بەرشەلۆنە بەسەربەخۆیی كەتەلۆنیاش خولی ئیسپانیا جێناهێڵێ

:: AM:09:35:23/10/2017 ‌

جۆسیپ ماریا بارتومیۆ سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرای كرد كە ئارەزووی بەردەوامبوونیان لە خولی ئیسپانیا هەیە تەنانەت ئەگەر هەرێمی كەتەلۆنیاش سەربەخۆیی خۆی رابگەینێ.

ئیسپانیا ئێستا تووشی قەیرانێكی گەورە بووتەوە بەهۆی خواستنی هەرێمی كەتەلۆنیا بۆ جیابوونەوە و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، هەرچەندە هەرێمەكە بەسەركەوتویی پڕۆسەی ریفراندۆمی ئەنجامدا، بەڵام ئیسپانیا دانی پێدانانێ.

سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە پێشتر رایگەیاندبوو كە چارەنووسی یانەكەیان بەدەست ئەندامانی یانەكەیانەوەیە، بەڵام دوێنێ یەكشەم لە لە كۆبوونەوەی ساڵانەی یانەكەیدا جەختی كردەوە كە مانەوە لە خولی ئیسپانیا بە باشترین بژاردە دەزانن.

بارتومیۆ رایگەیاند: ئەنجوومەنی كارگێڕی یانەی بەرشەلۆنە هەمیشە باشترین بژاردە هەڵدەبژێرن و سەبارەت بە سەربەخۆیی هەرێمی كەتەلۆنیاش زۆرینەی ئەندامان پێیان باشە هەر لە ركابەرییەكانی خولی ئیسپانیا بمێنینەوە.

ئاماژەی بەوەشدا كە مانەوەی یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا مسۆگەرە، چونكە ئەمە بژاردەی زۆرینەی ئەندامانی دەستەی كارگێڕی یانەكەیە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر خافیێر تیباس سەرۆكی یەكەتیی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا ئاشكرای كردبوو لە ئەگەری جیابوونەوەی هەرێمی كەتەلۆنیا لە خولی ئیسپانیا، هیچ شوێنێك بۆ یانەكانی هەرێمەكە بەتایبەتیش یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا نامێنێتەوە، چونكە مانەوەیان پێچەوانەی دەستووری وڵات دەبێت.

لەمبارەیەشەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كەتەلۆنیا رایانگەیاندبوو كە دوای سەربەخۆیی، یانەی بەرشەلۆنە لە خولێكی تری دەورووبەر كە رەنگە خولی ئینگلیزی یان فڕەنسی یانیش ئیتاڵی درێژە بە ركابەرییەكانی تۆپی پێی بدات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م