میسی لەنێو یاریگە حەب دەخوات
رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی وێنەیەكی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بڵاو كردەوە كە لە یارییەكەی دوێنێی نێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و ئۆڵەمپیاكۆسی یۆنانی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا حەب دەخوات.
یارییەكە لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی سێیەمی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بوو كە تێیدا یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ یارییەكەی بردەوە.
لەو یارییەدا میسی ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و توانی گۆڵی دووەمی یانەكەی لە خولەكی 61 تۆمار بكات.
رۆژنامە كەتەلۆنییەكە وێنەیەكی بڵاو كردەوە كە تێیدا دەردەكەوێ میسی لەنێو یاریگە حەبێك لەنێو گۆرەوییكەی دەردێنێ و دەیخوات.
سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد كە حەبەكە لە جۆری گلۆكۆزە كە هەست بە ئازاركردن كەم دەكاتەوە و پێشتریش ئەو ئەستێرەیە لە چەند یارییەكی تریشدا ئەم جۆرە حەبەی خواردووە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە میسی لە تەواوی یارییەكانی ئەم وەرزەی یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یاریی كردووە و لە هیچ یارییەكدا پشووی وەرنەگرتووە، هەر لە بەر ئەمەیە حەبی ئازار كەمكردنەوە دەخوات.
وشە -
ئامانج ئهكرهم