ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكی ئاماژە بەوە دەكات، گرووپە ناپاكەكە لە پرسەی مام جەلال لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عەرەب گەیشتوونەتە ڕێككەوتن، ئەمەیش بەهۆی فشار و بە سەرپەرشتی قاسم سولەیمانی بووە، دوو بەرپرسی ئەمەریكیش دووپات لەوە دەكەنەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هیچ نامەیەكی بۆ بارزانی ڕەوانە نەكردووە كە لە میدیاكان بڵاو بووەتەوە.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكدا گوتەی دوو بەرپرسی ئەمەریكی بڵاو كردووەتەوە كە ئاماژەیان بەوە داوە كە هیچ كات نامەی ڕیكس تیلرسەنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بە بارزانی نەگەیشتووە، بەڵام نكۆڵییان لەوە نەكرد كە خەریكی ئامادەكردنی نامەیەك بوون بۆ بارزانی. ئەو قسانەی دوو بەرپرسە ئەمەریكییەكە لە كاتێكدایە پێشتر لە میدیاكان نامەیەك بڵاو كرایەوە گوایە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ بارزانی ناردووە و تێیدا وەك جێگرەوەی ڕیفراندۆم پێشكەشی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كردووە.
لەلایەكی ترەوە سەعدی پیرە گوتەبێژی یەكێتی بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، بەشێك لە بەرپرسانی حزبەكەی بەناوی دۆستایەتی كەركووك بە سەرۆكایەتیی كوڕ و خێزانی سەرۆكی پێشووی عێراق جەلال تاڵەبانی، ئەو ڕێككەوتنەیان بە نهێنی ئەنجام دا، ئەوان ڕێوڕەسمی پرسەی مام جەلالیان لە بەغدا وەك هەلێكی زێڕین قۆستەوە و لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا ئەو ڕێككەوتنەیان ئەنجام دا.
سەعدی پیرە دەڵێ، بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە، بە هاوبەشی كەركووك بەڕێوە دەبرێن و 700 پێشمەرگە بۆیان هەیە لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی و هێزی ئاسایشی كوردی لە شار بمێنن، لە بەرامبەریشدا دەبێ كورد تەواوی كێڵگە نەوتی و بنكە سەربازییەكان و ئاسمانییەكان ڕادەستی بەغدا بكات. هاوكات ئەو گرووپەی بە نهێنی ڕێككەوتنیان كرد، داوایان كردووە مووچەی پێشمەرگەكانی یەكێتی بدرێ و گەشتی نێودەوڵەتی لە فڕۆكەخانەی سلێمانی دەست پێ بكاتەوە، بەڵام بەغدا ئەوەی ڕەت كردووەتەوە.