200 هەزار چەكداری پاسدار لە سووریا و عێراقن

:: PM:06:54:21/10/2017 ‌
سوپای پاسداران ڕۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە گرژیی و ئاڵۆزییەكانی لە دۆسیەی سووریا دەگوزەرێت، لە دوای شكستی بەهاری عەرەبی تا ئێستە 42 لیوا و 138 یەكەی سەربازی لە بەرژەوەندی ڕژێمی سووریا و دژی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن پیێك هێناوە هەروەك محەمەد ئەسكەندەری سەركردەی هێزەكانی پاسداران لە دەڤەری مەلایری ئێران دەڵێت.

محەمەد عەلی جەعفەری سەركردەی گشتی پاسداران دەڵێ راپۆرتەكان زیاتر لە 200 هەزار چەكداری پاسداران لە شەڕی دژ بە داعش لە عێراق و سووریا هەن كە لە چوارچێوەی یەكەی چەكداری میللی لە ژێر ناوی پارێزەرانی حەرەم كە لەژێر سەركردایەتی پاسدارانن.
 
میلیشیاكانی سەر بە سوپای پاسداران خۆیان بە چەندان گروپی جیاواز جیاواز چالاكی لە سووریا دەكەن كە لەناو هێزەكاندا خەڵكی ئێرانی، عێراقی، لوبنانی، ئەفغانستانی و پاكستانیش هەن.

1-فەیلەقی قودس
ئەو فەیلەقە لە ریزبەندی فەیلەقەكانی سەر بە سوپای پاسداران لە پلەی پێنجەم دێت، دوای هێزەكانی ئاسمانی، وشكانی، پیادە و باسیج، كە ئەركیان ئەنجامدانی چالاكییە لە دەرەوەی ئێران.

دروستكردنی فەیلەقی قودس دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی نێوان عێراق و ئێران كە ئامانج لێی ئەنجامدانی چالاكی سەربازی و كۆكردنەوەی زانیاری بوو لەناو عێراق. بەڵام دوای بەهاری عەرەبی لە سووریا ساڵی 2011، قۆناغێكی نوێ بۆ فەیلەقی قودس هاتە پێشەوە، ئەویش بەرەنگاربوونەوەی داعش بوو لە عێراق و سووریا.

فەیلەقی قودس لە سەرەتای بەشداری لە شەڕی دژ بە داعش لە سووریا دووچاری زیانی زۆر گەورە بوو، ئەمەش ناچاری كردن كە ئاڕاستەی كاركردنیان لە سووریا بگۆڕن و چی دیكە هێز رەوانە نەكەن، بەڵكو ئەو ئەركە بسپێرن بە رێكخستنە چەكدارییەكانی حزبوڵای لوبنانی. لەم چوارچێوەیەدا سەركردەكانی پاسداران لە تاران هەڵمەتی پاراستنی شوێنە پیرۆزەكانی شیعە لە سووریایان فراوانتر كرد و لەو رێگەیەوە هێزیان بۆ سووریا رەوانە كرد.

هەر لە چوارچێوەی پاراستنی شوێنە پیرۆزە شیعییەكان لە سووریا، تاران چەندان كۆنگرەی بەست، ئەو دەستەیەی سەرپەرشتی كۆنگرەكانی دەكرد لە چەند ساڵی رابردوودا سەركەوتوو بوو لە هاندانی گەنجان لە تێوەگلان لە جەنگی سووریا و گەیشتن بە ئامانجەكانیان لە رێگەی ناردنی سەتان هەزار گەنج لە رێگەی مزگەوتەكان و حوسەینییەكان و سەربازگەكانی باسیج بۆ سووریا.

2- یەكینەكانی ئەهلی سوونەی ئێرانی:
سوپای پاسداران توانی هەژاری لە پارێزگا زۆرینە سوونەكانی ئێران لە سیستان و بلوشستان بقۆستەوە و بیانخاتە ریزی پاسداران و رەوانەی سووریایان بكات بۆ شەڕكردن لە چوارچێوەی هێزەكانی سووریا.

بەگوێرەی راپۆرتی هەندێك لە چالاكانی ئەو شارانە، پاسداران لاوازی هەژاری خەڵكی ناوچەكەی قۆستۆتەوە بە تایبەت لە بلوجستان. هەروەك راپۆرتێك ئاشكرای دەكات پاسداران توانیویانە 25 گەنجی شارۆكەی فنوش لە بلوجستان رەوانەی سووریا بكات.

بەگوێرەی ئاژانسی ئیرنای ئێرانی  لەزاری سەركردەی پاسداران لە بلوجستان دەڵێ تا ئێستە توانراوە راهێنانی سەربازی لە سەربازگەی زاهدان لە ئێران بە دوو هەزار گەنج بكرێت و چەكیان پێ بدرێت و رەوانەی سووریا بكرێن.

پێش ئەوە عەلی رەزا عەزەمی سەركردەی پاسداران لە هەردوو شاری بلوجستان و سیستان ساڵی 2012 رایی گەیاند، كە سوپای پاسداران هاوكاری داراییان پێشكەش بە كەسوكاری ئەوانە كردووە كە تەجنید كراون لە ریزەكانی سوپای پاسداران.
 
بەگوێرەی لێدوانەكانی عەلی رەزا، ئەوانە لە ریزەكانی پاسداران توانیویانە خزمەتی گرنگ پێشكەش بە سوپای پاسداران بكەن بە تایبەت لە بواری ئۆپراسیۆنەكان و هەواڵگری بە پشت بەستن بە شارەزایی وردییان لە جیۆسیاسی و جوگرافیای ناوچەكە، بەڵام رەزای هیچ ئامارێكی لەسەر ژمارەی ئەو كەسانە ئاشكرا نەكرد كە لەم پڕۆژەیەی سوپای پاسداران، هێندە نەبێت ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە ئەوانە لە نێو گروپی بچووكی 250 كەسی رێكخراون.

3- حزبوڵڵای سووری:
پێكهێنانی حزبوڵڵای سووری كە بەشێكە لە پڕۆژەی سوپای پاسداران و سەر بە حزبوڵڵای لوبنانییە، لەلایەن حوسێن هەمەدانی جێگری سەربازگەی ئیمام حوسێنی ناوەندی كە كۆماری ئێرانی پێكیهێناوە بۆ حزبوڵڵای سووری پشتڕاست كراوەتەوە.
 
حزبوڵڵای سووری  كە لە سەرەتای 2014 راگەیەندرا، تێكڕای ئەندامەكانی سەر بە مەزهەوی شیعەی سووریین و چەندان چەكداری لە خۆوە گرتووە و لە سووریا پشتگیری لە رژێمی بەشار ئەسەد دەكات و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای سووریا هەیە و دژی ئۆپۆزسیۆنی سووریاش شەڕ دەكات.

حزبوڵڵای لوبنانی بەڵێنی بە سوپای پاسداران داوە كە راهێنانی تەواو بە سەركردەكانی حزبوڵڵای سووری بكات كە ژمارەی ئەندام و چەكدارانی دەگاتە 15 هەزار چەكدار و وەلای تەواویان بۆ ئایەتوڵڵا خومەینی  و سەیدە زەینەب هەیە و ئەمەش بە ڤیدیۆ لەسەر یوتوب هەن.
 
4- لیوای فاتیمەكان
ئەمەش یەكێكە لە میلیشیاكانی شیعە لە سووریا، پێكهاتەی ئەو لیوایە زۆرینەی ئاوارەكانی ئەفگانستانی نیشتەجێی ئێرانن كە لەلایەن سوپای پاسداران لە سەربازگەكانی خۆراسان راهێنانیان بینیوە و رەوانەی سووریا كراون.

بەگوێرەی میدیاكانی ئێران ئەو لیوایە سەرەتا لە 17 ئەفگانی شیعی دانیشتووی دیمەشق پێكهێندرا، بەڵام لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی دۆخی سووریا ئەو لیوایە گەشەی كرد و ژمارەیشی زیادی كردووە و هەندێك سەرچاوە دەڵێن ژمارەی دوو هەزار و 500 چەكدار دەبێت كە هەر هەموویان شیعەی دانیشتووی كابولی پایتەختی ئەفگانستانن لە سووریا و ئێران و زۆرینەی كوژراوانی ئەو لیوایە لە شەڕەكانی سووریا لە گۆڕستانەكانی قوم و مەشهەد نێژراون.

عەلی رەزا تەوەسلی سەركردەی ئەو لیوایە دەكات كە بە ئەبو حامد ناسراوە كە لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو لە شاری درعای سووریا كوژرا و لە گۆڕستانی مەشهەد بە خاك سپێردرا.

5-  لیوای زەینەبییەكان:
لیوای زەینەبییەكان، سێیەم لیوای سەربازییە كە رەوانەی سووریا كراوە و لەناو ئێران لە شیعە پاكستانییەكانی دانیشتووی ئێران پێكهێندراوە. ئەو لیوایە بە هاوكاری فەیلەقی قودس پێكهێندرا و راهێنانیان پێكراوە دوای ئەوەی داعش هێرشی كردە سەر عێراق.
بارەگای سەرەكی ئەو لیوایە دەكەوێنە شاری قوم لە ئێران و ئیسلام ئاباد لە پاكستان، تەنانەت دەگوترێت ئەو لیوایە پەیوەندییەكی بەتینی هەیە لەگەڵ حزبوڵڵای  پاكستانی كە هادی نقوی سەركردەی گشتی لیوایەكە و دەڵێ ئەو لیوایە بەشێكە لە كۆمەڵە لیوایەكی سەر بە حزبوڵڵای لوبنانی.

6- لیوای خزمەتكاری عەقیلە
ئەو لیوایە جیاوازە لەگەڵ لیوایی فاتمییەكان چونكە چەكدارانی لیوایەكە هەموویان هەڵگری رەگەزنامەی سوورین، یان روونتر بڵێین ئەو ئەفغانستانیانەن كە رەگەزنامەی سوورییان پێدراوە و دروشمی لیوایەكەش كە لەسەر شانی چەكدارانیەتی هەردوو پیتی یەكەمی سووریا  وئەفغانستان نووسراوە.

7- سەریای خۆراسانی:
ئەو گروپە چەكدارییە لە شیعەكانی باشووری عێراق پێكهێندراوە و ئامانجی سەرەكی بەرەنگاربوونەوەی داعشە، بەڵام ئێستە هاوشانی یەكەكانی دیكەی حەشدی شەعبی هێرش دەكاتە سەر كوردستان و شەڕ لەگەڵ پێشمەرگە دەكات. 

عەلی یاسری دامەزرێنەری ئەو یەكە چەكدارەیە و بە فەرمی داوای دامەزراندنی سوپای پاسدارانی عێراقی كردووە لە بەرپرسانی ئێران.

ئەوەی سەرایەی خۆراسانی لە یەكەكانی دیكەی حەشدی شەعبی عێراقی و لیواكانی دیكەیان لە سووریا جیا دەكاتەوە لۆگۆیەكەیەتی كە زۆر نزیكە لە لۆگۆی سوپای پاسداران، ئەو گروپە میلیشیایە هاوكارییەكی بێ وێنەی سەربازی و لۆجستی لەلایەن ئێرانەوە دەكرێت و زۆر جێگەی متمانەیانە.

ئەوەی كە شانازی زۆر پێیەوە دەكەن هەمیشە ئەو گرتە ڤیدیۆیەیە لەسەر كوژرانی حەمید تەقوی  سەركردەی سەرایەی خۆراسانی كە هەندێك دەڵێن یەكێك بووە لە سەركردەكانی سوپای پاسداران لە عێراق و بە دامەزرێنەری سەرایەی خۆراسانی دادەدنرێت.

تەنانەت تەقوی لە سەركردەكانی فەیلەقی قودسە و لە مانگی ئەیلولی 2014 لە شاری سامەڕا لەسەر دەستی داعش كوژرا.

 8- لیوای زولفەقار:
ئەمە دووەمین لیوای چەكداری ئێرانیە لە دیمەشق پاش لیوای ئەبو فەزڵ عەباس. ئەوان دەڵێن ئامانجی سەرەكی ئەو لیوایە پاراستنی مەنزلگەی ئیمامی یەكەمی شیعەیە. 

ئەبو شەهید جبوری سەركردەی لیوای زولفەقار بەر لە كوژرانی لە ساڵی 2014 لە دیمەشق، لە گرتەیەكی ڤیدیۆی ئاشكرای دەكات كە پەیوەندیی توندی هەبووە لەگەڵ سوپای پاسداران و كۆماری ئیسلامی ئێران.

9- یەكینەكانی (كەتائب) عێراقی:
حەشدی شەعبی كە یەكێكە لە گوتەكانی ئیمام عەلی، بەهۆیەوە زیاتر لە 50 گروپی میلیشیای شیعی كۆبوونەوەتەوە بە ناوی جیا جیا. دوای فتوای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق لە كۆتاییەكانی 2014 دامەزرا. 

پێش دامەزراندنی بە فەرمی چەند گروپێكی چەكداری شیعە هەبوون، پاشان هەموو گروپانە كۆكرانەوە و لە ژێر ناوی حەشدی شەعبی و مووچە و چەك لە حكوومەتی عێراق وەردەگرن و فرمانی شەڕ كردنیش لە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس وەردەگرن.

بەشێك لەو میلیشیایانە بەناوەكانی حەشدی شەعبی كە زیاتر لە هەزار چەكدار دەبن لە بادیەی شام شەڕ بۆ رژێمی سووریا دەكەن، هاوكات بزووتنەوەی نوجەبا و سەیدل شوهەدا و بزووتنەوەی ئەبدال چەند گروپێكی میلیشیایی شیعەن و ژمارەیان زیاتر لە هەزار و 500 چەكدار دەبن چالاكییەكانیان لە دەڤەری بادیەی شامە و هەموویان شیعەی عێراقین.

تەنانەت حزبوڵڵای عێراقی و عەسائب ئەهللحەق رۆڵی گرنگیان هەبووە لە دامەزراندنی لیوای ئەبو فەزل عەباس كە حەوت هەزار چەكدار لە خۆی دەگرێت و بارەگەیان لە ناوچەی سەیدە زەینەبە و نزیكەی ملیۆنێك ئاوارەی عێراقی تێدا دەژی و دووەم گەورەترین هێزی میلیشیایی ئێرانە لە سووریا كە ئەبو هاجەر عێراقی سەركردایەتی دەكات.
  
10- میلیشیاكانی لوبنان:
هەر یەكە لە سەرایەی تەوحید و حزبوڵڵای لوبنانی دوو میلیشیای چەكداری شیعەی ئێرانین لە سووریا شەڕ بۆ رژێم دەكەن. ئەوەی یەكەمیان زیاتر لە 500 چەكداری هەیە و حزبوڵاش زیاتر لە هەشت هەزار چەكدار. دوای ئەوانە هەر یەكە لە لیوای سەیدە روقیە (100 چەكدار) و هێزی 313 (200 چەكدار) و حزبوڵا دێت كە ئەوانەش چالاكیەكانیان دەكەوێتە دەڤەری بادیەی شام لە باشووری دیمەشق و شاری دیمەشقی كۆن.

جگە لەمە گروپێكی دیكە هەیە بە ناوی نسور زوبعە كە پێكدێن لە چەكدارانی سووری، فەڵەستینی و لوبنانی ژمارەیان زیاتر لە پێنج هەزار چەكدار دەبێت و لە ناوچەی قەنیترە و سویدا شەڕ بۆ رژێمی سووریا دەكەن.


سەرچاوە/ نادی دەولی



وشە - فه‌رمان سادق