گۆڕانكارییەكی كارگێڕیی لە سنووری هەولێر پەسەند كرا

:: PM:04:04:22/10/2017 ‌
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گۆڕانكاری لە هەردوو قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر و قایمقامی كۆیە پەسەند كرد.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ی تشرینی یەكەم، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە كۆبوونەوەیەكی خۆیدا بڕیاری گۆڕانكاری لە قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر و قایمقامی كۆیەی پەسەند كرد.

چنار جەلال ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی ڕای گەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بڕیاری دانانی قایمقامی كۆیە و قایمقامی ناوەندی هەولێر بە فەرمی پەسەند كراوە.

ڕوونی كردەوە كە نەبەز عەبدولحەمید بووە قایمقامی ناوەندی هەولێر و سەركەوت ڕەسووڵ بووە قایمقمامی كۆیە بە فەرمی.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بڕیاری لەسەر گۆڕانكاریی تر دابوو لە چوار بەڕێوەبەری گشتیی و ژمارەیەك قایمقامی تری سنووری پارێزگای هەولێر.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم