گەرمیان كۆمەك بۆ ئاوارەكانی خورماتوو كۆ دەكاتەوە

:: AM:10:37:20/10/2017 ‌

پاش ئاواربوونی خەڵكی شارۆكەی خورماتوو بۆ ناوچە جیاجیاكانی كوردستان، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان هەڵمەتێكی چڕ كۆمەككردنی ئەو ئاوارانە دەستی پێكردوە.

بەرهەم جیهانگیر، یەكێك لە رێكخەرانی كەمپینی هاوكاریكردنی ئاوارەكانی خورماتوو، بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی سێ رۆژە ئەم هەڵمەتی هاوكاریكردنی ئاوارەكانی خورماتوومان دەست پێكردوە.

زیاتر گوتی، خۆراك بەتایبەت شیری منداڵان، هەروەها جلوبەرگی زستانە و پێخەفی خەوتن دەگەیەنینە ئەو خەڵكەی كە ئاوارەبووە. روونی كردەوە، هەڵمەتەكەمان بەردەوام دەبێ و كۆتایی پێ ناهێنین تا ئەو كاتەی دەگەرێنەوە شوێنی خۆیان یان دەبرێنە كەمپی تایبەت بە ئاوارەكان.

بێستون ژاڵەیی، بەرپرسی كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئاوارەكانی شارۆكەی خورماتوو لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چوار هەزار خێزانی تێپەڕاندووە.

لە رۆژی 16ی ئەم مانگەوە پاش داگیركردنی شارۆكەی خورماتوو لەلایەن چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە، خەڵكی ئەو شارۆكە كوردستانییە دابڕاوە ئاوارەی گەرمیان بوون.

گەرمیان/ سەبری هۆرینی











وشە - مه‌حموود ئیسماعیل