سێ هاووڵاتی تری ئێزدی لە دەست چەكدارانی داعش رزگار كران

:: PM:07:23:21/10/2017 ‌

سێ كەسی تر لە كوردانی ئێزدی لە چنگ چەكدارانی داعش رزگار كران و ئێستە لە جیگەیەكی ئارامن و رادەستی كەسوكاریان دەكرێنەوە.

ئەمڕۆ ٢١ی تشرینی یەكەم، حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رفێنراوانی كوردانی ئێزدی لە پارێزگایی دهۆك بە ماڵپەری ''وشە''ی راگەیاند، بە هاوكاری هێزە تەناهییەكان و خێرخوازان، نووسینگەكەمان توانی سێ كەسی تری كوردی ئێزدی لە چنگ چەكدارانی داعش رزگار بكەین.

زیاتر گوتی، ئەو سێ كەسە لە ئافرەتێك و دوو منداڵ پێك هاتوون كە  خەڵكی شارۆكەی شنگالن و لە سووریا زرگاركراوان.

قائیدی روونی كردەوە، ئێستە ژمارەی رزگاركراوەكان لە سێ هەزار تێپەڕیوە و سێ هەزاری تریش لەدەستی چەكدارانی داعشدا ماون و هەوڵەكان بەردەوامن بۆ رزگاركردنی كەسانی تری ژێر دەستی چەكدارانی داعش.

لە سێی ئاب ئۆگستسی 2014 چەكدارانی داعش زیاتر لە هەزار كەسی ئێزدی كوشت و بە سەتانی تری رفاندن لە شارۆكەی شنگال و زیاتر لە ٣٦٠ هەزار كەسیش ئاوارە كران، جیا لەوەی ٩٠ هەزار كەسیش بەو هۆیەوە كۆچی دەرەوەی وڵاتیان كرد، ئەمەش بە پێی ئاماری رفێنراوانی كاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان.

دهۆك/ كاروان باعەدری



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل