سی ئێن ئێن: پێشمه‌رگه‌ به‌ چه‌كی سووك توانی تانكه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كانی حه‌شد تێك بشكێنێ

:: PM:04:18:20/10/2017 ‌

پێشمه‌رگه‌ی كوردستان توانی ئه‌و هێرشه‌ی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ له‌ ڕێی پردێوه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر هاتبوون تێك بشكێنێ و ئاژانسێكی ئه‌مه‌ریكیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پێشمه‌رگه‌ به‌ چه‌كی سووكه‌وه‌ توانی تانكی ئه‌مه‌ریكیی میلیشیاكان بته‌قێنێته‌وه‌.

به‌یانیی ئەمڕۆ هه‌ینی، هێزەكانی عێراق بەرەو شارەدێی پردێ پێشڕەویان كرد و له‌ جەنگێكی سەختدا لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەستێنران و ڕێگه‌ له‌ پێشڤه‌چوونیان گیرا و چه‌ندان زیانی گیانی و مادیان لێ كه‌وته‌وه‌.

ئاژانسی "CNN"ی ئه‌مه‌ریكی بڵاوی كرده‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ چه‌كی سووك و مامناوه‌ند و هاوه‌نه‌وه‌، له‌ ناوچه‌ی پردێ (32 كم باكووری كه‌ركووك) توانیان به‌ره‌نگاری میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عێراقییه‌كان ببنه‌وه‌.

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چەكی ئەمەریكی كە بە سوپای عێراقی دراون و بە بەشداریی تۆپچییەكانی ئێران هێرشێكی بەرفرەوانیان كردووەتە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە پردێ.

دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كه‌یان تێك شكێندرا و به‌پێی ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، زیاتر لە 10 هامەر و تانكێكی ئەبرامزیان لەناو بران، حه‌یدره‌ عەبادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق فەرمانی بۆ هێزە سەربازییەكان دەركردووە كە لە سنووری پارێزگەی كەركووك بەرەو هەولێر تێنەپەڕن.

دوێنێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە داوای حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد بۆ دەست پێكردنی وتوێژ لەگەڵ هەولێر لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی جەنگێكی سەخت لە پارێزگای كەركووك.




وشە - كوردۆ شابان