رۆژانە سەرووی هەزار ئاوارە دەگەنە كوردستان
دەزگای بارزانی: حكوومەتی عێراق لە هاوكاریكردنی ئاوارەكان كەمتەرخەمە

:: AM:08:48:09/11/2016 ‌




رزگار عابد بەڕێوەبەری كەمپی دیبەگە و ئاوارەكانی سنووری مەخموور كە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمرەوە بەڕێوە دەبرێن، رای دەگەیەنێت، رۆژانە سەرووی هەزار ئاوارەی مووسڵ و دەوروبەری شارەكە دەگەنە كوردستان و لە كەمپەكاندا جێگەیان دەكرێتەوە. 
ئەو روونی دەكاتەوە، سەرەڕای تەنگژەی دارایی، حكوومەتی هەرێم لە روانگەیەكی مرۆیییەوە هەموو هاوكارییەكی پێشكەش بە ئاوارەكان كردووە و ئەوەش وایكردووە بتوانرێت جێگەورێگەیان بۆ دابین بكرێت كە مەزەندە دەكرێت تا یەك ملیۆن كەس ئاوارەی كوردستان ببن.

لەوەتەی دەست پێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ، چەند ئاوارەی نوێ‌ گەیشتوونەتە لاتان؟
سەرووی 17 هەزار ئاوارە گەیشتوونەتە كەمپەكانی حەسەن شام و خازر. لە كەمپی حەسەن شام هەزار و 691 خێزان كە هەشت هەزار و 989 كەسن جێگیركراون و لە كەمپی خازر هەزار و 520 خێزان كە هەشت هەزار و 243 كەسن نیشتەجێكراون، ئەوانە خەڵكی دەوروبەری مووسڵ و ناوەندی شارەكەن.

چاوەڕوان دەكرێت چەند ئاوارە لەگەڵ ئازادكردنی مووسڵ بگەنە كوردستان؟
بەپێی دوایین راپۆرتی یوئێن، یەك ملیۆن ئاوارە لە مووسڵەوە دەگەنە كوردستان. بەگشتی ئێستە كە تازە ئۆپەراسیۆنەكە دەستی پێكردووە و هێشتا هێزەكان نەگەیشتوونەتە ناو مووسڵ، رۆژانە سەرووی هەزار ئاوارە دەگەنە كەمپەكانی خازر و حەسەن شام. رۆژ بە رۆژ ژمارەی ئاوارەكان زیاتر دەبێت. بارودۆخەكە بەشێوەیەكە كە ئەو ناوچانەش ئازاد كراون، وەك گۆگجەلی، دانیشتووانەكەی رۆژێك تا دوو رۆژ دەمێننەوە و دواتر خۆیان دەگەیەننە كەمپەكانی ئێمە.

بۆچی دوای ئازادكردنی ناوچەكانیان ئاوارە دەبن؟
مەترسییان لە گەڕانەوەی داعش و بۆردمانكردنی ناوچەكانیان لەلایەن تیرۆریستانەوە هەیە، بەڵام دوو هۆكاری سەرەكی هەیە كە وا دەكات روو لە كەمپەكانی كوردستان بكەن، یەكەمیان ئەوان دەزانن ئێمە بە هەموو توانامانەوە هەوڵمانداوە باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە ئاوارەكان بكەین، ئەو خزمەتگوزارییانە سەرنجیان رادەكێشێت، هاوكات مامەڵەی باشی پێشمەرگە و هێزەكانی تەناهی كوردستان لەگەڵ ئاوارەكان دیسان بووەتە هۆكارێكی كاریگەر لەوەی خەڵكەكە بە ئاسانی و خۆشحاڵییەوە روو لە كەمپەكانی كوردستان بكات.

ئەو لایەنانە كێن هاوكاری ئاوارەكان دەكەن؟
دەزگەی خێرخوازیی بارزانی ئەركی بەڕێوەبردنی كەمپەكانی لە ئەستۆ گرتووە و رۆژانە دوو ژەم خواردنی گەرم و پێویستییەكانی تر بۆ ئاوارەكان دابین دەكات. پێویستییەكانی خەوتن لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای پەنابەران دابین دەكەین، كەلوپەلەكانی دروستكردنی خواردنیش بەهەماهەنگی لەگەڵ لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی دابین دەكەین، مانگی سووری عێراقی هاوكاری سەرەكی ئێمەیە لەو پرۆسەیەدا.  

ئامادەكاری بۆ وەرگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان كراوە؟
پێشتر لەگەڵ هەموو لایەنەكان قسەمان لەو رووەوە كردووە، یەكەمجار لەگەڵ حكوومەتی كوردستان وەك لایەنی سەرەكی، لەكاتێكدا حكوومەتی هەرێم لە تەنگژەیەكی گەورەی داراییدایە و ژمارەی زۆری ئاوارەكانیش فشاری زۆریان دروست كردووە، بەڵام حكوومەت لە روانگەیەكی مرۆیییەوە بڕیاریدا هەموو هاوكارییەك پێشكەش بە ئاوارەكان و ئەو رێكخراوانە بكات لەو بوارەدا كار دەكەن، ئێستە حكوومەت زەوی و ئاو و كارەبا بۆ ئاوارەكان دابین دەكات، ئەوەی تر ئێمە داوا لە ئاژانسەكانی یوئێن و ئەوانی تر دەكەین هاوكارییەكانیان زیاتر بكەین بۆ ئەوەی بتوانین وەڵامی شەپۆڵی ئاوارەكان بدەینەوە.

كەواتە ئامادەكاری كراوە؟
بەڵێ‌ ئامادەكاری كراوە، لە كەمپی خازر 13 هەزار خێوەتمان هەڵداوە كە جێگەی سەرووی 65 هەزار كەس دەبێت، ئامادەكاریمان كردووە لەكاتی هاتنی ژمارەی زیاتر، كەمپەكە فرەوانتر بكەین، حكوومەتی هەرێم بەتەواوەتی هاوكاریمان دەكات، هەرچەند فشاری ئاوارەكان زۆرە، بەڵام هاوكارییەكانی حكوومەت و ئامادەیی ئێمە لە دەزگەی خێرخوازیی بارزانی فشارەكانی كەم كردووەتەوە. 

ئایا حكوومەتی عێراقی هەماهەنگی پێویست دەكات؟
هەماهەنگی هەیە، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نییە، لە حەسەن شام 10 هەزار خێوەتیان دابین كردووە، بەڵام ئەو ژمارەیە بەس نییە. ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین حكوومەتی عێراقی باشتر بێتە سەر هێڵ و هاوكاری تەواو پێشكەش بكات، لەكاتێكدا ئەوە ئەركی حكوومەتی عێراقییە هاوكاریی ئاوارەكان بكات، چونكە لەرووی ستاندەری جیهانییەوە، ئاوارە ناوخۆیییەكان دەبێت لەلایەن حكوومەتی وڵاتەكە خۆیەوە فریاگوزارییان پێشكەش بكرێت، بەڵام حكوومەتی عێراقی لەو رووەوە زۆر كەمتەرخەمە و هەرئەوەش وا دەكات ئێمە هەموو توانای خۆمان بەكاربێنین و داوا لە ئاژانسەكان بكەین فریاگوزاریی پێشكەش بكەن. ئێستە كە لە وەرزی زستان نزیك دەبینەوە، پێویستی ئاوارەكان زیاتر دەبێت لەرووی دابینكردنی جلوبەرگ و پێویستییەكانی زستانە بەگشتی، ئەوە دەخوازێت هاوكاری حكوومەت و ئاژانسەكانی جیهانی زیاتر ببێت بۆ ئەوەی بتوانرێت تەواوی پێویستییەكان بۆ ئاوارەكان دابین بكرێت.


وشە/مەخموور


وشە - تایبه‌ت