پاسداران و پەكەكە و حەشد لە شه‌نگال دەستیان بە تاڵانی كرد

:: PM:03:40:21/10/2017 ‌
سەركردەیەكی هێزی پاراستنی ئێزیدیخان كە حەیدەر شەشۆ سەرۆكایەتییان دەكات، دووپات لەوە دەكاتەوە، هەرچەندە ئەوان بە ئاشتی و بێ گرژی ڕێیان دا میلیشیاكان بێنە شنگالەوە، چونكە ئەوانیش شەڕی تیرۆریان كردبوو و یەك دوژمنمان هەبوو، بەڵام ئێستە ئەوان دەستیان بە دزین و تاڵانی كردووە و ئەمەیش بە تەواوی خەڵكەكەی بێزار كردووە.

سەلام شنگالی یەكێك لە سەركردەكانی هێزی پاراستنی ئێزیدیخان بە ''وشە''ی ڕاگەیاند، خەڵكی شنگال لەم چەند رۆژانەدا زۆر بێزار بووە و حەشد رۆژ لە دوای رۆژ خەڵك بێزارتر دەكات و چەك و ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی گرانبەها بە زۆر لە خەڵك وەردەگرن.

هەروەها گوتی، ڕاستە ئێمە رێزمان لە حەشد گرت، چونكە بەرامبەر بە ڕێكخراوی داعش وەستابوو و رێزمان لە قوربانییەكانیشیان دەگرت، بەڵام ئێستە كە ئەو هێزەی میلیشیاكان كە لە شنگالن، حیساب بۆ هیچ یاسایەك ناكەن و ڕێز لە هیچ بەهایەك ناگرن، ئێمەی ئێزیدی بە هیچ شێوەیەك ئەو سووكایەتییانەیان لێ قبووڵ ناكەین.

ئاماژەی دا، لە كاتی هاتنی حەشدی شەعبی بۆ شنگال، هێزەكانی سەر بە پەكەكە دەستیان بەسەر بارەگا حكوومییەكاندا گرتووە و ئاڵای كوردستانیان هێنایە خوارەوە، لە راستیدا ئەمە كارێكی نەشیاو و نانیشتمانییە و دوورە لە كوردایەتی.

لە بەشێكی تری قسەكانی ناوبراو گوتی، ئەو خێزانانەی كە پێشتر دەستیان هەبوو لەگەڵ تاوانەكانی داعش رایان كردبوو بۆ سووریا، ئێستە پەكەكە لە سنوورە دەرگەی بۆ كردوونەتەوە و ئەو خێزانانە دەگەڕێنێتەوە ناوچەكە و ئەمەش مەترسییەكی زۆر گەورەیە بۆ سەر ناوچەكە، چونكە زۆربەی خێزانەكانی داعش لەگەڵیانن، بۆیە جێی میلیشیاكان شنگال نییە و دەبێ چۆڵی بكەن، چونكە خەڵكی چیتر قبووڵی ئەو هێزە میلیشیا و تاڵانچییە ناكات.

شنگال/ كاروان باعەدرێ


وشە - باز ئه‌حمه‌د