وەزارەتی ناوخۆ: خراپەكاری بەرامبەر بە نێردە دیپلۆماسییەكان قبووڵكراو نییە

:: PM:05:14:22/10/2017 ‌
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت خراپەكاری بەرامبەر بە نێردە دیپلۆماسییەكان و شوێن و ئۆفیسەكانیان لە هەرێمی كوردستان بكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ی تشرینی یەكەم، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنوێنییەكاندا خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی و هەموو چالاكییەكی مەدەنیی رێگەپێدراوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت خراپەكاری بەرامبەر بە نێردە دیپلۆماسییەكان و شوێن و ئۆفیسەكانیان لە هەرێمی كوردستان بكرێت و هەموو رێكارێكی یاسایی بەرامبەر بە هەر كارێكی نابەجێی بەو شێوەیە دەگیرێتەبەر.

لە ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بە توندی سەركۆنەی هەوڵی تێكدەرانەی رۆژانی رابردووی چەند كەسێك بەرامبەر كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و هەوڵی بێڕێزیكردن بەرامبەر بە ئاڵاكەیان دەكەین و كردەوەیەكی ئاوا بەرامبەر ئاڵای هیچ وڵاتێك لە هەرێمی كوردستان مایەی قبووڵكردن نییە.

وەزارەتی ناوخۆ دووپاتیشی دەكاتەوە كە ئەو كردەوانە كردەوەی تاكەكەسین و  هەموو رێكارێكی یاسایی بەرامبەریان دەگرێتەبەر.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم