د. دەوەن دڵشاد عهبدوڵا پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان له كورته دیدارێكی لهگهڵ "وشه" باس له كاریگهرییه خراپهكانی جهنگ و ئاڵۆزی و ئاوارهیی بۆ سهر منداڵان دهڵێ، شەڕ و دۆخی ناخۆشی ناوخۆی وڵات كاریگەری دەبێت لەسەر منداڵا هەروەك چۆن كاریگەری لەسەر گەورە هەیە، بەڵام لە ڕێی جیاواز، منداڵا پشتی بەستووە بەو گەورانەی كە بەخێویان دەكەن و گرنگی پێدانیان لەلایەن بەخێوكەرەكانییەوە (دایك و باوك) لەوانەیە بەهەمان شێوەی پێشتر نەبێت یا زۆر كەمتر بێت لەو كاتەی كە بارودۆخ باشە، ئەویش بەهۆی زیاتر سەرقاڵبوونی گەورەی ماڵا بەو كێشانەی كە لە وڵاتدا دەگوزەرێت و بیركردنەوە لە دۆزینەوەی ڕێ چارەیەك كە بتوانێت خانەوادەكەی بپارێزێت لەهەر ڕووداوێكی نەخوازراو، هەروەها لەوانەیە ئەو دایك و باوكە یان بەخێوكەرە باری دەروونی گرژ بێت و زوو هەڵبچێت لەگەڵا منداڵەكانی یان لەوانەیە بۆ ماوەیەكی كاتی لەلایەن كەسێكی ترەوە بایەخی پێ بدرێت لە جیاتی دایك و باوكی .
لایەنێكی تر لە كاریگەری بارودۆخی شەر و ئاژاوەی وڵات لەسەر منداڵا ئەوەیە كە لەوانەیە منداڵا بۆ ماوەیەك لە خوێندنی یا لەو شوێنەی كە خۆشی لێ بەسەر دەبات وەك دایەنگە و باخچەی ساوایان داببڕێت، لەوانەیشە منداڵا لەگەڵا خانەوادەكەی تووشی ئاوارەبوون ببنەوە، لەوكاتەدا بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ لە ژیانێكی ناخۆش و دوور لە نازی دایك و باوك و دوور لە خوێندن لە چاوەڕێی ئەوەی ڕۆژێك بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی پێشووی خۆی. ڕەنگە منداڵان بە هۆی شەڕەوە ئەندامێكی جەستەیان لە دەست بدەن كە دایدەبڕێت لە ژیانی ئاسایی و خوێندن تا ژیانی ماوە. كچێك بە هۆی ئاژاوەی وڵات لەوانەیە تووشی دەستدرێژی سێكسی ببێتەوە كە وای لێ دەكات هەموو ژیانی لە ژیانێكی خەمۆك و یاخود لەوانەیە ئەگەری دروستكردنی خانەوادە و شووكردن لەدەست بدات، هەروەها لەوانەیە پاش تەواوبوونی شەڕ و ئاڵۆزی ماكی شەڕ و گرژی لەسەر ژیانی هەر بەردەوام بێت و كاریگەری لەسەر ژیانی هەبێت .
دەتوانین كاریگەری شەڕ لەسەر منداڵ بە چەند خاڵێك ڕوون بكەینەوە:
مردن: بە سەدان منداڵا دەمرن بەهۆی ڕوودانی شەڕ لەوانەیە بەهۆی مردنی ڕاستەوخۆی بەكارهێنانی چەك یاخود كوشتن بەهۆی جیاوازی بڕوا و ئاین .
برینداربوون: زۆر لە منداڵان لەوانەیە بە شێوەیەكی مەترسیدار بریندار بن، بەهۆی چەكەوە یا لە ڕێی بوونی مین و تەقەمەنی كە زیاتر منداڵا پێوەی دەتەقێتەوە.
كەمئەندامبوون: بە هەزاران منداڵا كەمئەندام دەبن بەهۆی شەڕەوە، ئەویش بەهۆی لەدەستدانی ئەندامێكی جەستەی بۆ نموونە ئەگەر قاچێكی لەدەست بدات، لەوانەیە 10 ساڵا چاوەڕێ بكات تا قاچێكی دروستكراوی بۆ دروست دەكرێت .
نەخۆشی: شەڕ و ئاژاوەی وڵات و كەمی یان نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی، بە یەكێك لە هۆكارە گرنگەكانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دادەنرێت، ئەویش بەهۆی نەبوونی چاودێری بۆ نەخۆشی درێژخایەن و پیسبوونی ئاو و ژینگە و كەمی خواردن و بڕینی ڕێ بۆ سەنتەری چاودێری تەندروستی، بەهۆی چوونی منداڵا لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر بەرگری لەشی كەم دەبێتەوە .
منداڵی ئاوارە زیاتر مەترسی بەدخۆراكی و تووشبوون بە نەخۆشی لەسەرە، هەروەها منداڵا دادەبڕێت لە وەرگرتنی كوتان لە دژی نەخۆشییە گوازراوەكان كە ئەویش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی زیاد دەكات.
لاقەكردن: ئەو دیاردەیە زۆر زیاترە لەكاتی شەڕ ئەویش بەهۆی كەمدەرامەتی و نەبوونی چاودێری ورد لەلایەن دایك و باوكەوە یا سەرقاڵبوونی دایك و باوك بە پەیداكردنی نان بۆ منداڵەكانیان و هەڵخەڵەتاندنی منداڵەكان .
كاریگەری دەروونی: منداڵا ڕووبەڕووی باری تیرۆری و تۆقاندن دەبێتەوە لەكاتی شەڕ و ئاڵۆزیدا و لەوانەیە تووشی زۆر حاڵەتی دەروونی ببێتەوە، دابڕان و تێكچوونی ژیانی ئاسایی منداڵا لەوانەیە ببێتە هۆی تووشبوون بە خەمۆكی و دڵەڕاوكە كە لەوانەیە بۆ ماوەیەكی درێژ كاریگەری هەبێت لەسەریان و ببێتە هۆی ڕوودانی ڕووداوی زیاتر .
كاریگەری خراپی شەڕو ئاژاوە بۆ ئەو منداڵانەی كە لە تەلەڤزیۆنەكانەوە بینەری شەڕ دەبن :
بەهۆی زۆری ژمارەی كەناڵەكانی تەلەڤزیون و ڕووماڵكردنی بەردەوامی ئەو شەڕ و ئاژاوەیەی كە لەم دواییە بەرۆكی وڵاتەكەمانی گرتووە و پێشاندانی لە لایەن كەناڵەكانەوە وای لێ هاتووە زۆربەی ماڵەكان چاودێری بارودۆخەكە دەكەن لە ڕێی ئەم كەناڵانەوە لە پێش چاوی منداڵەكانیانەوە بێ گوێدانە ئەو كاریگەرییە خراپانەی كە دروست دەبێت لەسەر منداڵەكانیان .
ئەم دیمەنانەی كە منداڵا دەیبینێت لە تەلەڤزیون، لەوانەیە ببێتە هۆی ڕوودانی كارەسات، چونكە زانایان دەریان خستووە كە ئەو منداڵانەی كە سەیری دیمەنی توندوتیژی دەكەن لە تەلەڤزیون، شەڕانگێر دەبن و زیاتر لە كورد دەردەكەوێت، لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی كە ئەو منداڵە ئەو دیمەنانەی كە دەیبینێت دووبارەی بكاتەوە و لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی كە ئازاری گیانی خۆی بدات .
بۆ خۆ بەدوورگرتن لە كاریگەری خراپی تەلەڤزیون، پێویستە هیچ منداڵێك تەلەڤزیون و كۆمپیوتەر لە ژووری تایبەتی نەبێت و پێویستە تەماشاكردنی تەلەڤزیون و یاری ڤیدیۆیی لە دوو سەعات زیاتر نەبێ، پێویستە تەماشاكردنی تەلەڤزیون لەلایەن منداڵەوە بە چاودێری دایك و باوك بێت و ڕوونكردنەوەی بۆ بدرێت كە كام پرۆگرام باشە و كامەیان خراپە و جیاوازی لە نێوان ڕاستی و خەیاڵا بكات .
هەولێر/ ئیڤان عەبدوڕەحمان.