لە ماوەی دواییدا هەڵمەتی چەند لایەنێكی حەشدی شەعبی لە بەغدا بۆ هەڵكوتانە سەر یانەی شەوانە و باڕەكان لە زیادبووندایە، خاوەنی ئەو شوێنانەی كات بەسەربردن دەڵێن كە لە هەر ناوچەیەك جۆرە میلیشیایەك باڵا دەستە و پاڵەپەستۆیان دەخەنە سەر و پارەیان لێ وەردەگرن.
لە ماوەی دواییدا پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسایەك لەبارەی داهاتی شارەوانییەكان لە عێراق دا و یەكێك لە بڕگەكانی قەدەغەی دروستكردن و فرۆشتن و هاوردەكردنی مادەی كهوولی لە عێراق كرد، كە ئەوەش ناڕەزایی گەورەی خەڵكی لێ كەوتەوە، تەنانەت فوئاد مەعسووم سەركۆماری عێراق ئیمزای یاساكەی نەكرد و داوای راستكردنەوەی یاساكەی كرد.
بەپێی وەزارەتی ناوەخۆی عێراق، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم دەیان چەكداری حەشدی شەعبی هەڵیان كوتایە سەر یانەیەكی شەوانە لە شەقامی ئەبو جەعفەر مەنسوور لە ناوەڕاستی بەغدا.
سەرچاوەیەكیش لەوبارەوە رای گەیاند كە لە ئەنجامی هەڵكەتانەكەوە شەڕ لە نێوان میلیشیاكان و پاسەوانەی یانەكە رووی داوە و چەكداران تەقەیەكی زۆریان كردووە و بەزۆر چوونەتە ناو یانەكە و ژمارەیەك لە خەڵك و كرێكارانی یانەكەیان دەستگیر كردووە، دووپاتی كردەوە كە هەمان شت لە یانەكانی هەردوو ناوچەی مەنسوور و كەرادە لە ناوەڕاستی بەغدا دووبارە بووەتەوە و كارەكەش بووەتە رۆژانە.
عەلی كەنانی كە خاوەنی یانەیەكی شەوانەیە لە شەقامی 14ی رەمەزان لە گەڕەكی مەنسوور باسی هەڵكەتانی چەكدارانەی میلشیاكان لە بەغدا بۆ سەر یانەكانی شەوانە دەكات كە بووەتە دیاردەیەكی كۆنترۆڵ نەكراو، روونی كردەوە كە هەموو یانەكانی شەوانە لە بەغدا رەزامەندی فەرمی حكوومەتیان هەیە و لە بەرامبەردا پارەیەكی زۆر دەدەن.
زیاتر گوتی، لەلایەن میلیشیاكانەوە رووبەڕووی پاڵەپەستۆیەكی گەورە و پارەوەرگرتنی بەزۆر دەبینەوە و ئەوان ناوچەكانی بەغدایان بەسەر خۆیان دابەش كردووە بۆ كۆكردنەوەی پارە لەو یانانە، بۆ نموونە یانەكانی كەوتوونەتە شەقامی 14ی رەمەزان لە مەنسوور سەر بە حزبوڵای عێراقن و میلیشیاكانی سەرایای سەلام كۆنترۆڵی ناوچەی دوور ئەلسوود و عەسائیب ئەهلولحەقیش شەقامی ئەبو جەعفەر مەنسووریان كردووە.
خاوەنی ئەو یانە شەوانەی بەغدا دەڵێن كە ئەو كارە لەژێر چاوی حكوومەتی عێراق و هێزە تەناهییەكان دەكرێت و تەنانەت میلیشیاكان پشت بە هەواڵگری عێراق دەبەستن بۆ ئەو هەڵسوكەوتانەیان و ئاشكرای دەكەن كە حزبە سیاسییەكان بۆ بەدەستهێنانی پارە لە پشتەوەی زۆرینەی یانەكانی شەوانەن لە بەغدا.
پێشتر چەند پەرلەمانتارێكی عێراقی دووپاتیان كردەوە كە ژمارەیەك لە حزبە ئیسلامییە شیعەكان هۆڵەكانی قومار و یانەكانی شەوانەیان لە نێوان خۆیان و خاوەنی ئەو شوێنانە دابەش كردووە و لە داهاتەكەیان بەشدارن لە بەرامبەر پاراستنیان و رۆژانە نیو ملیۆن دۆلار داهاتیانە.
سەرچاوە: عەرەبی ئەلجەدید