دوای ئەوەی بەهۆی ڕیفراندۆمەوە كۆمپانیاكانی ئێران كە لایەنی جێبەجێكاری پڕۆژەی هایدرۆپاوەری گەلی ڕەشاڤە بوون، گەڕانەوە ئێران و تا ئێستەیش نەگەڕاونەتەوە، ئێستە كۆمپانیای جێگرەوەیان بۆ دابین دەكرێ و كاركردن لە پڕۆژەكە بەردەوامی دەبێ.
سامە ئەوشانە بەڕێوەبەری شارەدێی دێرەلووكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی ئاشكرای كرد، گەڕانەوەی كۆمپانیاكانی ئێران هیچ كاریگەری لەسەر پڕۆژەی هایدرۆپاوەری گەلی ڕەشاڤە لە دێرەلووك نابێ، لەم ڕۆژانە جارێكی تر دەست بەكاركردن لە پڕۆژەكە دەكرێتەوە و كۆمپانیای تری ئێرانی وەك جێگرەوەی كۆمپانیاكانی پێشوو دەستبەكار دەبن.
هەروەها گوتی، لەگەڵ نوێنەری ئاژانسی جێبەجێكاری ژاپۆنی گفتوگۆمان كردووە و گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی كە پڕۆژەی هایدرۆپاوەری گەلی ڕەشاڤە پڕۆژەیەكی نێودەوڵەتی و ستراتیجییە و نابێ بە هیچ شێوەیەك بوەستێنرێت، بۆیە ئەوان ڕەزامەندییان داوە كۆمپانیای جێگرەوە بهێنرێتە شوێنی كۆمپانیا جێبەجێكارەكانی پێشوو.
ئاماژەی دا، پڕۆژەی هایدرۆ پاوەری گەلی ڕەشاڤە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكان و كارەبا لە هێزی كارۆئاوی بەرهەم دەهێنێت و 100% وێستگەی پڕۆژەكە و 40% كارە تەكنیكییەكانی تەوابوون، پڕۆژەكە ڕاستەوخۆ لەلایەن حكوومەتی ژاپۆن و ئاژانسی جایكای ژاپۆنی پارەدار دەكرێ، لە ڕێی قەرزدانی بە عێراق كە گوژمەی پڕۆژەكە 168 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكییە و بڕی 42 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت.
ئامێدی/نەوزاد هلۆری.