سەرۆكی رۆسنەفت: بەردەوام دەبین لە كوردستان

:: PM:01:39:19/10/2017 ‌
سەرۆكی كۆمپانیای رۆسنەفتی ڕووسیا ئاشكرای كرد، كۆمپانیاكەمان بە تەواوی پابەند و پێوەیستە بە پڕۆژە و گرێبەستەكانی كاركردنی لە كوردستانی عێراق و باشوور و ناوەڕاستی عێراق و بەشداریش دەبین لە چارەسەركردنی گرفتە ئابوورییەكانی هەولێر و بەغدا كە تووشی هاتوون.

ئیگۆر سیتشین سەرۆكی كۆمپانیای رۆسنەفتی ڕووسی ئاشكرای كرد، رۆسنەفت پابەند و بەلایەوە گرنگە كار لە تەواوی ئەو پڕۆژانەی بكات، كە بە گوێرەی گرێبەستی دوولایەنە بڕیاریان لێ دراوە، لە كوردستانی عێراق و عێراق، پڕۆژەكانمان لەو ناوچانە یەكجار گەورەن و بەردەوام دەبین لەسەریان.

هەروەها گوتی، ئەو پڕۆژانە گرنگی زۆر گەورەیان بۆ كۆمپانیاكە هەیە و كۆگە و یەدەگی زۆر لەو ناوچانە هەن، جگەلەوەیش تێچوونی دەرهێنانیان زۆر كەمە، بۆیە رۆسنەفت جگەلەوەی بەردەوام دەبێ لەسەر ئەو گرێبەستانە و كاریان لەسەر دەكات، لە ڕووی دارایییەوەش هاوكاری هەردوولا دەكات تا بەسەر تەنگژە ئابوورییەكانیان زاڵ بن.

ئەو لێدوانەی سەرۆكی رۆسنەفت لە كۆنگرەی ئابووری ئەوروپا بڵاوی كردەوە، كە لە شاری ڤیرۆنا ئەنجام درا، كۆمپانیای رۆسنەفت لە ماوەی ئەمساڵدا سێ گرێبەستی گەورەی لەگەل كوردستان واژوو كردووە، یەكێكیان بۆ هەناردەكردنی نەوتی كوردستانە بۆ پاڵاوگەكانی رۆسنەفت لە ئەڵمانیا، ئەوەی تریش دروستكردنی بۆڕیی گازی سروشتی كوردستانە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا و دوێنێش رۆسنەفت گرێبەستێكی تری لەگەڵ كوردستان واژوو كرد بۆ كاركردن لە پێنج بلۆكی نەوتی كوردستان.

سەرچاوە/سپۆتنیك.


وشە - باز ئه‌حمه‌د