"عێراق بەزۆر دروست كراوە و روو لە هەڵوەشانەوەیە"

:: AM:10:07:20/10/2017 ‌

پێ دەچێت رێككەوتننامەی سایكس-پیكۆ گرێیەك بێت بۆ گەلانی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە ئەو ستەمی لە كورد كرد و واشی لە عەرەب كرد كە لەخۆبایی بێت و خۆی بە خاوەنی هەموو شت بزانێت، لەوە زیاتر كورد دەنگی بە دەستووری هەمیشەیی عێراق دا، كە ئەویش بووە گرێكوێرەیەكی تر و كورد و خواستەكانی بەو عێراقە بەناو دەوڵەتە بەستەوە، پڕۆژەكانی پێكهاتەكانی عێراق بۆ بەیەكەوەژیان لە رابردوو و ئێستەش لەناو بێ متمانەیی بە یەكتر بنیات ناوە، ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە عێراق لەوەتەی دامەزراوە، بنەمای یەكپارچەیی نەبووە و ناشبێت. 

شیعە هەمان رۆڵی دیكتاتۆرییانەی سەدام حوسێنی پێشوو دەبینێت و بە هەناسەیەكی شۆڤینییانەی عەرەبی و تایفی روو لە كورد دەكەن و دەڵێن زیاترتان لە مافی خۆتان وەرگرتووە. حەبیب تەرفی پەرلەمانتاری رەوتی حیكمەی نیشتمانی (شیعە) بە "وشە" دەڵێت، هەر شتێك لە عێراق روو بدات، پێویستە پشت بە دەستوور ببەستێت، مەرجەعیەتی باڵاش باسی گەڕانەوەی بۆ دەستوور كردووە، ئەوەی كورد لە ریفراندۆم كردی دەرچوون بوو لە یاسا و دەستووری و دەوڵەتی عێراق و هەڵگەڕانەوەیەكی ئاشكرا بوو، بۆیە پێویستە هەڵبوەشێتەوە.

زیاتر گوتی، ئەوەی روو دەدات گۆڕینی نەخشەی دەوڵەتە و تۆ ناكرێت نەخشەی دەوڵەتێك بگۆڕیت كاتێك قسە لەسەر خەونێك دەكەیت بە دەوڵەتی كوردی، راستە كورد مافی هەیە، بەڵام لەسەر حسێبی وڵات و یەكپارچەیییەكەی نا و ئەوە هێڵی سوورە.

ئەو دووپاتی دەكاتەوە چۆن دەكرێت كەمینەیەكی وەك كورد و كێ رێ بەوە دەدات كە ئەوان نەخشەی مێژوویی عێراق دابڕێژنەوە؟، بۆیە شتێك نییە بەناوی ناوچە كێشەلەسەرەكان و ئەوە كارێكی مەترسیدارە، كەركووك عێراقییە و پێویستە فڕۆكەخانە و بیرە نەوتەكانی بكەونە ژێر كۆنترۆڵی عێراق و پێشتر عێراق لاواز بووە و بەهەڵە ئەو شوێنانە كەوتوونەتە دەستی كورد.

هاوكات پێكهاتەی سوننە كە یەك گوتار و بڕیار نین، ئەوان لەلایەك لە جیابوونەوەی كورد لە كەمبوونەوەی سەنگی سوننە لە عێراق لە بەرامبەر شیعە دەترسن، لەلایەكی تریش زۆرینەی ناوچە كێشەلەسەرەكان لەگەڵ هەرێم سوننەن و نایانەوێت لەو دۆخەی لاوازیان یەكلا بێتەوە، بەتایبەتی لە نێوان شیعە و كوردەوە.

موتەشەڕ سامەڕایی پەرلەمانتاری سوننە وەك دیدی سوننەی عێراق بۆ "وشە"دەڵێت، وەك پێكهتەی عەرەبی سوننە هیچ كات بۆچوونی ئێمە وەرنەگیراوە نە پێشتر و نە ئێستەش لەو كێشانەی نێوان هەرێم و عێراق، دواجاریش كە هەردوو هاوپەیمانی كوردستانی و نیشتمانی (شیعە) لە بەغدا بەیەك گەیشتن، ئەوان ئێمەیان بەشدار نەكرد، ئەگەرچی ناوچە كێشەلەسەرەكان لە نێوان هەرێم و سوننەیە.

موتەشەر دووپاتی كردەوە كە ناتوانین ناكۆكییەكانمان تێپەڕێنین، چونكە لقیان لێ بووەتەوە و قووڵتر بوونەتەوە و قەتیسبوونی هەستەكان لە بەرامبەر یەكتر تا دێت زیاتر دەبێت و بەشێكی هاوپەیمانی نیشتمانیش رژد نییە لە پێدانی مافی دەستووری و یاسایی هاوبەشانی.

زانا ڕۆستایی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" ڕای گەیاند، تا ماوەیەكی تریش عێراق بەم شێوەیە دەمێنێتەوە كە شیعە پێی وایە ئەوە عێراقی یەكپارچەیە كە تەنیا بەناو یەكپارچەیە.

ڕوونی كردەوە، ئێستە پڕۆژەی جیاواز لە عێراقدا هەیە و كورد پڕۆژەی دەوڵەتبوونی هەیە و چاوەڕوانی دەوێت تا بەئەنجام دەگات، چونكە ئەوە پێویستی بە بەرنامەیەكی تۆكمە هەیە. رۆستایی پێی وایە كە ماوەیەكی كورت ماوە بۆ ئەوەی عێراق بەم شێوەیە بمێنێتەوە و شیعە پڕۆژەیەكی باش و یەكخستنی پێكهاتەكانی پێ‌ نییە.

د. محەمەد ئەحمەد ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێش ڕووخانی ڕژێمی سەدام ڕامان گەیاند كە عێراق وەك سپرینگێك لەژێر پاڵەپەستۆدا ڕاگیراوە و هەركاتێك پاڵەپەستۆكە نەما، سپرینگەكە دەردەچێ‌، لەو كاتەوەی كە ڕژێمی سەدام ڕووخا، پێكهاتەكانی كورد و شیعە و سوننە پڕۆژەكانیان جیاواز بووە.

ڕوونی كردەوە، ئەنجامی هەموو ئەو دۆخەی لە عێراقدا ڕووی دا، ئێستە وای لێ هاتووە كە پێكهاتەی شیعە نەك هەر تۆڵە لە عێراق بكاتەوە، بەڵكو ڕەنگی خۆیان بدەن بەتەواوی عێراق و بڕیار بەسەر عێراقدا بسەپێنن و بە فیكری ئەوانەوە بەڕێوە بچێت. ئێستەش پێكهاتەكانی تری عێراق بڕیارەكانی شیعەیان پێ پەسەند ناكرێت و ئەو دۆخە بە ناسەقامگیری دەمێنێتەوە تا فیكری خۆسەپاندن لای شیعە بمێنێتەوە.

بە كۆنفیدراڵی یان فیدراڵی ڕاستەقینە سەقامگیری لە عێراقدا دروست دەبێت و پێویستە تەواوی پێكهاتەكان هەست بەبوونی خۆیان بكەن لە عێراقدا، بۆیە ئەگەر كورد یەكڕیز بێت، ئەوە شیعە و پێكهاتەكانی تر ئەگەر هەموو ئێرانیش لە پشتیان بێت، ناتوانن پێشێلكاری لە دژی سەر كورد بكەن. د. محەمەد ئەحمەد وای گوت.

ئاماژەی كرد، ئەگەر كورد ڕیفراندۆمیشی نەكردایە، ئەو شەڕەی هەر پێ‌ دەفرۆشرا، ئەوەی ئێستە هەیە پێویستە كورد خۆڕاگر بێت بەرامبەر هەموو كاردانەوەكان كە كورد دەیەوێت پڕۆژەكەی خۆی كە دەوڵەتە سەربخات و هەرێمایەتیش لای سوننە بووەتە خەون. بۆیە یەكپارچەیی عێراق تازە دروست نابێتەوە و پێكهاتەكان خاوەنی پڕۆژەی تایبەتی خۆیانن.

سەرخێڵ و مەحموود



وشە - تایبه‌ت