فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە دەوروبەری كەركووك دووپاتی لەوە كردەوە، هێزەكانی پێشمەرگە لە هەموو لایەكەوە گەمارۆی شاری كەركووكیان داوە و چاوەڕوانی فەرمانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانن بۆ ئەوەی بچنە ناو شاری كەركووك و جارێكی تر بە تەواوی ڕزگاری بكەنەوە.
لیوا حەمە ڕێگر جێگری بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەركەوتنی یەكجارەكی و ڕزگاركردنەوەی تەواوی ناوچەكان و كۆنتڕۆڵكردنەوەیان لەلایەن پێشمەرگە، نزیكە و ئێستە پێشمەرگەی كوردستان بە تەواوی گەمارۆی شاری كەركووكی داوە و تەنیا ماوەتەوە بچنە ناو شارەكە.
هەروەها گوتی، هەمووان چاوەڕوانیی فەرمانی مەسعوود بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كوردستانین، تا بچینە ناو شاری كەركووكەوە و بە تەواوی كەركووك كۆنتڕۆڵ بكرێتەوە، ورەی پێشمەرگە لە لووتكەدایە و هەموو ناوچەكان میلیشیاكانی لێ ڕاونراوە و مەترسی میلیشیاكانیان لەسەر نەماوە و هەموویان هەڵاتوون و پێشمەرگەیش بە پلان و بەرنامەی وردەوە هەنگاو دەنێت.
شەوی 15 لەسەر 16ی ئەم مانگە، بە چاوساغی و دەستكێشی گرووپێكی ناپاكی ناو لایەنێكی سیاسیی كوردستان، سەنگەرەكانی باشووری كەركووك بە ڕووی میلیشیاكان چۆڵ كران و ئەوانیش هاتنە كەركووكەوە و دەستیان بە سووكایەتیكردن بە كوردستان و ئاڵا و هاووڵاتییانی كورد كرد و دزی و تاڵانی زۆریان لە كەركووك ئەنجام دا، دواتریش ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ هێزە ناپاكەكە واژوویان لەسەر كردبوو هەڵیانوەشاندەوە، شەوی ڕابردوویش 18 لەسەر 19 جەماوەری خۆڕاگر و ڕقئەستووری ناوچە كوردستانییەكان، شەوەزەنگی تۆڵەكردنەوە بەرامبەر بە سووكایەتی و پێشێلكارییەكانیان دژ بە میلیشیاكان خوڵقاند و سەرجەمیان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان وەدەرنران.
كەركووك/دلۆڤان مەجید كاكەیی.