خۆبەخش و پێشمەرگەكانی خورماتوو خۆیان بۆ هێرشكردن ئامادە دەكەن

:: AM:11:55:19/10/2017 ‌
میلیشیاكانی حەشدی توركمانی لە خورماتوو نەكشاونەتەوە و بەردەوامن لە تاڵانی و دزینی ماڵی كوردەكان، خۆبەخشەكانی خورماتووش و پێشمەرگەكانیش ئامادەكاری بۆ هێرشكردنە سەر حەشدی توركمانی و ڕزگاركردنەوەی خورماتوو دەكەن، ئاماژە بەوەیش دەكەن، كە هێزەكانی یەكێتی بێ تەقە و پێش خەڵك شارەكەی بۆ حەشدی توركمانی چۆڵ كرد.

حەشدی توركمانی لە خورماتوو سەتان ماڵە كوردی تاڵان و سووتاندووە و هەڵمەتی راوەدوونانی كوردانیش بەردەوامی هەیە كە بە هۆیەوە هەزاران كوردی خورماتوو ئاوارەی كەمپەكانی كەلار بوونە.

لە كاتێكدا عەبادی بڕیاری كشانەوەی تەواوی هێزەكانی سوپا و حەشدی لەناو شارەكان راگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی خورماتوو دووپات لەوە دەكەنەوە كە حەشدی توركمانی ئامادە نین خورماتوو چۆڵ بكەن.

محەمەد فایەق بەرپرسی راگەیاندنی شارەدێی خورماتوو لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە هێشتا حەشدی توركمانی لەناو خورماتوو ماون، بەڵام حەشدی عەرەبی مامەڵەیان لەگەڵ خەڵكی شارۆكەكە باشترە و تاڵانی و ماڵی خەڵك ناسووتێنن.

ئەوەشی خستەڕوو كە سووكایەتی زۆری خانەوادە كوردەكانی خورماتوو دەكەن و بەهۆیەوە هەزاران خێزانی كوردی لە خورماتوو ئاوارەی كەمپەكانی كەلار بوونە.

محەمەد فایەق كە خۆی لەگەڵ خانەوادەكەی ئاوارەی كەلار بووە و لە رێی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ "وشە" دەكرد، ئەوەی خستەڕوو كە هەوڵ هەیە لەلایەن خۆبەخشەكانەوە و پێشمەرگەكانی دانیشتووی خورماتووش چوونەتە پاڵ خۆبەخشەكان تا هێرش بكەنە سەر خورماتوو و بە شەڕ رزگاری بكەن، گوتی "چونكە حەشدی توركمانی نایەوێت لە شارەكە بچێتە دەرەوە"، زیاتر گوتی "پارتی و یەكێتی هیچ هێزێكیان پێك نەهێناوە بۆ رزگاركردنی خورماتوو، تەنانەت هێزەكانی یەكێتی بێ تەقە شارەكەیان چۆڵ كرد".

لەبارەی قەبارە و باڵانسی هێز لەنێوان خۆبەخشان و حەشدی توركمانی، محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە حەشدی توركمانی چەكی قورسیان تا دۆشكە پێیە، ژمارەیان نەزانراوە بەڵام هێندە زۆر نین، گوتی "ئەگەر خۆبەخشەكان هێرشیان بكەنە سەر، ئەوان غیرەتی شەڕكردنیان لەگەڵ پێشمەرگە نییە".



وشە - فه‌رمان سادق