سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى و گوته‌بێژى فه‌رمى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له دیدارێكى "وشه"دا راى ده‌گه‌یه‌نێت، پاشه‌كشه‌ى پێشمه‌رگه له كه‌ركووك به بڕیار و رێككه‌وتنى سه‌ركرده كه‌ركووكییه‌كانى یه‌كێتى نیشتمانى بووه و روونى ده‌كاته‌وه، پێش ئه‌وه‌ى نامه‌ى پارتى و یه‌كێتى كه له كۆبوونه‌وه‌ى دووكان رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كراوه، بگاته به‌غدا، ئه‌و رێككه‌وتنه له‌گه‌ڵ سوپا و حه‌شدى شه‌عبى كراوه و بڕیاره‌كه به‌شێك نه‌بووه له كۆبوونه‌وه‌ى دووكان.
دواى رووداوه‌كانى كه‌ركووك، ده‌رگه‌ى گفتوگۆ كراوه‌یه له‌سه‌ر ئه‌نجامی ریفراندۆم؟
گفتوگۆ حه‌تمییه و ده‌بێت بكرێت، ئه‌وه‌ى رووی دا ئه‌گه‌ر 10 جاری تریش دووباره ببێته‌وه، هه‌ر ده‌بێت گفتوگۆ بكرێت.
دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى دووكان، دكتۆر فوئاد مه‌عسووم ئه‌نجامى گفتوگۆیه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ خۆى برده‌وه بۆ به‌غدا تا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران باسی بكات تا بزانین مه‌رجه‌كانى به‌غدا چییه. ئه‌وه‌ى له راگه‌یاندنه‌كان باس ده‌كرێت بۆ میدیایه، ئیشمان به‌وانه نییه، ئیشمان به‌وه‌یه له پشته‌وه‌ى ده‌رگه داخراوه‌كان وه‌ڵامى فه‌رمی وه‌ربگرین.
كه‌واته ئه‌وه‌ى رووی دا كاریگه‌رى له‌سه‌ر ره‌وتى گفتوگۆكان چی ده‌بێت؟
ره‌نگه كاریگه‌ری هه‌بێت، به‌ڵام ئێمه له یه‌ك پێگه‌ى جیۆگرافین و به‌یه‌كه‌وه ده‌ژین، بۆیه گفتوگۆ ناچارییه.
پێش ریفراندۆم باڵانسی دانوستاندن به‌لاى هه‌رێمى كوردستان بوو، دواى ریفراندۆم و ئه‌و دۆخه، باڵانسه‌كه به‌لاى كێدایه؟
ئه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر روانین و تێگه‌یشتنى هه‌ر لایه‌ك بۆى. به تێڕوانینى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، ره‌نگه په‌نجا به په‌نجا بێت، ره‌نگه له گۆشه‌ى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان باڵانسه‌كه به‌غدا بێت بشكێته‌وه. به‌ڵام به گشتى، پرسی كورد و سه‌ربه‌خۆیی له ئاستێكى زۆر باڵا دابه‌زی.
ئه‌وه‌ى بڵاو كرایه‌وه كه رێككه‌وتن هه‌بووه هه‌ندێك جێ چۆڵ بكه‌ن و رێ به سوپای عێراقی بده‌ن؟ پێت وایه حه‌شدی شه‌عبی و سوپاى عێراق زیاتر هاتوونه‌ته پێش؟
سوپاى عێراق دێته‌وه ئه‌و ناوچانه‌ى كه ساڵى 2014 چ به ته‌نیا یان هێزی هاوبه‌شی لێ بووه، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆی، به‌ڵام ئامانجی سه‌ره‌كی بیره نه‌وتییه‌كانى دواى داعش بوو كه ده‌ستى به‌سه‌ردا گیرا.
رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق ته‌نیا بۆ پارێزگاریكردن له كه‌ركووك و مانه‌وه‌ى ئیداره‌ى كوردی بوو له‌و شاره، به‌و مانایه‌ى كه‌ركووك نه‌گه‌ڕێته‌وه دۆخى سه‌رده‌می حوكمڕانى به‌عس.
له‌وه زیاتر نه‌كرا؟
نه‌خێر، ئێسته گفتوگۆ له نێوان به‌رپرسی پۆلیسی كه‌ركووك و سه‌ركرده‌ى كرده‌وه‌گه‌ل كه چه‌نده هێزی عێراق له كه‌ركووك ده‌مێنێته‌وه. بێگومان بڕێك له‌و هێزه له ئاستى فه‌وجێك له كه‌ركووك ده‌مێنێته‌وه، باقی هێزه‌كه‌ی تر كه‌ركووك چۆڵ ده‌كه‌ن و ئیداره‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه باری جارانى خۆی.
چاره‌نووسی نه‌جمه‌دین كه‌ریم چى به‌سه‌ر دێت؟
ده‌توانى له خۆى بپرسی، خۆیشی ده‌زانێت چیی پێ گوتراوه.
رێككه‌وتنێك بڵاو كراوه‌ته‌وه به‌ناوى رێككه‌وتنى نێوان پاڤێڵ تاڵه‌بانى و هادی عامری، یه‌كێتى چه‌ند ئاگاداری ئه‌و رێككه‌وتنه‌یه؟
ئه‌وه‌ى بڵاو كرایه‌وه ساخته‌یه و راستى تێدا نییه، له هه‌مان ئه‌و كه‌ناڵه بڵاو كراوه‌ته‌وه كه گوتى دكتۆر فوئاد مه‌عسووم نامه‌یه‌كى شه‌ش خاڵى هێناوه كه راست ده‌رنه‌چوو. ئه‌وه‌ى راستییه دۆخێك دروست ده‌بێت وه‌ك 2014 و ئیداره‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌ندێك له هێزه‌كانى عێراق دێنه‌وه، بۆیه هیچ رێككه‌وتنێك نه‌كراوه له‌سه‌ر ته‌شكیلات و ئیداره‌ى نوێ.
ئه‌وه‌ى روو ده‌دات به رێككه‌وتن بووه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئیداره‌ی هاوبه‌ش نه‌ك داگیركردنى كه‌ركووك، كشانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ش پێوه‌ندى به‌وه هه‌بووه كه سوپاى عێراق گوتى ئه‌و سه‌نگه‌ره بۆ داعش لێ دراوه، ئه‌گه‌ر نه‌كشێنه‌وه كه‌واته سه‌نگه‌ر له من ده‌گری، له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش گفتوگۆیه‌كى لۆجیكی كراوه.
ئه‌م رێككه‌وتنه له كۆبوونه‌وه‌ى دووكان رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كرا؟
نه‌خێر له‌وێ باسی ئه‌وه نه‌كراوه.
ئه‌گه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه نه‌بووایه چی رووی ده‌دا؟
شه‌ڕێكى قورس و پێشمه‌رگه‌یه‌كى زۆریش شه‌هید ده‌بوون و سوپای عێراقیش به‌و هێزه‌ى زۆره‌ى هێنابووى بۆ كه‌ركووك، هه‌ر ده‌هاته ناو كه‌ركووك. به‌ڵام له‌سه‌ر شنگال رێككه‌وتن نه‌كراوه، كه‌چى ئه‌وێش چۆڵ كرا و سوپاى عێراقی چووه شنگال.
به‌ڵام ئێوه باسی گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپا ده‌كه‌ن بۆ ناوچه‌كانى پێش 2014، كه‌واته شنگالیش ده‌گرێته‌وه؟
نه‌خێر رێككه‌وتنه‌كه ته‌نیا له‌سه‌ر كه‌ركووك بوو.
ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌كه له كۆبوونه‌وه‌ى دووكان باس نه‌كراوه، كێ رێككه‌وتنه‌كه‌ى كردووه؟
كه‌ركووكییه‌كانى مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان رایان وابوو ده‌بێت له‌گه‌ڵ عێراق جۆرێك رێككه‌وتن بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بارودۆخێكى ئاڵۆز له كه‌ركووك روو نه‌دات و ئیداره‌ی كه‌ركووك له ده‌ست كورد ده‌ربچێت. بۆ ئه‌مه‌ش رێك كه‌وتن كه هێزه‌كانى عێراقی بگه‌ڕێنه‌وه پێش 2014 و پێش هاتنى داعش، ئه‌وه‌ى له شنگال روو ده‌دات، كێشه‌ى ئه‌وان نه‌بووه و رێككه‌وتنیشیان له‌سه‌ر نه‌كردووه.
ئه‌و رێككه‌وتنه هه‌مان ئه‌و كه‌سانه كردیان كه پێش ریفراندۆمیش دژى ئه‌وه بوون كه ریفراندۆم له كه‌ركووك بكرێت، گوتیان كه‌ركووك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان نه‌بنه به‌شێك له پرسی ریفراندۆم، چونكه نه‌ك ته‌نیا عێراق، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش كێشه‌ى له‌سه‌ر هه‌یه، به‌ڵام كاك نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركووك به ته‌نیا له‌گه‌ڵ ریفراندۆم بوو.
كه هێز هێنرایه سه‌ر كه‌ركووك، به‌رپرسانى كه‌ركووك كه‌وتنه خۆیان تا هه‌وڵێك بدرێت ئێسكشكانی تێدا نه‌بێت و زیانى كه‌م بێت و سوپا بگه‌ڕێته‌وه كه‌ركووك، ئه‌وه‌بوو به‌ره‌به‌یانى 16ى مانگ رووی دا و هه‌ندێك پێشمه‌رگه شه‌هید بوون كه ده‌بێت لێى بكۆڵرێته‌وه بۆ شه‌هید كراون.
باشه بڕیار بوو دكتۆر فوئاد مه‌عسووم نامه‌ى ئێوه و پارتى بداته عه‌بادی، بۆ رێككه‌وتنه‌كه پێش گه‌یشتنى ئه‌و نامه‌یه كرا و رێ به سوپای عێراق درا بێته‌وه كه‌ركووك, بۆ وا په‌له كرا؟
پێم وابێ ئه‌وه‌ى رووی دا به‌رنامه‌یه‌كى سێ قۆڵى ئێرانى توركی عێراقی بوو، كه‌ركووك و خانه‌قین تا شنگالى گرته‌وه و نه‌یانهێشت به‌یاننامه و راى پارتى و یه‌كێتى بگاته عه‌بادی بۆ دانیشتنى بێمه‌رج له‌سه‌ر كێشه‌كانى نێوان كوردستان و عێراق كه له به‌یاننامه‌كه‌دا بڵاومان كرده‌وه.
ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌كه رای یه‌كێتى نییه، كه‌واته ئه‌وه‌ى رووی دا ناوخۆی یه‌كێتى دووله‌ت نه‌كرد؟
نا نه‌خێر، ئه‌وه پڕوپاگه‌نده‌یه و یه‌كێتى نه‌بووه به دوو به‌ش. ناوخۆى یه‌كێتى راى جیاواز هه‌یه و ده‌رده‌بڕدرێت، له‌ناو حزبه‌كانى تریش راى جیاواز هه‌یه، به‌ڵام نا‌وێرن بیڵێن.
ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه كه‌ى كۆ ده‌بێته‌وه؟
هێشتا كه‌س داواى كۆبوونه‌وه‌ى نه‌كردووه، به‌ڵام حه‌قه كۆ ببێته‌وه.
راى وڵاتانى هه‌رێمى و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر رووداوه‌كه چییه؟
ئه‌وه‌ى رووی داوه رێككه‌وتنێكى سێ قۆڵی بوو له نێوان توركیا و ئێران و عێراق، ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیاش ئاگادارن و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش ئاگادارن.
دواى جووڵانى هێز، هیچ لایه‌نێك نێوه‌ندگیری كردووه بۆ گفتوگۆ له نێوان هه‌رێم و به‌غدا؟
نێوه‌ندگیری بۆ چییه؟ گفتوگۆ هه‌یه و پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنى هه‌یه.
كێ هه‌یبووه و له‌گه‌ڵ كێ هه‌یبووه؟
هه‌موومان هه‌مان بووه، پرسه‌كه‌ش پێوه‌ندى به گفتوگۆوه هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه‌ى روویان داوه، چونكه ئه‌و كێشانه به هێزى سه‌ربازی و هه‌ڕه‌شه چاره‌سه‌ر نابێت.
ئه‌وان تا ئێسته پێداگرن له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى ریفراندۆم، ئه‌وه‌ش روو نادات و ئه‌نجامه‌كه‌ى ره‌ت ناكه‌ینه‌وه.
چاوه‌ڕێتان ده‌كرد كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى وا بێده‌نگ بێت؟
به‌ڵێ چاوه‌ڕوان بوو، چونكه هه‌ڵوێستى ئه‌وانمان ده‌زانى پێش ریفراندۆمیش و ئه‌مه‌ریكاش نایه‌ت شه‌ڕ دژى سوپاى عێراق بكات له‌سه‌ر كورد وه‌ك ئه‌وه‌ى كردى له دژى داعش، ئه‌وه‌ى ئێسته روو ده‌دات شه‌ڕى كورد نییه له‌گه‌ڵ داعش.
له‌سه‌ر دۆخى په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، بڕیاره ئه‌مڕۆ چوارشه‌م په‌رله‌مان كۆ ببێته‌وه. پرسی هه‌ڵبژاردنیش كه ده‌بێت له یه‌كى تشرینى دووه‌م بكرێت، له‌م دۆخه‌دا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت؟
به راى من نه‌ك یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، هه‌ڵبژاردن ده‌بێت دوا بخرێت. ئه‌و دۆخه‌ى ئێسته له خزمه‌تى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد نییه و ده‌بێت چه‌ند شتێك هه‌یه پێش هه‌ڵبژاردن بكرێت، له‌وانه پاككردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران، پرسی هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن و كۆمه‌ڵێك پرسی تر، چونكه دواتر هه‌ڵبژاردن بۆ هاووڵاتییانه بتوانێت به ئارامى ده‌نگی خۆى بدات.
كه‌واته رێككه‌وتن هه‌یه بۆ دواخستنى؟
نه‌خێر رێككه‌وتن نییه، ئه‌و پرسه ده‌بێت له په‌رله‌مان باس بكرێت كه ئایا لایه‌نه سیاسییه‌كان رێك ده‌كه‌ون له‌سه‌ر دواخستنى هه‌ڵبژاردن یان نا.