میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى، له شارۆكه‌ى دوزخورماتوو سه‌تان خانووى هاووڵاتیان ده‌سووتێنن و به چوونه ناو شارى كه‌ركووك سه‌تان هاووڵاتى مه‌ده‌نى شه‌هید و بریندار ده‌كه‌ن، به‌رپرسانى سنووره‌كه ئاشكراى ده‌كه‌ن كه هاووڵاتى مه‌ده‌نى له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه سه‌ربڕدراون.
بێستون ژاڵه‌یی به‌رپرسی كاروباری مرۆیی له ئیداره‌ی گه‌رمیان، به "وشه" راگه‌یاند، نزیكه‌ی هه‌زار خێزانی شارۆكه‌ی دوزخورماتوو له پاش داگیركردنی شارۆكه‌كه‌یان له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه، روویان كردۆته ناوچه جیاجیاكانی سنوری گه‌رمیان، به‌تایبه‌ت هاتونه‌ته شارۆكه‌ی كه‌لار و شاره‌دێی نه‌وجولی سه‌ر به شارۆكه‌ی كفری.
له دوو رۆژى رابردوودا میلیشیاكانى حه‌شدى هاتنه ناو شارۆكه‌ى دوزخورماتوو، پاشان كه‌ركووك و خانه‌قین و شنگال، له‌و ناوچانه‌دا تاوانى مرۆییان به‌رامبه‌ر به هاووڵاتیانى مه‌ده‌نى ئه‌نجامدا.
بورهان محه‌مه‌د یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه له سنووره‌كه، به "وشه"ی راگه‌یاند، "چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی له‌كاتی داگیركردنی ناوچه‌كه ده‌ستیان له‌كه‌س نه‌پاراستووه و به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه گوله‌یان ناوه به هاووڵاتییانه‌وه".
د. دیندار زێبارى سه‌رۆكى كۆمیته‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ "وشه"ى دووپات كرده‌وه، به‌هۆى چوونى حه‌شدى شه‌عبى بۆ ناو كه‌ركووك، زیاتر له 35 هه‌زار خێزان له كورد و عه‌ره‌ب و توركمان ئاواره بوون.
ئه‌و ده‌ڵێ، "ئه‌وان ترسییان له حه‌شدى شه‌عبى هه‌یه و زۆرێكیشیان به ئاسانى ناگه‌ڕێنه‌وه، له‌كاتێكدا 600 هه‌زار عه‌ره‌بى دیاله و سه‌لاحه‌دین له ترسى حه‌شدى شه‌عبى تا ئێسته ئاماده نین بۆ شوێنه‌كانى خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه".
زۆرترین تاوانكارییه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى له شارۆكه‌ى دوزخورماتوو كراون، به‌گوته‌ى محه‌مه‌د فایه‌ق به‌رپرسى راگه‌یاندنى قایقامیه‌تى خورماتوو، "ئه‌وه‌ى زانیاریمان هه‌یه 27 هاووڵاتى كه له‌ناویاندا پێنج پۆلیسى به‌رگرى فریاكه‌وتن هه‌یه، له‌لایه‌ن چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه به دیل گیراون و چاره‌نووسیان دیار نییه، جگه‌له‌وه‌ى به ده‌یان هاووڵاتى تر شوێن‌بزر كراون".
زیاتر ده‌ڵێ، "سه‌تان ماڵى هاووڵاتیان سووتێنراوه و خانووه‌كانیان رووخێنراوه، ئه‌وه له‌پاڵ سه‌تان دووكان و فرۆشگه‌ى كوردان له خورماتوو، له‌هه‌مان كاتدا چه‌ندین هاووڵاتى مه‌ده‌نیش كوژراون".
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى ته‌ناهى بۆ "وشه"یان دووپات كرده‌وه، كه دوو هاووڵاتى مه‌ده‌نى له ناو شارۆكه‌ى دوزخورماتوو له‌لایه‌ن چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه سه‌ربڕدراون، به‌رپرسه‌كه‌ى راگه‌یاندنى قایمقامقامیه‌تى خورماتوو، ئاماژه به یه‌كێك له‌و حاله‌تانه ده‌كات و ده‌ڵێ، "گه‌نجێك به‌ناوى شاهێن پاش ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه ده‌گیرێت، ده‌موچاوى ده‌شێوێنرێت و پاشان سه‌ر ده‌بڕدرێت".
لاى خۆشییه‌وه، عه‌قید كاوه مه‌لا په‌روێز به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى دوزخورماتوو بۆ "وشه" ئاماژه‌یدا، "حه‌شدى شه‌عبى له سنوورى خورماتوو 200 ماڵى سووتاندووه و 17 ته‌رمى هاووڵاتیان له یه‌ك شوێن كه‌وتوون".
زیاتر ده‌ڵێ، "كوردانى دوزخورماتوو هه‌موو ئاواره بوون، ئه‌وه‌ى ماوته‌وه كوژراوه، جگه له‌وانه‌ى له‌گه‌ڵ خۆیان بوون".
به‌گوێره‌ى داتاكانى "وشه"، له دوو رۆژى رابردوودا، نزیكه‌ى 100 هاووڵاتى مه‌ده‌نى له‌لایه‌ن چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه له‌و ناوچانه‌دا كوژراون و زیاتر له 200 هاووڵاتى تریش بریندار كراون.
سه‌رۆكى كۆمیته‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دووپاتى ده‌كاته‌وه، "ژماره‌ى قوربانیانى رووداوه‌كه‌ى كه‌ركووك به سه‌تانه، خه‌ڵك كوژراوه و بزر كراوه".
به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌تى پزیشكى له نه‌خۆشخانه‌ى كه‌ركووك دۆسیه‌ى هه‌موو ئه‌و هاووڵاتییه مه‌ده‌نییانه‌ى له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه له‌ناو كه‌ركووك كوژراون، بۆ دۆسیه‌ى سه‌ربازیى گۆڕدراوه.
سه‌رچاوه تایبه‌ته‌كه‌ى "وشه" ئاشكراى كرد، "تا ئێواره‌ى دوێنێ دووشه‌م، ته‌رمى 84 كه‌س گه‌یشتوونه‌ته نه‌خۆشخانه‌ى كه‌ركووك و له‌ناویاندا 67 هاووڵاتى مه‌ده‌نى هه‌بوون، به‌ڵام دۆسیه‌كانیان بۆ سه‌ربازى گۆڕدرا".
روونى كرده‌وه، "دوو به‌رپرسى پۆلیسى كه‌ركووك و حه‌شدى شه‌عبى هاتنه ناو نه‌خۆشخانه‌كه و داوایان كرد دۆسیه‌ى مه‌ده‌نییه‌كانیش هه‌ر به سه‌ربازى بنووسرێت و تۆمار بكرێت"، ئه‌وه‌ش گومان ده‌كرێت بۆ شاردنه‌وه‌ى ئه‌و راستییه بێت كه له‌لایه‌ن میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه هاووڵاتییانى مه‌ده‌نى كوژراون.
تاڤگه عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى یاسایى له ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ له هه‌رێمى كوردستان بۆ "وشه" باسى له‌وه كرد، "له به‌رامبه‌ر پێشێلكارییه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى به‌رامبه‌ر به هاووڵاتیان له كه‌ركووك و ناوچه‌كانى تردا، به‌نووسراوى تایبه‌ت هه‌موو رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و كونسوڵخانه‌كانمان ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه".
زیاتر ده‌ڵێ، "هه‌ر هاووڵاتییه‌ك لاى ئێمه سكاڵا له به‌رامبه‌ر هه‌ر تاوان و پێشێلكارییه‌ك تۆمار بكات، ئێمه به‌دواداچوونى رژدى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین".
به‌شێك له‌و هاووڵاتیانه‌ى ئێواره‌ى دوێنێ له كه‌ركووك به‌ده‌ست حه‌شدى شه‌عبییه‌وه بریندار كراون، گه‌یه‌نراونه‌ته نه‌خۆشخانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك فاخیر كرمانجى به‌رپرسى راگه‌یاندنى ته‌ندروستى هه‌ولێر ئاماژه‌ى بۆ كرد، "هه‌شت هاووڵاتى بریندار له كه‌ركووكه‌وه گه‌یه‌نراونه‌ته نه‌خۆشخانه‌كانى هه‌ولێر به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ر كردن".
وشه/ رامیار، بڵند و سه‌بری هۆرینی