شاهۆز حه‌سه‌ن هاوسه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی دیموكرات (PYD) كه له كۆنگره‌ی حه‌وته‌می ئه‌و پارته‌دا وه‌ك هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده له‌گه‌ڵ هێڤی كه‌مال براوه بوون، له دیدارێكی "وشه"دا رای ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌نجامی ریفراندۆمی باشووری كوردستان ده‌ستكه‌وتێكه و پێویسته رێز له ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان بگیرێت.
هه‌ڵوێستی پارتی یه‌كێتی دیموكرات (PYD) به‌رامبه‌ر ئه‌نجامی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی باشووری كوردستان چییه؟
هه‌ر گه‌لێك ئیراده‌ی خۆی هه‌ڵبژێرێت، پێویسته رێزی لێ بگیرێت. ئێمه وه‌ك حزبێكی سیاسی كه باوه‌ڕمان به ئازادی و دیموكراسی و مافی گه‌لانمان هه‌یه، رێز له ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان ده‌گرین. راستی ئه‌وه ده‌ستكه‌وتێكه كه له هه‌رێم كوردستان به‌ده‌ست هاتووه، مه‌به‌ست له‌وه‌ش به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامی رێژه‌ی 92%ی ده‌نگی به‌ڵێیه بۆ سه‌ربه‌خۆیی له ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلوولدا.
كاردانه‌وه‌كانی وڵاتانی هه‌رێمی به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد و به تایبه‌ت له دوای ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان چۆن ده‌بینن؟
ئه‌و گه‌ل و وڵاته‌نه‌ی ئێسته نایانه‌وێت گه‌لی كوردستان سه‌ربه‌خۆ بێت و دژایه‌تی ده‌كه‌ن و ئابڵۆقه‌ی ئابووری ده‌خه‌نه سه‌ر گه‌لی كوردستان و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژایه‌تی ده‌كه‌ن، هه‌مان ئه‌و گه‌لانه به شێوه و سیاسه‌تێكی تر و جۆر و ره‌نگێكی تره‌وه ئه‌و سیاسه‌ته له دژی گه‌لی كورد له رۆژئاوا به‌كار دێنن.
ئێسته پرسی كورد له رۆژهه‌ڵاتی ناوین چۆن ده‌بینی؟
هه‌ندێك هێز هه‌ن ئیراده‌ی گه‌لی كورد قبووڵ ناكه‌ن و ده‌یانه‌وێ گه‌لی كورد سه‌ركوت بكه‌ن، ئێسته راستییه‌ك له رۆژهه‌ڵاتی ناویندا هه‌یه ئه‌ویش گه‌لی كورده و ده‌بێت رێز له ئیراده‌ی بگیرێت و مافی خۆی به به‌ده‌ست بێنێت و به ئازادانه داوای مافی خۆی بكات.
له به‌رامبه‌ر دروستكردنی گه‌مارۆ له‌سه‌ر باشووری كوردستان، رۆڵی رۆژئاوا چ ده‌بێت؟
ئێمه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا خۆمان له رۆژئاوای كوردستان له‌ژێر گه‌مارۆی ئابووریدا بووین، كاتێك له چوارچێوه‌ی شۆڕشی سووریا دژ داعش ده‌جه‌نگاین و ژیانمان ئه‌سته‌م بوو، به‌ڵام هه‌ر چۆنێك بێت توانیمان خۆمان به‌ڕێوه ببه‌ین، ئه‌ویش به ژیانێكی ساده، ئێسته بارودۆخه‌كه هه‌ندێك باشتره، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێوه‌ست بێت به باشووری كوردستانه‌وه هه‌ر شتێك روو بدات، ئێمه به هه‌موو توانایه‌ك كه له ده‌ستمان بێت، ئاماده‌ین هاوكار بین له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و پشتیوانی ده‌كه‌ین.
له زۆر میدیادا و به‌تایبه‌ت وێنه‌یه‌كی ئێوه له‌گه‌ڵ بارزانی بڵاو كراوه‌ته‌وه، ده‌گوترێت باسی هه‌ندێك شتی گرنگ كراوه، شتێك هه‌یه بتوانن قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن؟
شتێكی وا نییه، من له پرسه‌ی كۆچی دوایی مام جه‌لال سه‌رۆك بارزانیم بینی، ده‌رفه‌ت دروست بوو یه‌كتر ببینین و سڵاومان كرد و بارزانی پیرۆزبایی لێ كردین به بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونمان وه‌ك هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده له رۆژئاوای كوردستان.
وشه/ دهۆك- كاروان باعه‌درێ