شارۆكه‌ى ئامێدى یه‌كێكه له باشترین ناوچه‌كانى باشوورى كوردستان بۆ به‌خێوكردنى مانگا و ئێسته نزیكه‌ى 250 پڕۆژه‌ى به‌خێوكردنى مانگا له سنوورى شارۆكه‌ى ئامێدى هه‌ن، خاوه‌ن پڕۆژه‌كان راى ده‌گه‌یه‌نن ئه‌گه‌ر هاوكارییان بكرێت، ده‌توانن پێویستى گۆشت بۆ هه‌موو دهۆك دابین بكه‌ن.
محه‌مه‌د عومه‌ر خاوه‌نى پڕۆژه‌یه‌كى به‌خێوكردنى مانگاى گوشت له شاره‌دیێ شێلادزێ سه‌ر به شارۆكه‌ى ئامێدى به "وشه"ى راگه‌یاند،له سنوورى شاره‌دیێ شێلادزێ نزیكه‌ى 100 پڕۆژه‌ى به‌خێوكردنى مانگاى گوشت هه‌یه، ئه‌مه جگه له چه‌ندان پڕۆژه‌ى به‌خێوكردنى مه‌ڕ و بزن كه به ئاژه‌ڵى بچووك ده‌ناسرێت.
ئاماژه‌یدا، "تێكڕاى هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كى به‌خێوكردنى مانگا 75 سه‌ر مانگا له‌خۆده‌گرێت و به‌شى هه‌ره زۆرى ئه‌و مانگایانه‌ش له جۆرجیاوه هاورده‌ى كوردستان ده‌كرێت و به‌شێكیش له سووریا هاورده ده‌كرێت و ئه‌وانى تر له هه‌ولێره‌وه ده‌گاته ناوچه‌كه، دواى به‌خێوكردن بۆ ماوه‌ى هه‌شت مانگ تا ساڵێك ده‌فرۆشرێت و ره‌وانه‌ى بازاڕه‌كانى دهۆك و هه‌ولێر و ناوچه‌كه ده‌كرێت".
به‌پێى قسه‌كانى ئه‌و جووتیاره ئه‌گه‌ر حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هاوكارییان بكات، ده‌توانن بۆ هه‌موو پارێزگاى دهۆك گۆشتى سوور دابین بكه‌ن و دووپاتى كرده‌وه، "ئێمه كیلۆى گۆشتى سوور به پێنج هه‌زار و 300 دینار ده‌فرۆشینه بازاڕ و هاووڵاتییان كه ئه‌مه‌ش نرخێكى زۆر گونجاوه و سوودى بۆ خاوه‌ن گۆشتفرۆشه‌كانیش له‌سه‌ر هه‌یه".
له‌شكر عه‌زیز به‌رپرسى سه‌ربڕخانه‌ى شاره‌دیێ شێلادزێ به "وشه"ى راگه‌یاند، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه زۆرترین رێژه‌ى به‌خێوكردنى مانگا له سنوورى شارۆكه‌ى ئامێدى له شاره‌دیێ شێلادزێ به‌خێوده‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه سه‌ربڕخانه‌ى ئامێدى له شاره‌دیێ شێلادزێ دروست كراوه و رۆژانى ئاسایى نزیكه‌ى 10 بۆ 15 سه‌رمانگا و رۆژانى جه‌ژن و بۆنه‌كانیش له‌نێوان 40 بۆ 50 سه‌رمانگا له سه‌ربڕخانه‌ى شێلادزێ دێنه سه‌ربڕین.
سه‌ربریخانه‌ى شێلادزێ به شێوه‌یه‌كى هاوچه‌رخ له ساڵى 2012 دروستكراوه و هه‌موو ئه‌و مانگانه‌ى له سه‌ربڕخانه‌كه دێنه سه‌ربڕین، له‌ژێر چاودێرى پزیشكى و ڤێته‌رنه‌رى ده‌بن و له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت كه پێكهاتووه له نوێنه‌رى شاره‌وانى و پۆلیس و ته‌ندروستى و ڤێته‌رنه‌رى سه‌رپه‌رشتییان ده‌كرێت به‌ر ئه‌وه‌ى رێگرى له هه‌موو ساخته‌كارى و نه‌خۆشییه‌ك بگیرێت.
ڤه‌گێر ئوره‌مارى خاوه‌ن بازاڕێكى گوشتى سوور له شاره‌دیێ شێلادزێ بۆ "وشه" ئاماژه‌یدا، "وه‌كگۆشتفرۆشه‌كان له شاره‌دیێ شێلادزێ و ناوچه‌كانى تر‌ى سنوورى شارۆكه‌ى ئامێدى مانگا و مه‌ڕ و بزنه‌كانمان له سه‌ربڕخانه‌ى شێلادزێ سه‌رده‌بڕین و دواتر له‌ژێر چاودێرى پزیشكى تایبه‌تمه‌ند ره‌وانه‌ى بازاڕه‌كانى خۆمانى ده‌كه‌ین بۆ فرۆشتن. ئێسته به‌هۆى ته‌نگژه‌ى دارایى نرخى گوشت دابه‌زیوه و هه‌ر كیلۆیه‌ك له نێوان هه‌شت هه‌زار تا 13 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت".
له سنوورى شاره‌دیێ شێلادزێ 11 شوێنى تایبه‌ت به فرۆشتنى گۆشت و له شاره‌دیێ دێره‌لووك پێنج شوێن و له سه‌نته‌رى شارۆكه‌ى ئامێدى و ناوچه‌كانى تر 20 شوێنى فرۆشتنى گۆشتى سوور هه‌ن.
وشه/ئامێدى - نه‌وزاد هلۆرى