رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەچێتە ناو رەقەوە
لە سێ ساڵدا 94 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە خاك رزگار كراوە

:: AM:11:43:19/10/2017 ‌


دوای شكستی داعش لە رەقە و سەركەوتنی هێزەكانی سووریای دیموكرات، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت ئامادەیی تەواوی هەیە بچێتە ناو شارەكەوە. رەقە كە بە گرنگترین پێگەی داعش هەژمار دەكرا و داعش وەك پایتەختی خۆی سەیری دەكرد لە دوو رۆژی رابردوودا بە یەكجاری رزگار كرا و كۆتا بە دەسەڵاتی دڕندانەی داعش لە شارەكە هێنرا.

بەرپرسێكی باڵای رێكخراوەكە باسی لەوە كردووە كە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پێویستە لە نزیكەوە هاوكاری بگەیەنێتە لێقەوماوان، چونكە نزیكەی ٣٠٠ هەزار كەس لە شارەكە هەڵاتوون و لە كەمپەكانی دەوروبەری شارەكە نیشتەجێ كراون و پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی خێرا هەیە.

تیمەكانی گەیاندنی یارمەتی رێكخراوەكەش باسیان لەوە كردووە كە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان چەندان مانگ و بگرە لەوانە چەندان ساڵ بخایەنێت، چونكە شارەكە وێران بووە و پێویستی بەوە هەیە دووبارە ئەم شارە ئاوەدان بكرێتەوە و ژیانی ئاسایی بۆ بگەڕێنرێتەوە.

هێزەكانی سووریای دیموكرات كە زۆرینەیان لە كورد پێك دێن، بە هاوكاری ئەمەریكا و هاوپەیمانان شارەكەیان بە تەواوی كۆنترۆڵ كردووە. مستەفا بالی گوتەبێژی هاوپەیمانیەتییەكە باسی لەوە كرد كە دەستیان بە پاكسازی و خاوێنكردنەوەی ناوچەكە لە مین و بۆمبی چێنراو كردووە و پێشتر ئەو شوێنانەی كۆنترۆڵیان كردبوو خاوێن كراونەتەوە و دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش ماوەتەوە لە مین پاك بكرێتەوە.

ئەو باسی لەوەش كردووە لەو هێرشەی لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا كرایە سەر رەقە، ژێرخانی خزمەتگوزاری شارەكە بە تەواوی رووخاوە و پێویستی بە بنیاتنانەوە هەیە.

لە لایەكی ترەوە لیندا تام بەرپرسی باڵای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا باسی لەوە كرد كە پێ ناچێت هیچ كەسێكی سڤیل لە نێو شاری رەقە مابێت و سەرجەم خەڵكەكەی شارەكەیان جێ هێشتووە و لە كەمپەكان جێگیر كراون و كۆتاهاتنی جەنگ و شكستی داعشیش بە واتای ئەوە دێت دەستی تیمە نێودەوڵەتییەكان بۆ یارمەتیدانی خەڵكی لێقەوماو كراوەتر دەبێت.

بەگوێرەی "بی بی سی" دەیان كەمپ لە دەرەوەی شارەكە دروست كراون و خەڵكەكەش زیاتر لە هەر شتێك پێویستیان بە ئاو، خۆراك و دەرمان هەیە. هێزەكانی سووریای دیموكرات شەڕی كۆڵان بە كۆڵان و ماڵ بە ماڵیان كرد و لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا رزگاركردنی خەڵكی سڤیل كردەوەگەلەكەی ئەوانی خاو كردبووەوە. چەكدارانی داعش خەڵكی ئاسایییان وەك قەڵغانی مرۆیی بۆ پارێزگاریكردن لە خۆیان بەكار دەهێنا.

دوو رۆژ لەمەوبەریش گرووپی "فریای منداڵان بكەون" هۆشداری دا، خەریكە تەنگژەیەكی مرۆیی لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا روو دەدات و پێویستە تیمە نێودەوڵەتییەكان بێنە سەر خەت و یارمەتی خەڵكی سڤیل بدەن كە بە هۆی جەنگ رایان كردووە.

داعش كە گرووپێكی تیرۆریستییە، لە تەواوی دنیا چەكداری كۆ كردەوە و دواتر دژی خەڵكی سووریا بەكاری هێنا و هەرچی كاری دڕندانە و نامرۆڤانەیە كردی، سەری خەڵكی بڕی و یاساكانی خۆی چەسپاند. ئەوان بۆ ماوەی سێ ساڵ بەسەر شارەكەدا زاڵ بوون. ئێستە گەورەترین بنكەكانی داعش لە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور هێشتا ماون و لە دوای رزگاركردنی رەقەش نۆرەی ئەوەیە داعش لە دێرەزوور و سەرجەم شوێنەكانی تر راماڵرێت و كۆتای یەكجاریی بەو رێكخراوە تیرۆریستییە بهێنرێت.

هێزەكانی سووریای دیموكرات لە لایەك و سوپای سووریاش لە لایەكی تر دەستیان بە پێشڕەوییەكانیان لە پارێزگای دێرەزوور كردووە و ئامانجیش ئەوەیە دەست بەسەر دەروازەیەكی گرنگی پێوەندی نێوان عێراق و سووریادا بگرن كە لە دەست داعشدایە. ئامانجی ئەمەریكا ئەوەیە لە لایەك رۆڵی هەبێت لە لەناوبردنی داعش و لە لایەكی تریش رێ لەوە بگرێت ئەو ناوچانە بكەونە دەستی هێزەكانی حكوومەتی سووریا، چونكە ئەگەر ئەم ناوچانە بكەونە دەستی سوپای سووریا، ئەوا لە دیوی عێراقیشەوە چەكدارانی حەشدی شەعبی بەوان گرێ دەدرێن و ئێران بە ئاسانی دەستی بە سووریا رادەگات بۆ ئەوەی درێژە بە پیلانەكانی خۆی لە ناوچەكەدا بدات.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كە ئەمەریكا سەركردایەتیی دەكات، ئاشكرای كرد كە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ٩٤ هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی عێراق و سووریای لە دەستی داعش رزگار كردووە. لەو ناوچانەی داعش داگیری كردبوون شەش ملیۆن و ٦٠٠ هەزار كەس دەژیان. زۆرێك لەو خەڵكە ماڵەكانیان جێ هێشت و ئاوارە بوون، لەگەڵ ئازادكردنی ناوچەكان بەشێكیان گەڕاونەتەوە و زۆرن ئەو خەڵكەی هێشتە لە كەمپەكان دەژین و لە ترسی توندوتیژی یان ئاوەدان نەبوونەوەی ناوچەكانیان ناتوانن بگەڕێنەوە.




وشە - سلێمان تاشان