دوای سەری ساڵ غەرامەی ئۆتۆمبێل لە كوردستان دوو هێندە زیاد دەبێ؟

:: PM:04:11:09/11/2016 ‌

چەند رۆژێكە لە هەولێر دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە كە هەر خاوەنی ئۆتۆمبێلێك سەرپێچی و غەرامەی لەسەر بێ، ئەگەر تا سەری ساڵ بە حكوومەتی نەدات، ئەوا دوای سەری ساڵ رێژەی سزا دارایییەكان دوو هێندە دەبن، لەوبارەوەش بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر ڕوونكردنەوە دەدات.

ڕائید فازڵ حاجی حوسێن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی  هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەواڵی بوونی دوو هێندەكردنی سەرپێچییەكانی ئوتومبێل، كە ئەگەر تا ساڵی نوێ‌ نەدرێ، دوورە لە ڕاستییەوە و هەروەك خۆی دەمێنێتەوە هیچ بڕێكی زیادەی ناچێتە سەر.

هەروەها گوتی، نازانرێ ئەو دەنگۆیە بۆچی بڵاو بووەتەوە لە نێو هاووڵاتییان، بەڵام تا ئێستە هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیە نییە و ئێمەش ئاگەداری ئەو جۆرە هەواڵانە نین.

جێی باسە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی تەنگژەی دارایی و كەمی داهات، حكوومەتی هەرێمی كوردسان بڕیاری دا باج و غەرامەی سەرپێچی هاتوچۆ زیاد بكرێ.


وشە - رامیار جەواد