كاركردن لە چەند پڕۆژەیەكی كۆیە بەردەوامە

:: PM:05:13:22/10/2017 ‌
قایمقامی شارۆكەی كۆیە ڕای گەیاند، تا ئێستە ژمارەیەك پڕۆژە لە شارۆكەی كۆیە كاركردن تێیدا بەردەوامە و ژمارەیەك پڕۆژەی تریش بەهۆی تەنگژەی دارایی وەستاون.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ی تشرینی یەكەم، دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر متمانەی پێ درا، سەركەوت ڕەسووڵ قایمقامی شارۆكەی كۆیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان بەردەوام دەبین لە كاركردن و بەردەوامی دان بە كار و پڕۆژەكان.

زیاتر گوتی، لە ماوەی رابردوودا سێ‌ ملیار دینار تەرخان كرابوو بۆ ئەو پرۆژانەی كە بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە تەواو نەكرابوون لە سنووری شارۆكەی كۆیە و ئێستە ژمارەیەك پڕۆژە كاركردن تێیاندا بەردەوامە و ژمارەیەك پڕۆژەی تریش بەهۆی تەنگژەی دارایی وەستاون.

ئەمڕۆ لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر، لە دانیشتنێكی ئاساییدا ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بڕیاری دانانی قایمقامی ناوەی هەولێر و قایمقامی كۆیەی پەسەند كرد.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم