ئەمڕۆ لاڤرۆڤ و جەعفەری كۆ دەبنەوە

:: AM:09:08:23/10/2017 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم وەزیری دەرەوەی عێراق ئیبراهیم جەعفەری و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە مۆسكۆ كۆ ببنەوە و پرسی كوردستان و شەڕی تیرۆر و دۆسیەی سووریا گرنگترین تەوەرەكانی دیداری وەزیری دەرەوەی نێوان هەردوو وڵات دەبێ.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، مۆسكۆ پێوەندی ئابووری لەگەڵ كوردستان هەیە و ڕێز لە خەباتی كوردەكانیش دەگرێ، هاوكات پشتیوانی لە یەكگرتوویی عێراقیش دەكات، لەلایەكی ترەوە هەریەك لە لاڤرۆڤ و جەعفەری باس لە ئامانجەكانی هەڵمەتی كۆتای لەناوبردنی داعش لە عێراق دەكەن و باس لە كاری هاوبەشی نێوان بەغدا و مۆسكۆ دەكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

لە ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی دەرەوە هاتووە، كە دۆسیەی سووریایش لە دانیشتنەكە دەخرێتە بەرباس، پرسی جێبەجێكردنی دانوستاندنەكانی ئاستانا و ڕێكخستنی گفتوگۆ و دانوستاندنی چڕ لە نێوان سوورییەكان خۆیان، بە ئامانجی چارەسەركردنی تەنگژەكان بەپێی بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان.

پێشتر میدیاكانی دنیا بڵاویان كردەوە، كە جەعفەری لەمیانەی سەردانەكەی بۆ مۆسكۆ بە تایبەت بۆ پرسی گرێبەستەكانی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ڕووسیا لەگەڵ كوردستان چووە و هەوڵی تێكدانی ئەو پێوەندییەی نێوان ڕووسیا و كوردستان دەدات.

سەرچاوە/RT.



وشە - باز ئه‌حمه‌د