كوێستان دوای تەڵاقدانی لە منداڵەكانی بێبەش دەكرێت و لە شەڵتەر دەمێنێتەوە

:: PM:05:25:19/10/2017 ‌

ژنێكی كەركووك لە هاوسەرەكەی جیا دەبێتەوە، لەگەڵ ماڵی دایكی ناگونجێت و لەبەر زڕبراكانی دایكی دەری دەكات، ئێستە لە خانەی داڵدەی ئافرەتان "شەڵتەر"، ژیان بەسەر دەبات، ئەو ژنە ئێستە لەبەر بێ جێگەیی لە شەڵتەر دەمێنێتەوە و چاوەڕوانی ئەوە دەكات لە شەڵتەرەوە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێك كە بتوانێت بە ئازادی تێدا بژیت و ژیانێكی نوێ لەگەڵ چوار منداڵەكەی بەسەر ببات.
 
ئەو ژنە كە داوای كرد ناوی بە (كوێستان) بهێنرێت، بۆ "وشە" چیڕۆكی خۆی دەگێڕێتەوە دەڵێت، لەگەڵ چەند ئافرەتێك دەژیم، كە بۆ مانەوەمان لە ژیاندا بەندكردنی خۆمان لەناو چوار دیواردا هەڵبژاردووە، هەموو هیوایەكم ئەوەیە بتوانم لانەیەكم هەبێت و كار بكەم و منداڵەكانم بگەڕێنەوە لای خۆم و بە ئاسوودەیی لەگەلیاندا بژیم.

كوێستان بە دەست پێكی خەمەكانی دەڵێت، من لەسكی دایكم دابووم كە باوك و دایكم لەیەكتر جیا بوونەوە، دوای چەند ساڵێك دایكم هاوسەرگیری كردەوە و من لە ماڵی  باپیرم ژیام لە توركیا، كە بووم بە ١٨ ساڵ، شوم بە كوڕی پوورم كرد لە كەركووك، هاوسەرگیرییەكی ئاسایی بوو و ژیانێكی سادەمان هەبوو.

كوێستان زیاتر دەڵێت،  پێوەندیم لەگەڵ مالێ دایكم باش بوو، بەڵام دایكم هەمیشە جیاوازی لە نێوانی من و برا زڕەكانمدا دەكرد، ئەوان چوار كوڕ بوون، لە مێردەكەی دایكم بوون، منیش بەتەنیام و خوشك و برام نییە، دایكم لەبەر كوڕەكانی هەمیشە منی كردووە بە قوربانی كوڕەكانی، چونكە ئەو هێشتە لەو بیركردنەوەدایە كە كوڕ بە پیرۆزتر دەبینێت لە بەرامبەر كچدا.

ژیانی كوێستان دوای لەدایكبوونی دوو منداڵی وردە وردە بەرەو خراپ بوون دەچێت، دیار كە هاوسەریەتی، مامەڵەی لەگەڵیدا دەگۆڕێت، پێوەندی لەگەڵ كچێكدا دروست دەكات و داوا لە ژنەكەی دەكات كە ڕازی بێت بەوەی هاوسەرگیری دووەم بكاتەوە.

كوێستان لەدرێژەی چیڕۆكەكەی ئاشكرای دەكات كە ئەو خۆی پەنجەمۆری بۆ كردووە و ڕەزامەندی بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری دووەمی دەربڕیوە، هەروەها ئاماژە بەوە دەكات، كەرامەتی ڕێگەی نەداوە كە پیاوێك نەیەوێت و ئەو بە زۆری لەگەڵیدا بمێنێتەوە.

ئەو باس لە چۆنیەتی هاوسەرگیری دووەمی مێردەكەی دەكات، ئەو كچەی خۆشی ویست دراوسێمان بوو، ماوەی پێنج ساڵ پێوەندیان هەبوو لە ماوەی ئەو ساڵانەدا من دوو منداڵی ترم بوو، بەڵام لەدایكبوونی ئەو منداڵانە ئەویان نەگۆڕی، زووخاوی دنیایان بەدڵ و ژیانی مندا كرد، چەندین جار لەبەر ئەو لە منی دەدا و دەری دەكردم، دەیزانی بێكەسم و كەسم نییە بمگرێتە خۆی زیاتر خراپ دەبوو لەگەڵمدا، بۆیە دواجار ڕێ كەوتم لەگەڵی كە من لەگەڵ منداڵەكانمدا بەتەنیا دەژیم و ڕەزامەندیش پێشان دەدەم لە دادگا بۆ ئەوەی ژن بێنێ.

كوێستان بە گێڕانەوەی چیڕۆكی خۆی و دیار بەردەوام دەبێت و دەڵێت، دیار وای پێشان دەدات كە بەهەموو شێوەیەك ڕازییە و ژیانێكی ئاسوودە بۆ ژن و منداڵەكانی دابین دەكات بێ ئەوەی تێكەڵیان بێت، بەڵام دوای ئەوەی هاوسەرگیری دەكات، هەموو شتێك پێچەوانە دەبێتەوە.
 
كوێستان لە گێڕانەوەی ژیانە سەختەكەی بەردەوام دەبێت و دەڵێت، هەر زوو من و منداڵەكانیان لە ماڵەكەی خۆم دەركرد بۆ ماڵی شووبراكەی، لەوێ پێی گوتم تەڵاقت دەدەم، ئەمە چەند جار دووبارە دەبێتەوە، ئیتر كوێستان ڕازی دەبێت و لەیەكتر جیا دەبنەوە.

جیابوونەوەی كوێستان و دیار دەچێتە دادگا و منداڵەكان دەدرێنەوە بە كوێستان، بەڵام دایك و براكانی پێی دەڵێن منداڵەكان وەربگریتەوە وەرت ناگرینەوە، بۆیە بەناچاری لەبەر نەبوونی شوێندا دەست لە منداڵەكانی هەڵدەگرێت و منداڵەكان دەدرێنەوە بە باوكیان و ئەویش دەچێتەوە ماڵی دایكی.

ژیانە سەختەكەی كوێستان لە ماڵی دایكی بەردەوام دەبێت و باسی ژیانی دەكات لە ماڵی دایكیدا و دەڵێت، دایكم قەت سۆزی بۆ من نەبووە، چونكە خۆی بەخێوی نەكردووم، من دوای مردنی نەنكم بێكەس بووم، دایكم لەسەر بچووكترین شت لێی دەدام و سووكایەتی پێ دەكردم، من وەك خزمەتكاری كوڕەكانی بووم، شتێكیشیان بەدڵ نەبوایە بە هەموویان لێیان دەدام، چەندین جار دراوسێكانمان هاتوون منیان لەژێر دەستی دەرهێناوە، ئێستە ئەوان شایەتی ئەو باسەی منن، كۆتا جاریش هەر دراوسێكانم بە سەروچاوی شكاوە وە منیان هێنا بۆ داڵدی ئافرەتان، بۆ ئەوەی هەر نەبێ دوور لە لێدان و سووكایەتی پێكردن بژیم.

ئەو ژنەی كە دڵی بۆ منداڵەكانی چوار پارچە بۆشایی گەورەی تێدایە، ئێستە دوور لە هەموو هەواڵێكی منداڵەكانی دەژیت و دەڵێت بێ ئەوەی تاوانی كردبێت، ڕۆژگارێكی نائازادی تێ دەپەڕێنێت و چاوەڕوانی ئەوە دەكات بە دابینكردنی شوێنی ژیان و كاركردن ژیان و ئازادی بۆ بگەڕێتەوە.

هەولێر/ ئیڤان عەبدولرەحمان



وشە - رامیار جەواد