دوای زێدان كێ دەبێتە راهێنەری ریال مەدرید؟

:: PM:01:48:21/10/2017 ‌

فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕوای تەواوی بە تواناكانی زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی، بەڵام بۆ ئەگەری سەركەوتوونەبوون لە ئەركەكەیدا راهێنەرێكی بۆ شوێنگرەوەی داناوە.

هەرچەندە پێرێز تا ئێستا لەگەڵ زێدان دڵخۆش و بێ كێشەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە مانەوەی راهێنەرەكە بۆ ماوەیەكی درێژ مسۆگەرە بەتایبەتیش ئەگەر نەیتوانی لە ئامانجەكانی ئەم وەرزەیدا سەركەوتن بەدەست بێنێ.

رۆژنامەی (ئێكسپرێس)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: لە ئەگەری رۆیشتنی زێدان، سەرۆكی یانەی ریال مەدرید هەوڵ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ماوریسیۆ بۆكیتینۆی راهێنەری ئەرجەنتینی و یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی دەدات.

بەگوێرەی سەرچاوەكە پێرێز بە كارەكانی بۆكیتینۆ سەرسامە كە لە وەتەی بووەتە راهێنەری یانەی تۆتنهام كاری گەورەی لە یانەكەدا كردووە، یانەكە هەروەها لە 2015 پێش هاتنی رافایێل بینیتێز هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ ئەو راهێنەرە دابوو، بەڵام لە هەوڵەكانی سەركەوتوو نەبوو.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو راهێنەرە ئەرجەنتینییە زیاتر لەلای پێرێز خۆشەویستتر بوو دوای ئەوەی بەشێوەی ئاشكرا رایگەیاندبوو كە تا سەر ئێسقان ركی لە یانەی بەرشەلۆنە دەبێتەوە.

جێی باسە بۆكیتینۆ سێشەمی رابردوو لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە گەڕی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا رووبەڕووی تیپەكەی زێدان بووەوە و ئەنجامی یارییەكەش بەیەكسانبوون 1-1 تەواو بوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م