ئادەم گەڤەری: دنیا ناتوانێ دژی ئیرادەی گەلی كوردستان بوەستێتەوە

:: AM:10:47:20/10/2017 ‌

ئادەم گەڤەری پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (HDP)ەی شاری وان لە پەرلەمانی توركیا، لە دیدارێكی ''وشە''دا رای دەگەیەنێت، ئەو هێرش و گەفانەی ئێستە لەسەر هەرێم دەكرێن، كۆن نین و چاوەڕوانكراو بوون نەك بە تەنیا عێراق، بەڵكو هەموو ئەو وڵاتانەی دەوروبەر و دووپاتیشی دەكاتەوە، هەموو پارچەكانی كوردستان بەرامبەر هەر هێرش و هەڕەشەیەك یەكن.

كاردانەوەكانی وڵاتانی دەوروبەر چۆن دەبینن بەرامبەر بە گەلی كوردستان؟
ئەم كاردانەوانەی وڵاتانی هەرێمی لە دژی كوردستان هیچ شتێكی نوێیان تێدا نییە، ئەوان هەردەم رووی رەشی خۆیان پێشانی ئێمە و دنیایش داوە، بەڵام خۆ كورد بە هیچ شێوەیەك لە دژی هیچ شتێكی ئەوان نەبووە، كورد هەردەم خێر و بەرەكەت بووە بۆ وڵاتان، بەڵام ئەوان بە هەموو شێوەیەك لە دژی ئیرادە و مافی كورد دەوەستن. خودا ئێمەی لەگەڵ ئەو دەوروبەرە داناوە كە هیچ بڕوایەكیان بە گفتوگۆ و مافی مرۆڤ نییە و نایانەوێت كورد وەك هەموو نەتەوەیەكی دنیا خاوەنی وڵاتی سەربەخۆ بێت و لە دژایەتی كردنی گەلی كوردستان بەردەوامن.

لە بەرامبەر هێرش و هەڕەشەكانی سەر باشووری كوردستان، هەڵوێستی كوردانی باكوری كوردستان چۆن دەخوێننەوە؟
من بە خۆم ناتوانم بە ناوی هەدەپە قسە بكەم، چونكە ئێمە بە دیموكراتی و ئاشتییانە سیاسەت دەكەین هەم لە توركیا و هەم لە دنیا، بەڵام من وەك خۆم ئامادەم بە هەموو شێوەیەك بێم و بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان بكەم، بە دڵنیایییەوە هەدەپەش هەڵوێستێكی باشی هەیە و بە هەموو شێوەیەك بە چالاكییە مەدەنییەكان و رێی ئاشتییانە پشتگیری گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان دەكات.

كاردانەوەی داهاتووی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر كوردستان چۆن دەبینن؟
ئەوەی پێوەندی بە ریفراندۆمەوە هەبێت، كوردستان بڕیاری خۆی داوە و هیچ كەس ناتوانێت رێگری لە ئیرادەی گەلی كورد بكات، چونكە كێشەی كورد ئێستە بەگشتی بووەتە یەك كێشە و بۆ بەرگریكردن لە كوردستان هەموو كوردستان یەكە و بۆ سەربەخۆیی كوردستانیش ئێستە یەكن، لەبەر ئەمەش هەموو دنیا ناتوانێت بەرامبەر گەلی كورد بوەستێتەوە.

كورد پێویستە ئێستە چ بكات بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی دیموكراسییانە بە مافەكانی بگات؟
ئێستە كورد پێویستی بە دنیای مەدەنییە بۆ پشتگیریكردن، باوەڕمان بەوە هەیە كە نەخشەیەكی سیاسیی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناویندا هەیە، بۆ داهاتوو كورد بە هەموو شێوەیەك رۆڵی خۆی تێیدا بە باشی دەگێڕێت.

وشە/ كاروان باعەدرێ



وشە - تایبه‌ت