بەهۆی هەڵەی ئەمەریكاوە ئێران براوەی یەكەمە لە عێراق و سووریا

:: AM:09:20:23/10/2017 ‌

ڕۆژنامەیەكی بەریتانیای لە سەروتاری خۆیدا ئاشكرای كردووە، ئەگەر ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش جەنگ لە وڵاتی عێراق و سووریا بدۆڕێنێ، ئەوا براوەی یەكەم لەو دوو وڵاتە نە ئەمەریكا و نە ڕووسیایە، بەڵكو ئێران دەبێت.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، گرتنەوەی ڕەقە لەلایەن هێزەكانی كورد و كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركووك، سەرەتای ئاڵۆزی زیاترە لە ناوچەكە، گرووپە چەكدارەكانی ناوخۆیی كە دژی داعش جەنگان، ئێستە لە ژێر فشاری وڵاتەكاندان، دەیانەوێ پێگەكانیان جێگیر بكەن و بۆشایی نێوانیان نەهێڵن.

هەروەها دەڵێ، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی فڕە بۆچوون و بەپێی دۆخەكان بۆچوونی دەگۆڕێ، نەخشە لەسەر لم دادەڕێژی لەو ناوچەیە، بۆیە لە كۆتادا كەس ناتوانێ پێشبینی یارییەكە بكات و بزانێ چی دەگوزەرێ.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا هاتووە، ئەوەی تا ئێستە هاتووە و ڕوونە، ئێران گەورەترین براوە و قازانجكەری شەڕی داعشە لە عێراق و سووریا، دوای نەمانیشی بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، ئێستە ئێران هەژموونی خۆی بەسەر هەریەك لە لبنان و عێراق و سووریا سەپاندووە و هێزەكانی ئێران و میلیشیا بریكارەكانی بە شێوەیەكی زۆر پتەو ناوچەكانی بۆ دەپارێزن، ئەمەیش هەمووی بەهۆی هەڵەی ستراتیجی حكوومەتی پێشوو و ئێستەی ئەمەریكاوەیە.

سەرچاوە/شەفەق نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د