لە كەركووك چوار چەكداری حەشد كوژران و هەمەرێكیش سووتێنرا

:: PM:10:58:19/10/2017 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە گەرەكی شۆریجەی شاری كەركووك هەمەڕێكی سەر بە حەشدی شەعبی خەڵكیان ناچار دەكرد كە بەسەر ئاڵای كوردستاندا بڕۆن، كەمێك پێش ئێستە گەنجانی كەركووك ڕاپەڕین و هێرشیان كردە سەر چەكدارانی حەشدی شەعبی لەو گەڕەكەدا. 

یەكێك لەو گەنجانە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، گەنجی كەركووك بەردەوام دەبێت لەو هێرشانە ئەگەڕ میلیشیاكان دەرنەچن، چونكە كەركووك كوردستانییە و هیچ هێزێك بۆی نییە سووكایەتی بە كورد و ئاڵای كوردستان بكات.
 
ئەو گەنجە دەڵێت كە بە چەكی قازیفە و بیكەیسی، هێرشیان كردووەتە سەر ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی و گورزێكی گەورەیان لێیان داوە چوار  چەكدار كوژراون و هەمەرێكیش سووتێندراوە، میلیشیاكان بە چەكی قوڕس وەڵامیان داونەتەوە، كە بریتی بوونە لە تانك و دۆشكە، بەڵام هیچ شەهیدێك نییە لە ڕیزی گەنجە كوردەكان.

بەرەبەیانی 16ی ئەم مانگە هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان بۆسەر كەركووك و ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكان دەست پێ كرد، بەهۆی پاشەكشەی چەند فەرماندەیەكی ناپاكی ناو هێزێكی سیاسی، ئەو هێزانە كۆنترۆڵی كەركووك و ئەو ناوچانەیان كرد، كە بەهۆی پێشێلكارییەكانیان لەدژی خەڵكی ناوچەكە، ژمارەیەكی زۆریان ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوونە.

كەركوك / دلۆڤان مەجید كاكەیی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل