سزای ئەو كەسانە توندتر دەكرێت كە ئازاری ئاژەڵان دەدەن

:: PM:01:46:09/11/2016 ‌

دیمیتری بیسكۆڤ، گوتەبێژی فەرمیی كۆشكی كرملینی سەرۆكایەتیی رووسیا، رای دەگەیەنێت كە لە ئێستەدا بە هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆڕان و یاساناسان، خەریكی داڕشتنی پڕۆژەیاسایەكن بە مەبەستی هەمواركردنەوەی یاسای پاراستنی ئاژەڵان، ئەوەش لەپێناو توندتركردنی سزای سەر ئەو كەسانەی كە ئەشكەنجە و ئازاری ئاژەڵان دەدەن.

هاوكات ئەو گوتەبێژە دووپاتیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی رووسیاش خۆی پشتیوانی ئەو پڕۆژەیاسایە دەكات و باوەڕی تەواوی بەوە هەیە، كە پێویستە ئەو كەسانەی ئازار و ئەشكەنجەی ئاژەڵان دەدەن، بە توندترین شێوە سزا بدرێن.

بە گوێرەی گوتەكانی بیسكۆڤ، هێنانە پێشەوەی ئەم پڕۆژەیاسایە، دوای ئەوە دێت كە لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەك لە چالاكانی بواری پاراستنی مافەكانی ئاژەڵان لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین كۆ بوونەتەوە و داوایان لێی كردووە پشتیوانی ئەو پرەنسیپ و بەهایانە بكات كە ئەوان بۆیان تێدەكۆشن.

سەرچاوە: rt


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی