دەڤەری سۆران كۆمەك بۆ لێقەوماوانی كەركووك كۆ دەكاتەوە

:: PM:10:20:19/10/2017 ‌

دوای ئاڵۆزییەكانی شاری كەركووك و ناوچە كێشەلەسەرەكان بەهۆی هێرشی هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبییەوە، خەڵكێكی زۆری ئەو ناوچانە ئاوارەی هەولێر و سلێمانی و ناوچەكانی تر بوون، لە شارۆكەی سۆران و مێرگەسۆر لە سنووری پارێزگەی هەولێر، كەمپینی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ لێقەوماوانی شاری كەركووك راگەیەندرا.

كەلسووم گەزنەیی چاڵاكوانی كۆمەڵی مەدەنی و یەكێك لە رێكخەری كەمپینەكە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ وەك بەشێك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە شارۆكەی سۆران بە مەبەستی دەربڕینی وەفا و سۆز، هەڵساوین بە راگەیاندنی كەمپینێك بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ لێقەوماوانی شاری كەركووك و دەورووبەری، كە بەهۆی هێرشی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدرالی عێراقەوە روویان لە سۆران و شار و شارۆكەكانی تر كردووە و كەمپینەكەش تا ئێوارەی سبەی هەینی بەردەوام دەبێت.

خەڵكی سۆران جوامێرانە بە دەم كەمپینی ئێمەوە هاتوون بە كەلوپەلی خۆراك و خواردن و خواردنەوە و رایەخی نێو ماڵ و جلوبەرگ و لایەنی دارایی كۆمەكییان پێشكەش بە خەڵكی شاری خۆشەویستی كەركووك كرد، كە لە رۆژانی داهاتوودا بەسەر لێقەوماوانی كەركووك لە سۆران دابەش دەكەین. كەلسووم گەزنەیی  وای گوت.

گەزنەیی داوای لە سەرمایەدار و دەوڵەمەندانی دەڤەری سۆران كرد كە هاوكاری دارایی ببەخشن تا بیگەیەنین بە لێقەوماوانی شاری كەركووك لە سنووری سۆران .

هاوكات لە شارۆكەی مێرگەسۆری سەر بە پارێزگەی هەولێریش، كەمپینی  كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ كەركووكییەكان دەستی پێكردوە و خەڵكی دەڤەرەكە وەك هەستێكی مرۆیی و نیشتیمانیی، هاوكاری خەڵكی كەركووك دەكەن.

سۆران/ موڕشید برادۆستی















وشە - مه‌حموود ئیسماعیل