سەعدی پیرە چەند نهێنییەك ئاشكرا دەكات

:: PM:02:33:19/10/2017 ‌
سەعدی پیرە گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەند نهێنییەكی ناو حزبەكەی و سوپای عێراق و سوپای پاسداران ئاشكرا دەكات و دەڵێت، قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، نوێنەرایەتی ئێرانی كردووە بۆ هێرشكردنە سەر شاری كەركووك.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ـی تشرینی یەكەم، سەعدی پیرە گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، حكوومەتی عێراق ڕازی نەبوو كە ڕیفراندۆم قبووڵ بكات، هەروەها ئەگەر شەڕمان بكردایە یان نا بڕیارێك هەبوو دەبوو پێشمەرگە بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان.
 
پیرە لەو كۆنگرەیە زیاتر گوتی، هەوڵی گفتوگۆ هەیە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ چارەسەری دۆخەكە لەڕێی گفتوگۆ و بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانمان، هەروەها بەشی زۆری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاگەداری ڕێككەوتنەكەی چەند سەركردەیەكی سیاسی نەبوو لەگەڵ عێراق كراوە.

گوتەبێژی یەكێتی گوتی، قاسم سلێمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران نوێنەرایەتی ئێرانی كردووە بۆ هێرشكردنە سەر شاری كەركووك، هەروەها دۆسیەی تەناهیی شارەكە لەلایەن كەسێكە بەناوی خەتابە ڕەش ئیدارە دەدرێت.

ئەو گوتانەی پیرە لەكاتێكدایە خەڵك ئێستە لە دژی چەكدارانی حەشدی شەعبی خۆپیشاندان دەكەن و بە دەسەڵاتی ئەو هێزە تایفییە ڕازی نییە لە شارەكە حكووم بكات، بۆیە شەوی ڕابردوو لە چەندان شوێن ژێر دەستی ئەو هێزە خۆپیشاندان كرا.



وشە - رامیار جەواد