بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی ئاژانسە میدیایییە ئێرانییەكان بڵاویان كردووەتەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رایان گەیاندووە، سزای كوێركردن بەسەر ئەو پیاوەدا دەسەپێنن كە لە ساڵی 2009 هەندێك گیراوەی كیمیایی بەسەر رووخساری كچێكی تەمەن چوار ساڵدا رژاندبوو.
ئاژانسی فارس نیوزی نیمچە فەرمی بڵاوی كردووەتەوە، ئەوە دووەم جارە لە مێژووی ئێران كە سزای لەو شێوەیە بەسەر تاوانبارێكدا بسەپێنرێت، جاری یەكەم لە ساڵی 1958 ئەو سزای كوێركردنە بەسەر كەسێكدا سەپێنرا.
ئەو بڕیارەی كە دەسەڵاتدارانی ئێران داویانە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاراستەی سزادانەی كە پێی دەگوترێ "چاو بە چاو" و دەسەڵاتی دادوەری و یاسایی ئەو وڵاتە پێڕەوی لێ دەكەن.
بەڵام بە گوێرەی یاساكانی ئەو وڵاتە، ئەگەر كەسوكاری ئەو كچە قوربانییە، دەستبەرداری سكاڵاكەی خۆیان ببن و لەو سزادراوە ببوورن، ئەوا رەنگە سزاكەی بەسەردا جێبەجێ نەكرێت.
سەرچاوە: سكای نیوز.