فۆكس نیوز: ترەمپ دەبێ لە كوردستان گورز لە ئێران بوەشێنێت

:: AM:10:42:22/10/2017 ‌

نووسەرێكی ئەمەریكی ئاماژە بەوە دەكات، پێویستە واشنتن بە پشتیوانی و هێزی زۆرە پاڵپشتی كوردستان بكات لە شەڕیان دژ بە ئێران كە پەلاماری ناوچەكانیان داون،  هێرش دەكاتە سەر برێت ماكگۆركیش و دەڵێ، ئەو دەیەوێ هەموو عێراق بە ئێران بدات، ناكرێ ئەمەریكا بێدەنگ بێ لە بەرامبەر هێرشكردنە سەر هاوپەیمانە متمانە پێكراوەكانی.

مایكل بریگنت لە پێگەی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی وتارێكی لە ژێر ناونیشانی "دەسبەرداربوون لە هاوپەیمانە كوردەكان سەركەوتنی ئێرانی دوژمنمانە" نووسیوە و تێیدا هاتووە، هیچ ڕەوا نییە نەتەوەیەك دوژمنەكانی بە سۆز و هاوپەیمانەكانیشی بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ بكەن، ئەمە جۆرێكە لە گەمژەیی و وا دەكات دوژمنەكان زیاتر گەشە بكەن و بەهێز بن و مەترسی زیاتر دروست بكەن، ئێمەیش هاوپەیمانەكانمان لە دەست دەدەین، كاتێك دەسبەرداریان دەبین.

هەروەها دەڵێ، حكوومەتی ئۆباما بۆ ماوەی هەشت ساڵ پێڕەوی ئەو سیاسەتەی كرد بەرامبەر وڵاتانی دنیا، ئێستەیش دۆناڵد ترەمپ پێڕەوی هەمان سیاسەت دەكات بەرامبەر ئێران و بێلایەنی هەڵدەبژێرێت، كە ئەمە ڕێدانە بە بەغدا بۆ ئەوەی هێزی سەربازی دژی هاوپەیمانە كوردەكانمان بەكار بهێنێت، دوای ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەر كەركووك بڕیاری دا بۆ سەربەخۆیی و چوونەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی سەر بە ئێران، هێزەكانی عێراق و ئێران ناوچەكانی كەركووكیان لەو ڕۆژانە لە كوردەكان سەندووەتەوە، كوردەكان لە 2014 دوای هەڵاتنی سوپای عێراق چوونە كەركووك تا ناوچەكە لە تیرۆریستان بپارێزن، ڕیفراندۆمی كوردستان مەترسی گەورەی بۆ ئێران و توركیا و سووریاش دروست كردووە، چونكە ئەوان دەترسن كە سەربەخۆیی ببێتە هۆی یەكگرتوویی كوردەكان و لە هەموو وڵاتەكان جموجۆڵ دروست بكەن.

لە بەشێكی تری وتارەكەدا هاتووە، كوردەكانی عێراق ڕاستگۆترین و متمانە پێكراوترین هاوپەیمانی ئەمەریكان لە شەڕی دژ بە تیرۆر، ئەوان بە ئازایانە و قارەمانانە شەڕی تیرۆریان كرد، جگه لەوە كوردەكان وەك ئەمەریكییەكان خوێن و قوربانییان دا، بۆ بەرگریكردن لە عێراق، بە ئامانجی بنیتانانەوەی عێراقێكی هاوبەش و دیموكرات و فیدراڵ، بەڵام ئەو ئەنجامە بە دەست نەهات و عێراق بە پشتیوانی سوپای پاسداران كە بەم دوایییە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا خستییە لیستی تیرۆرەوە، بەرەو كوردستان پێشڕەوییان كرد.

نووسەر دەڵێ، ئێران دوژمنی سەرەكی ئەمەریكا و ئیسرائیل و زۆربەی هاوپەیمانە عەرەبەكانمانە، دەوڵەتێكی پشتیوانی سەرەكی تیرۆرە و خەڵكەكەی دادەپڵۆسێنێت، كۆسپ و بەندی قورسی بۆ ئافرەتان و هاوڕەگەزخوازان و مەسیحییەكان داناوە، ترەمپ بە توندی دژی ئەو وڵاتە وەستاوەتەوە و هەڕەشەی كشانەوە لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی دەكات، بە هۆی پەرەپێدانی زیاتری بە مووشەك و چەكی ئەتۆمی، بۆیە لە بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پێوەندییەكی باش و ئاشتییانەی لەگەڵ كوردەكان و عێراقییەكانیش هەبێ، سەرەڕای پشتیوانی ئێران لە بەغدا، بەڵام ناكرێ ئەمەریكایش دەسبەرداری كوردەكان بێ بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی خۆیان، ئەو كەسەی كە زۆرترین بەرپرسیاریەتی شكستی ئەمەریكای لە ئەستۆیە لە پشتیوانیكردنی كوردەكان، بریتییە لە برێت مەكگۆركی نێردەی تایبەتی سەرۆك ترەمپ لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، ئەو لە هەمان پۆستدا بوو لە حكوومەتی پێشووی باراك ئۆبامادا.

هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، مەكگۆرك لەو ماوەی لە پۆستەكەیدا بووە، بەرپرسە لە داگیركاری ئێران بۆ سەر عێراق و هەوڵدان بۆ گرتنی تەواوی ئەو بەشەی تریش كە لە ژێر دەستی ئێراندا نییە، ئەوەی جێی داخە حكوومەت و وەزارەتی بەرگری پێڕەوی ستراتیجییەتی ترەمپ دەكەن و ماوەیەكی كاتیان بە حكوومەتی بەغدا و ئێرانییەكان داوە تا هێرش بكەنە سەر دۆستە كوردەكانمان، سەرۆك ترەمپ تێبینی ئەوەی كردووە كە بڕی 1.7 ملیار دۆلار لەلایەن حكوومەتی ئۆباماوە بە ئێران درا لەوكاتەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی واژوو كراوە، ئەو بڕە زۆرەی پارە كە بە ئێران دراوە، یەكێك لەو بەرپرسە ئەمەریكییەكانی دەستی هەبووە، برێت ماكگۆركە.

بریگنت نووسیویەتی، یەكێك لە سەركردە ئێرانییەكان كە پشتیوانی بەغدایە بۆ هێرشكردنە سەر خەڵكی كوردستان، بریتییە لە قاسم سولەیمانی كە فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانە، ئەو تیرۆریستێكی گەورە و ئەمەریكییەكانی كوشتووە بە بەردەوامی لە عێراق، ئێستەیش لە ڕێی پاشماوەی تاڵیبانەوە هەوڵی كوشتنی ئەمەریكییەكان دەدات. بەڵام ماكگۆرك بە تەواوی دەستی لە هاوپەیمانە كوردەكانمان بەرداوە و واشنتنیش بووەتە پاشكۆی هەنگاوەكانی ئەو، ئەمەیش لە كاتێكدایە ئەوەی جەنەراڵ ماكماستەر ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئێستەی ترەمپ و دێڤد پترایۆس بەڕێوەبەری پێشووی سی ئای ئەی و رای ئۆدێرنۆ سوپاسالاری ئەمەریكا لە ماوەی ڕابردوو لە عێراق بۆ ڕێگری لە هەژموون سەپاندنی ئێران كردیان، ماكگۆرك بە تەواوی لەناو برد و كاریگەرییەكانی كەم كردەوە و ئێرانیش بە فرەوانی هاتووەتە پێشەوە.

لە كۆتادا نووسیویەتی، ئەگەر سەرۆك ترەمپ بە كردەیی دەیەوێ دەستی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكە كەم بكاتەوە، كوردستان و ناوچە كوردییەكان ئەو شوێنەن پێویستە گورزی گەورەی تێدا لە ئێران بدرێ، جگەلەوەیش ڕووی ئەمەریكا ڕوون دەكاتەوە كە هاوپەیمانەكانی خۆی لە كاتی تەنگانەدا جێ ناهێڵێت، دەتوانین ئەم كارەیش بۆ شكاندنی ئێران لە عێراق لەگەڵ هاوپەیمانە متمانە پێكراوەكەمان لە ناوچەكە بكەین كە بریتین لە كوردەكان، بۆیە پێویستە بە پەلە پشتیوانی بەهێزی ئەمەریكایان بۆ ڕابگەیەنین و ڕووبەڕووی دوژمنانی ئێران ببینەوە.

سەرچاوە/فۆكس نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د