ژمارەیەك كەناڵی ڕاگەیاندنی كوردستان دەدرێنە دادگا

:: PM:02:35:22/10/2017 ‌
داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان بڕیاری جووڵاندنی سكاڵای سزایی دژی چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندن دەركرد كە سێ‌ لەو كەناڵانە لە شاری سلێمانین.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ی تشرینی یەكەم، بەپێی نووسراوێكی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی ئەوەی نووسراومان ئاراستەی چەند كەناڵێك كرد بە مەبەستی ڕاگرتنی هەڵمەتێكی نابەجێ‌ بەرامبەر لایەنەكان و بەشێك لە كەناڵەكان بە ڕێنوێنییەكانی داواكاری گشتیی پابەند نەبوون.

لە نووسراوەكەدا هاتووە، بۆ پارێزگاریكردن لە ئاسایشی نەتەوەیی كوردستان، بڕیار دراوە بە جووڵاندنی سزای یاسایی لە بەرامبەر بەڕێوەبەری گشتیی ژمارەیەك كەناڵی ڕاگەیاندن.

ناوی ئەو دەزگە ڕاگەیاندنانەی كە سكاڵای سزایان بەرامبەر كراوەتەوە، هەریەكە لە كەناڵەكانی (ڕووداو، گەلی كوردستان، ئێن ئار تی و بەرنامەی تاوتوێ‌، ماڵپەڕی ئێس ئێن ئێن) و سێ‌ لەو كەناڵانەش لە سلێمانییەوە ئاراستە دەكرێن.

پێشتر داواكاری گشتیی بە نووسراوی ژمارە 580 لە 18ی تشرینی یەكەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی ئاگەدار كردبووەوە كە پێویستە هەڵمەتی ڕاگەیاندن دژی لایەنەكان ڕابگرن.

 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم