانی گه‌رمی زیاتر داده‌به‌زێت، نیگه‌رانی خه‌ڵكیش له‌وه زیاتر ده‌بێت له وه‌رزی سه‌رمای ئه‌مساڵ، ماڵه‌كانیان به چی گه‌رم بكه‌نه‌وه.
له كوردستان كاره‌با هی ئه‌وه نییه بۆ گه‌مكردنه‌وه‌ی ماڵه‌كان پشتی پێ ببه‌سترێت، بۆیه دواجار خه‌ڵك هه‌ر ده‌بێت پشت به نه‌وتی ماڵان ببه‌ستێت.
به‌ر له ته‌نگژه‌ی دارایی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رێی بریكاره‌كانی خۆراك ساڵانه له ناو شار دوو به‌رمیل و له ده‌ره‌وه‌ی شار سێ به‌رمیلی دابه‌ش ده‌كرد، به‌ڵام كاتێك حكوومه‌تی به‌غدا یارمه‌تی و پاڵپشتییه‌كانی بڕی، ره‌وتی ئه‌م دابه‌شكردنه‌ش تێك چوو و ساڵی رابردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان توانی ته‌نیا یه‌ك به‌رمیل و ئه‌ویش له ناوچه شاخاوییه‌كان دابه‌شی بكات.
مسته‌فا ته‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی نه‌وتی هه‌ولێر بۆ "وشه" روونی كرده‌وه كه ئه‌مساڵ له هه‌وڵدان به‌رمیلێك نه‌وت بۆ هاووڵاتییان دابین بكه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ پارێزگای هه‌ولێر و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان له پێوه‌ندیدان، به‌ڵام ماوه‌ته‌وه ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئابووری ره‌زامه‌ندی نیشان بدات، چونكه ئاستی پێداویستییه‌كه زۆره و توانای حكوومه‌تیش سنوورداره.
به گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه ئه‌گه‌ر له سه‌رجه‌م پارێزگای هه‌ولێر هه‌موو ماڵێك به‌رمیلێك نه‌وتی پێ بدرێت، ئه‌وا پێویستی به دابینكردنی 100 ملیۆن لیتر و له سه‌رجه‌م پارێزگاكانیش ئاستی پێداویستییه‌كه بۆ یه‌ك به‌رمیل ده‌گاته نزیكه‌ی 350 ملیۆن لیتر.
ئه‌و نه‌وته‌ی له بازاڕ هه‌یه له لایه‌ن بازرگانانه‌وه دابین ده‌كرێت و له شوێنی جیاوازی وه‌ك به‌غدا و كه‌ركووك و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هاورده كراوه، داواكارییه‌كه‌ش ئه‌وه بووه كه حكوومه‌ت خۆی بڕێك له‌و نه‌وته له بازرگانان بكڕێته‌وه و دابه‌شی بكات.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كه به ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له گه‌ڕه‌كه‌كان ده‌سووڕێته‌وه و نه‌وت ده‌فرۆشێت بۆ "وشه" گوتی، نه‌وت هه‌ر به‌رمیلێكی تا 180 هه‌زار دینار به‌رز بووه‌وه و ئێسته‌ش كه ده‌گاته ماڵان به‌گوێره‌ی جۆری نه‌وته‌كه 150 هه‌زار تا 170 هه‌زار دینار راده‌وه‌ستێت.
ئه‌و ده‌ڵێت زۆر جار له هاوینان نرخی نه‌وت به‌رز بووه و دواتر دابه‌زیوه، مه‌رج نییه نرخه‌كه له‌و ئاسته‌دا بمێنێته‌وه و پێشبینی دابه‌زینی ده‌كرێت.
ئه‌و نه‌وته‌ی له بازاڕ ده‌فرۆشرێت بازرگانان له شوێنی جیاوازه‌وه هاورده‌ی ده‌كه‌ن. هه‌ندێك بازرگان له خه‌ڵكی ده‌كڕنه‌وه و به نرخێكی زیاتر ده‌یفرۆشنه‌وه. له كه‌ركووك تا ئێسته نه‌وت له لایه‌ن بریكاره‌كانه‌وه دابه‌ش ده‌كرێت و حكوومه‌تی عێراق پشكه‌كه‌یانی نه‌بڕیوه.
ئێران له دوای ریفراندۆمه‌وه رێگری له هاتنی هه‌ر جۆره سووته‌مه‌نییه‌ك بۆ هه‌رێمی كوردستان كردووه و پێوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداش ئاڵۆزه و پێشبینی ده‌كرێت له به‌غداشه‌وه رێگری له هاورده‌كردنی نه‌وت بكرێت. ئه‌وه‌ی هاووڵاتییان لێی ده‌ترسن زۆر گرانبوونی نرخی نه‌وته، به‌ڵام بازرگانان ئه‌مه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه و ئاماره‌كانیان دڵنیایی به هاووڵاتییان ده‌به‌خشێت.
مام ئیدریس كه خاوه‌ن كۆگه‌ی نه‌وته و له نزیك قه‌ته‌وی هه‌ولێر به كۆ نه‌وت ده‌فرۆشێت، بۆ وشه" روونی كرده‌وه، ئێسته له كۆگه‌كانی نه‌وتی هه‌ولێر له نزیك قه‌ته‌وی هه‌ر به‌رمیلێك له باشترین جۆری نه‌وت به 160 هه‌زار دیناره كه به‌نه‌وتی جۆری به‌غدا ناسراوه، نه‌وتی ناوخۆ به كه‌متر له‌م نرخه و هی كه‌ركووكیش به 140 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت.
ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت دانه‌به‌زێت، ئه‌وا گرانتر نابێت و دڵنیاییش ده‌دات كه نه‌ك به‌شی ساڵێك، به‌ڵكو به‌شی سێ ساڵی تریش نه‌وت له لایه‌ن بازرگانانه‌وه كۆگه كراوه.